بەشی حەفتا و پێنجەمی مێژوو؛ دەقە بزماریەکان:

لە دۆڵی دووئاوان، نزیکەی دوو ملیۆن دەقی بزماری دۆزراونەتەوە.


دەقەکان چەندین لایەنی ئابووری و ئایینی و ئەدەبی و یاسایی و کارگێڕی و ژمێریاری و چەرخناسی و دەقی بەخت ناسین و هەسارەناسی و پەند و دەقی تریان گرتووەتە خۆ لەوانە:
ئەلف: دەقە ئەدەبییەکان بە بەراورد لەگەڵ دەقەکانی تر کەمترن. دەقە ئەدەبییەکان داستان و ئەفسانەیان تێدایە..ئەم دەقانە درێژ بوون، لەسەر زیاتر لە لەوحێک یان تابلۆیەکی قۆڕ نووسراون.
بەناوبانگترین دەقە ئەدەبییەکان وەکوو داستانی (بەدیهێنانی بابلی-الخلیقة البابلیة) کە باس لە جیهانی خواوەندەکان و دامەزراندنی گەردوون و خەڵقی مرۆڤ دەکات بە شێوازی هەڵبەست لەسەر حەوت تاتە قوڕ نووسراوە، لە کتێبخانەیەکی (نەینەوا) دۆزراوەتەوە.
هەروەها وەک (داستانی گەلگامش) کە باس لە مرۆڤ دەکات، سیفەتی لە مرۆڤ بە دەری دەخاتە پاڵ، بە شێوازی هەڵبەست لەسەر ١٢ تابلۆی قوڕ نووسراوە.
ئەم داستانە باسی (گەلگامش) پاشای وەرکا و برادەرەکەی (ئەنکیدو) و پاڵەوانەتییان دەکات..باس لە نەخۆش کەوتن و مردنی (ئەنکیدو) و نیگەران بوونی گەلگامش بەم ڕووداوەوە و هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنی لە (مردن) دەکات، بەڵام بێکەڵک بوو.
لەم داستانەدا سۆزی مرۆڤایەتی لە نموونەی دۆستایەتی و وەفاداری دەردەخات و نەمری مرۆڤ لە بەرخودان و خزمەتکردنی نەتەوەدا دەنوێنێت، واتا نەمری مرۆڤ لە کارە خزمەتگوزاریەکانیدایە.
جگە لە دەقەکانی سەرەوە، دەقی ئەدەبی لە شێوەی ئەدەبی ژیری و پەند و ئامۆژگاری بەرچاو دەکەوێت، لەو دەقانە: 
((نەتەوەی بێ پاشا وەکوو مێگەلی بێ شووان وایە)).
(( گوێڕایەڵی دایکت بە هەر وەکوو چۆن فەرمانی خودا بەجێ دەهێنیت)).

