فەرەیدوون زاکری نەسەب، بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر بینای پەرلەمانی ئێران و گۆڕی خومەینی حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

وەرزشوانێکی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە تاوانی هێرش بۆ سەر بینای پەرلەمانی ئێران و گۆڕی خومەینی حوکمی سێدارەی بەسەر سەپێندرا.


یەکێکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی دۆسیەی هێرش بۆ سەر بینای پەرلەمانی ئێران و گۆڕی خومەینی، لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.
ڕۆژی یەکشەممە (٥ی ڕەشەمەی ٢٧١٨/ ٢٤ی فێوریەی ٢٠١٩) فەرەیدوون زاکری نەسەب، تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان و هاوکاری ئەنجامدەرانی هێرش بۆسەر پەرلەمانی ئێران و گۆڕی خومەینی لە ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٦ کە بووە هۆی کوژرانی ١٧ کەس و بریندار بوونی ٥٠ کەسی دیکە، حوکمی سێدارەدانی بەسەردا سەپا.
ئەو حوکمە لەلایەن دادگای شۆرشی تاران و لەلایەن قازی سەڵەواتیەوە دەرکرا.
فەرەیدوون زاکری نەسەب ١٨ مانگ پێش ئێستا و لە ڕەوتی دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد دوای ئەو هێرشە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو بەرپرسی کۆمیەتی (کۆنگ فۆتۆئای) پارێزگای کرماشان بوو و هەڵگری بروانامەی ماستەری هەیە لە بواری کارگێڕی بازرگانییەوە.
پێشتر و لە ڕۆژی شەممە (١٦ی پووشپەڕی ٢٧١٨/ ٧ی ژوئیەی ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی ٨ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پارێزگای کرماشان هەر بەو تۆمەتە جێبەجێ کرابوو.
سەرچاوەی هەواڵ: هەنگاو

تعليقات