درێژەی بابەتی بەشی حەڤدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ سەرەتای نەهامەتی کوردە فەیلییەکان:

درێژەی بابەتی بەشی حەڤدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ سەرەتای نەهامەتی کوردە فەیلییەکان:


کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەکان پەیوەستە بەو ململانێ سیاسیە دوور و درێژەی نێوان هەر دوو دەوڵەتی عوسمانی تورک و سەفەوی ئێرانی، کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان دووکەوتەی سەفەوی و عوسمانی.

زۆر لە شیعە عێراقییەکان بە دووکەوتەی ئێرانی ناونووسکران، کە لەناویاندا کوردە فەیلییەکان بوون لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ڕووبەڕووی جیاکردنەوە، واتە: (هاوێڵکردن) بوونەتەوە لە گەڵ توێژ و چینەکانی تری کۆمەڵگەی عێراق.

لە ساڵی ١٩٢٤ی.ز یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لەسەر دابەشکردنی گەلی عێراق کردەوە بۆ سێ بەش لە سەر بنەمای ئایین و نەتەوە.

کوردە فەیلییەکان لەبەر ئەوەی لە پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە مەزهەب بوون، بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناو نووسکران، بۆیە بە بەردەوامی کەوتنە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی عێراقەوە.

لە گەڵ دەست بەسەر داگرتنی دەسەڵات، لە لایەن بەعسییەکانەوە، لە ساڵی ١٩٦٨ی.ز بە دوواوە، کوردە فەیلییەکان ڕووبەڕووی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لە ناوبردن بوونەوە.

لەسەرەتای حەفتاکان ڕژێم نزیکەی (٤٠،٠٠٠-چل هەزار) کوردی فەیلی ڕاگوێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد، بە بیانۆی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە.

لە درێژەی پێدانی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستییە، لە ساڵی ١٩٨٠ی.ز بە پێی بریاری ژمارە (٦٦٦)، مافی هاوڵاتیبوونی لێسەندنەوە، ئینجا دەست بەسەر ماڵ و سامانیان داگیرا.

ئەنجامی لەناوبردنی ئەو توێژە ڕەسەنەی گەلی کورد، بۆ بنبڕکردنی کورد بوو لە بەغدا و شوێنە عەرەبنشینەکانی عێراق، ژمارەیەکی ئێگجار زۆریان بەوپەڕی ڕەفتاری دڕندایەتی و نامڕۆڤانەوە، بە زەوتکردنی ژن و کوشتنی پیاو و منداڵەکان دەستیپێکرد، کە لە مێژوو کەم وێنە بووە.

سەرەڕای ئەم هەموو زۆردارییەی کە بەرامبەریان دەکرا، هەر بەوە نەوەستان بەڵکوو دەستکرا بە ڕەشبگیرکردنی هەزاران گەنجی فەیلییەکان وەک بارمەتە، کە تا ئێستا بێسەروشوێنن و هیچ زانیاریەکیان لە بارەوە نازانرێت.

ڕژێم چەمکی ڕەچەڵەکی ئێرانی کردە بیانۆ بۆ ڕاگواستنیان، بە کۆمەڵ لە ناوچەکانی بەغدا و شار و شارۆچکەکانی تری عێراق، دوریخستنەوە بۆ سنوورەکانی عێراق–ئێران، لە پێش و لە دووای جەنگی (١٩٨٠-١٩٨٨ی.ز) بە بێ گوێدانە هیچ یاسا و مافێکی مێژووی ئەم گەلە.

ساڵی (١٩٨٠ی.ز) وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیارێکی دەرکرد بە دوورخستنەوەی ئەو کەسانە کە بە ڕەچەڵەک ئێرانین و لە عێراقدا دەژین، ڕەگەزنامەی عێراقییان نییە.

لە چوارچێوەی ئەم بڕیارە ئەو گەنجانە کە تەمەنیان لە نێوان (١٨-٢٨) ساڵدا بوو، وەک دسبەسەر لە لای ڕژێم مانەوە، ئەوانی تریش بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوور خرانەوە، بڕیارەکە جەختی کردەوە هەر کەسێک بیەوێت بۆ عێراق بگەڕێتەوە دەبێ گوللە باران بکرێت.

لە میانەی چەوساندنەوەی توندوتیژی، سەرۆکی پێشووی عێراق، واتە: (سەدام حسێن)، داهێنانێکی نوێی هێنا کایەوە، ئەوەی پیاوەکەی عێراقییە و ژنەکەی فەیلییە دەبێ لێی جیاببێتەوە، بەرامبەر بە (٤،٠٠٠-چوار هەزار دینار) ئەگەر سەرباز بێت، (٢،٥٠٠-دوو هەزار و پێنج سەد دینار) ئەگەر سڤیل بێت.

لە میانەی بەردەوامبوونی سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد، تەنیا لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٠ی.ز، (٥،٠٠٠-پێنج هەزار) کوردی فەیلی بە کۆمەڵ لە ناوبران.

بە پێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی (٤٠٠،٠٠٠-چوارسەد هەزار) هاوڵاتی فەیلی بوونە قوربانی ئەم سیاسەتەی ڕژێم بە کوژرا و ڕاگوێزراوەوە.

لە دووای ڕووخانی رژێم لە ساڵی (٢٠٠٦) یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی ١٩٨٠ی.ز پووچەڵکردەوە، کە پەیوەست بوو بە سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی لە لایەن ڕژێمی پێشوو.

ژمارەیەک توانیان مافەکانیان بە دەست بهێننەوە، بەڵام ژمارەیەکیان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو مافانە بەدەست بهێننەوە، چونکە بۆ گێڕانەوەی مافەکانیان پێویستیان بە بەڵگەنامە هەیە کە ڕەچەڵەکی عێراقی خۆی بسەلمێنێ، دەبێ لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ی.ز ناونووس کرابێت، بەڵام خەڵکێکی زۆر بەڵگەنامەکانیان نەماوە، لەبەر ئەوەی ڕژێم لە کاتی شاڵاوەکانی دەرکردن و گرتنەکان، هەمووی لەناو بردووە.



تعليقات