کورتە مێژوویەک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر:

کورتە مێژوویەک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر:


ئەشکەوتی شانەدەر بە یەکێک لە بە ناوبانگترین ئەشکەوتە دێرینەکانی سەر ئاستی کوردستان و جیهان ناسراوە، دەکەوێتە داوێنی چیای برادۆست لە دەڤەری بارزان بە دووری (١٢٥ کم) لە شاری هەولێر و (٧٦٧م) لە سەر رووی ئاستی دەریاوە بەرزە.

لە ساڵەکانی (١٩٥١ -١٩٦٠ی.ز) لە لایەن نێردەیەکی شوێنەوار ناسی زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکی و بە سەرپەرشتی شوێنەوار ناسی بەناوبانگ (رالف سوڵکی) ئەم ئەشکەوتە هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ کراوە.

ئەم هەڵکۆڵینە تا قوڵای (١٤م) ڕۆیشتووە بۆ چوار چینی شارستانی ( ئای – بی – سی – دی A B C D) لە سەرەوە بە خوارەویدا چاخەکانی بەردینی کۆن و ناوەند و نوێی لە خۆ گرتووە، لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئێسکە پێکەر دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ (٦٠،٠٠٠ – ٨٠،٠٠٠) ساڵ پێش ئێستا.

ئەم هەڵکۆڵینە زانیاری گرنگیان دەربارەی سرووشتی لایەنەکانی ژینگە و ئابووری و مرۆی چاخە بەردینە کۆنەکانی ناوچەی برادۆستی خستە ڕوو.ئەنجامی لێکۆڵینە زانستییەکان ئەوەیان چەسپاند، شانەدەر کۆنترین جۆری ئادەمیزاد لەو ئەشکەوتە ژیابێت ئەمەش بە هۆی دابین بوونی گوزەرانی و سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ژیان لەو ماوەیەدا.

لە ڕووی سرووشتی پێکهاتەکانیشەوە دەرگای چوونە ژوورەوەی لە شێوەی سێگۆشەیەکی فراوان بە پانی (٢٥م) و بەرزی (٨م)، ئەمەش وایکردووە تیشکی خۆر بە درێژای ڕۆژ بچنە ناو ئەشکەوتەکە و بۆ حەوانەوەی مرۆڤ بگونجێ، بەتایبەت لە کاتەکانی سەرمای زستانی چاخە بەردینە کۆنەکان.

بۆ ئاشنا کردنی نەوەکان بە گرنگی ئەشکەوتەکە و دۆزینەوەکانی رالف سوڵکی سێ پەرتووکی دەربارەی شانەدەر نووسیوە، یەکێک لەو پەرتووکانە بە ناوی (شانەدەر یەکەمین میللەتی گوڵ)ە، کە تێدا گرنگی و هەبوونی ئەشکەوتەکەی خستووەتە ڕوو.



























تعليقات