چەندین دەقی تر هەیە، کە دادوەری خواوەند پیشان دەدات وەکوو داستانی (ئەیوبی بابلی)..
بە- یاساکان: بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵ و چارەسەکردنی گرفتەکانی هاوڵاتی و دەستنیشانکردنی ئەرک و مافەکانی و نەهێشتنی دەست درێژی، پاشا و حوکمڕانەکان لە دۆڵی دووئاوان ڕاهاتبوون چاکسازی و یاسا داڕێژن.
پێشەکی یاساکان ئاماژە بە شکۆمەندی خواوەندەکان دەکات، پاشا کە یاسا دادەڕێژێت، ئارەزووی خواوەندەکان بەجێ دەهێنێت، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی دادوەری و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوان.
هەرچی کۆتایی یاساکانە، ئەوە باسی لە دەستکەوتەکانی پاشا یان دانەری یاساکان دەکات لەگەڵ بانگەواز کردن بۆ پاراستن و لانەبردنی یاساکە هەروەها هەڕەشەیشی لەو کەسانە دەکات کە دەستکاری یاساکان دەکەن بەوەی کە خواوەندەکان بەڵایان بەسەردا دەبارێنێ.
میری بنەماڵەی لەگشی سۆمەری ئورونمیکینا(ئورکاجینا) یەکەمین جاڕنامەی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە دەورووبەری ساڵی ٢٤٠٠پ.ز بڵاو کردەوە. بەمەبەستی نەهێشتنی دەست درێژی بۆ سەربێ دەسەڵات و هەژارەکان، هەروەها باجی کەمکردەوە، مافەکانی بۆ مافە پێشێلکراوەکان گەڕاندەوە و ئازادی پێ خەشین.
لەو یاسانە کە بەدەست توێژەرەوەکان گەیشتووە:
١- یاسای ئورنەمو ٢١١٣- ٢٠٩٦ پ.ز:
کۆنترین یاسایە کە تاکوو ئێستا دۆزراوەتەوە. ئەم یاسایە بە زمانی سۆمەری تۆمار کراوە، ٣١ بەندی یاسیای تێدایە.لەگەڵ کۆتاییەک، هەندێک لە بەندەکان ناخوێندرێتەوە، چونکە ڕزیون، ئەم یاسایە بنەمای پێ بژاردنی بۆ سزادان بەکارهێناوە، ئەمەش بەڵگەی شارستانیەتی کۆمەڵی سۆمەرییە- ئەمەش لە بەندی ١٥ دا هاتووە:
((ئەگەر پێاوێک پێی کەسێکی تری بڕی ئەوە لەسەریەتی ١٠ شیقلی زیو بداتە زەرەر لێکەوتووەکە)).
٢- یاسای (لبت عەشتار): ١٩٣٤- ١٩٢٤ پ.ز:
پێنجەمین پاشای بنەماڵەی (ئیسن)ە. یاساکەی بە زمانی سۆمەری داناوە. مەزەندە دەکرێت ئەم یاسایە ١٠٠ بەندی گرتبێتە خۆ. بەڵام تەنها ٣٧ بەند گەیشتووەتە دەستی توێژەرەوەکان.
بەندەکان لە بەندەکانی یاسای (ئورنەمو) دەچێت. چونکە (بژاردن) لێرەشدا هەیە.
٣- یاسای ئەشنۆنە:
دەگەڕێتەوە مەملەکەتی ئەشنونە لە دەڤەری(دیالە).کۆپییەکی ئەم یاسایە لە گردی (حەرمەل) لە نزیکی (بەغداد)ی ئێستا دۆزرایەوە. پێشەکیەکەی بە زمانی سۆمەری نووسراوە، هەرچی ٦٠ بەندی یاساکەیە، ئەوە بە زمانی ئەکەدی نوووسراوە. کاریگەری شارستانیەتی سۆمەری زۆر بە ڕوونی لەم یاسایەدا دیارە. دیسان سەرەتای (بژاردن- التعویض)لێرەشدا هاتووە.
٤- یاسای حەمورابی: ١٧٩٢-١٧٥٠ پ.ز:
ڕێکترین و پێشکەوتووترین یاسای دۆزراوەی ئەم سەردەمانەیە.
ئەم یاسایە لەسەر میلێک لەبەردی (دیورایت)ی ڕەش، تۆمارکراوە.
لەشاری (سوسە) پایتەیختی وڵاتی( ئیلام)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٩٠١ دۆزراوەتەوە.
وادیارە ئیلامیەکان پاش پەلاماردانی (بابل) وەکوو تاڵانێک لەگەڵ خۆیان بردوویانەتە ئەوێ.
بەرزی میلەکە (٢٢٥سم)ە، (تیرەکەی ٦٠سم)ە لە سەرووی میلەکە، وێنەی خواوەندی ڕۆژ کێشراوە لەسەر کورسی خۆی دانیشتووە، حەمورابی بەرامبەری کڕنۆشی بردووە.
ئەم میللە ٤٤ بڕگەییە نووسینی بە زمانی ئەکەدی تێدایە.
پێشەکی بە شێوازێکی ئەدەبی هەڵبەست ئامێز نووسراوە. کۆتاییەکەی بە شێوازێکی نزیکتر لە زمانی یاسا نووسراوەتەوە بەندەکان کە ژمارەیان ٢٨٢ بەندە، هەموو بابەتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازیان چارەسەرکردووە.

دەکرێت یاسای حەمورابی بەم شێوەیە پۆلێن بکرێت:
بەشی یەکەم: دادوەری (بەندی١-٥)

بەشی دووەم: ماڵ و موڵک (بەندی٦- ١٢٦)
بەشی سێیەم: باری کەسی (بەندی ١٢٧- ٢١٤)
بەشی چوارەم: کرێ (بەندی ٢١٥- ٢٧٧)
بەشی پێنجەم: کۆیلە (بەندی ٢٧٧ – ٢٨٢)

وێڕای زۆری بەندەکانی ئەم یاسایە، هەندێک کێشەی گرنگ هەیە باسی نەکردوون وەکوو کوشتنی قەستی و ڕفاندنی هاوڵاتیان و خیانەت لە نیشتیمان، پێدەچێ بۆ نەریت و یاسای باوی ئەو کاتە جێهێشتبێ.
لەم یاسایەدا (سزادان) بە ڕوونی دیارە بە پێچەوانەی بنەمای( بۆ بژاردن)ەوە هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باڵا دەستی (ئاموری)ە دەشتەکیەکان بەسەر عێراق و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی سۆمەریەکان بۆیە بە زەبری هێز یاساکانیشیان چەسپاندووە، هەروەها لەبەر زۆری ژمارەی دانیشتووان و بڵاوی پێشلکردنی مافی کەسانی تر ڕێوشوێنی سەرکوتکارانەیان گرتووەتە بەر هەروەک چۆن لە یاساکەشدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش نموونەیەکی ئەم یاسایەیە بەندی (٦) دەڵێت:
((ئەگەر کەسێک شتێکی لە خواوەندی کۆشک دزی، ئەو کەسە لە سێدارە دەدرێت، هەروەها ئەو کەسەش کە شتەکەی پێیەوە گیراوە، لە سێدارە دەدرێت)).

تعليقات