خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئاو:

خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئاو:


جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بەسەر ئاودا دەڕۆیشت، وەکوو ئاوی دەریا و ڕووبار و ئەوەی لەوان دەچێ، نیشانەی هێز و پێزی ئیمان و بیروباوەڕی پاکی ئەو کەسەیە.

ئەگەر بینی کە لە ئاوی خاوێن و زوڵال و ڕەوانی دەخواردەوە، نیشانەی تەمەن درێژییە و ژیان و گوزەرانی خۆش و باش دەبێت.

ئەگەر بینی ئاوی سوێری دەخواردەوە، ئەوا بە پێچەوانەوەی ئەوی تر لێک دەدرێتەوە.

ئەگەر بینی کە لە ئاوی دەریا، ئاوی زوڵاڵ و ڕەوانی خاوێنی دەخواردەوە، واتە بە ئەندازەی ئەو ئاوە، ماڵ و نیعمەت لە فەرمانڕەوایەتیدا دەبینێتەوە و پێی دەگات.

ئەگەریش هەموو ئاوی دەریاکەی خواردەوە، نیشانەی ئەوەیە دەبێتە حاکم و فەرمانڕەوا و هەموو دونیا دەگرێتەوە، هەندێک دەڵێن بە قەدەر ئەوەی کە ئاوی دەریای نۆش کردووە، گەورەیی و ماڵ و نیعمەتی دەست دەکەوێت، ئەگەر ئاوەکە روون و ساف بوو، بەڵام ئەگەر تاڵ و لێڵ بوو و شێوا بوو، هەرچی پێی دەگات، بە ترس و ڕەنج و زەحمەت و ناڕەحەتی دەستی دەکەوێت.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی ئاوی گەرمی ڕژاند بە جۆرێک کە ئاگای لێ نەبوو، نەخۆش دەکەوێت یان خەمێکی گران و هەواڵێکی ناخۆشی پێ دەگات.

ئەگەر بینی کەوتە ناو ئاوەوە، گرفتاری ڕەنج و ئازار و خەم و خەفەت دەبێت، ئەگەریش بە جامۆڵکە و دەفر، ئاوی هەڵگۆزی، فڕیوی ماڵ و ژیانی دونیا دەخوات.

ئەگەر بینی لە کاسەی شووشەی ئاوێنەییدا، ئاوی دایە ژنەکەی، ئاوی کاسەی بلووری، نیشانەی کۆرپە و منداڵە لە سکی دایکدا.

ئەگەر دیتی بە بێ بەرامبەر، ئاوی دەدا بە خەڵک، لە دونیا و دوواڕۆژدا خێری ئەو دەگات بەو خەڵکە و شوێنی تێکدراو و کەلاوە و نائاوەدانی ئاوەدان دەکاتەوە.

ئەگەر بینی چووە ماڵێکەوە کە ئاوی تێدا ڕژابوو، تووشی بیر کردنەوە و خەمباری دەبێت.

ئەگەر بینی وەکوو شێوەی سەگ، ئاوی ساف و زوڵاڵی ناو پیاڵەیەکی دەخواردەوە، واتە بە خۆشی و کامەرانی، ژیان دەگوزەرێنێت، بەڵام ئەگەر کارێک بکا کە بەڵا و دووبەرەکی بگاتێ، ئەوا ئەو ماڵ و موڵکەی کۆی کردووتەوە، بە تۆزە تۆزە و وردە وردە دەیبەخشێت بە خەڵک و دەیاندات بە خێر.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر کاتێک ئاوەکان زیادی کرد، ئەوا ئەو ساڵە خۆش و پڕ بەرەکەت دەبێت.

ئەگەریش بینی کە ئاوێکی زۆر ڕوودەچوونە ژێر زەوی و زەوی هەڵیدەلووشی، خەڵکی لەو ساڵەدا ساغ و سەلامەت دەبن و لە بەڵا و پەتا دوور دەبن.

ئەگەر بینی ئاو بەسەر خەڵکیدا دەهاتە خوارەوە، ئەوا ئەو ساڵە خۆش و پڕ بەرەکەت دەبێت لەو ناوچە و لەو وڵاتەدا.

ئەگەر بینی ئاوی لێڵ لە ماڵەکەی ئەودا وەستاوەتەوە بە پێچەوانەوە لێک دەدرێتەوە.

دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: ئاوەدانی باغ و زەوی کشتوکاڵی لە جۆگە و رووبارەکان، نیشانەی ماڵ و سامان و ڕزگاربوونە لە خەم و خەفەت و ناخۆشی و ئاوەدانی خەڵک، نیشانەی ئایین و بیروباوەڕ و کرداری چاکە و پەسەند کراوە.

ئەگەر بینی چووە ژێر ئاو و جەستەی بەهێز بوو، کارێکی لێ ئاشکرا دەبێت.

ئەگەر بینی چووە ناو ئاوێکی ساف و ڕوون و جەستەی داپۆشرابوو، نیشانەی بەهێزی ئیمان و بیروباوەڕە و پشت بەستن بە خودای پەروەردگار و مانەوەیە لە کارەکەیدا.

ئەگەر ئاوی ڕوونی پێدا ڕژا، لە لایەن کەسێکەوە خێر و سوود و چاکەی پێدەگات.

ئەگەر ئاوی لێڵی پێدا ڕژا، بە پێچەوانەوە لێک دەدریێتەوە.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: چوونە ناو ئاو لە خەودا، لێکدەرەوانی خەو بە پێنج شێوە لێکی دەدنەوە.

یەکەم: بیروباوەڕی تەواو (یەقین). دووەم: هێز و پێز. سێیەم: کاری دژوار. چوارەم: هاودەمی و هاونشینی و پێکەوە ژیان. پێنجەم: کار و پڕۆژە لە لایەن بەرپرسی شارەوە.



تعليقات