“ئارەزوو میرەکی” بە نێوبژیوانی نوێنەرانی فیدراسیۆنی جیهانی وەرزشی کۆبۆ لە ئێران و هەرێمی کوردستان ئازاد کرا.

ئیتلاعاتی ئێران بە نووسراوە بەڵێنیان لە ئارەزوو وەرگرتووە کە جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان نەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە (٥ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٢٤ی فێوریەی ٢٠١٩)، ئارەزوو میرەکی وەرزشوانی خەڵکی سنە کە دوو حەفتە پێش لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو بە نێوبژیوانی نوێنەرانی فیدراسیۆنی جیهانی وەرزشی کۆبۆ لە ئێران و هەرێمی کوردستان، ئەو کچە کوردە ئازاد کرا.
دوای ئەوەی “ئارەزوو میرەکی” ماوەیەک پێش ئێستا لە شاری سۆرانی هەرێمی کوردستان لە یارییەکی کیک بۆکسینگدا سەرکەوتبوو بە سەر یاریزانێکی ئێرانی و ئاڵای کوردستانی هەڵکردبوو، لە لایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی میرەکی تەمەن ٢٠ ساڵ وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، گوتیان: ئیدارەی ئیتلاعات بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاو کردنەوەی وێنەکانی ئەو یارییە لە ئینیستاگرامی خۆی دەستبەسەر کراوە و ئەمڕۆ ئازادکراوە، بەڵام مۆبایلەکەی لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەو ناوەندە ئەمنییە بە نووسراوە بەڵێنیان لە ئارەزوو وەرگرتووە کە جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان نەکات.
چەند مانگ پێش ئێستا یانەی کێبڕکێیەکی وەرزشی لە نێوان یانەی کیک بۆکسینگی ئیسفەهان و یانەی سۆران بەڕێوە چوو و ئارەزوو میرەکی وەکوو یاریزانێکی یانەی سۆران لە بەرانبەر یانە ئێرانییەکە کایەی کردبوو و سەرکەوتنی بە دەست هێنا.
سەرچاوەی هەواڵ: هەنگاو

تعليقات