ترەمپ لە هەژماری خۆیدا لە (تویتەر) نووسیویەتی “ئێران هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كرد”.

خستنە خوارەوەی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كەی وڵاتی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، هەرایەکی گەورە دەنێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خستنە خوارەوەی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كەی وڵاتەكەی لەلایەن ئێرانەوە، بە توندی هەڕەشەی لەو وڵاتە كرد و رایگەیاند هەڵەیەكی گەورەیان كردووە.
ترەمپ لەمبارەیەوە لە هەژماری خۆیدا لە (تویتەر) نووسیویەتی “ئێران هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كرد”.
به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی سنووری ئاسمانی ئێرانی به‌زاندووه‌، بەم هۆیەوە سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌كی ئێران، فڕۆكەكەی خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌.
فڕۆكە ئەمریكیەكە لە پێشكەوتووترین فڕۆكە سیخوریەكانی جیهانە و ژمارەیەكی دیاریكراوی لێ دروست كراوە، نرخی هەر دانەیەكی زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئه‌مریكا ڕه‌تی كردووەته‌وه‌ فڕۆكه‌كه‌یان سنووری ئاسمانی ئێرانی به‌زاندبێت، به‌ڵام خستنه‌ خواره‌وه‌ی له‌ لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ پشتڕاست كراوه‌ته‌وه‌، پێدەچێت ئەم ڕووداوە گرژییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بباتە دۆخێكی توندترەوە.

تعليقات