بەشی بیست و سێیەمی ئەدەب؛ ئەدەبیاتی کوردی سۆڤێتی( جاران)

نووسینەکانی عەرەبی شەمۆ بە زمانی ڕووسی بوون، چونکە ئەم نووسینانە بۆ ئەو زانا و ڕۆشنبیر و ڕۆژهەڵاتناسانەی ئەورووپی بوون کە گرنگیێکی تایبەتیان دەدایە لێکۆڵینەوەی کوردی بە شێوەیەکی گشتی.


لە زرووفی تایبەتی کوردی یەکێتی سۆڤێتی جاراندا، ئەدەبیاتی تازەی کوردی سۆڤێتی لەسەر بناغەی ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی دامەزرا.
گەشەسەندنی ئەو ئەدەبییاتە شان بەشانی لێکۆڵینەوە و سوود بینین لە داستانی دەوڵەمەندی نەتەوی ڕۆیشت و بوو بە یەکێک لە نیشانە ئاشکرا بەرزەکانی پلەی گەشەسەندنی ڕۆشنبیری کوردی یەکێتی سۆڤێت.
بەم جۆرە گەلێک بەرهەمی ئەدەبی وایان نووسی کە ناویان لە مێژووی ئەدەبی کوردی ئەم سەردەمەدا تۆمار بکرێت، لەمانە: عەرەبی شەمۆ، حاجی جندی، ئەمینی ئەبدال، وەزیری نادر، جاسمی جەلیل، موسەیی ئاخوندۆڤ، یوسفی بەکۆ، باخچۆیی سلۆ…هتد دیارن.
لە ناو نووسەرانی کوردی یەکێتی سۆڤێتدا، عەربی شەمۆ هەر ئەوە نییە کە لە یەکێتی سۆڤێتدا ناوبانگی هەبێت، بەڵکوو لەدەرەوەش ناوبانگێکی زۆری هەیە. عەرەبی شەمۆ دەستی بە نووسینی گوتار کرد لە بوارە جیاجیاکانی کاروباری ڕۆشنبیری کوردی و ژیانی کۆمەڵایەتی لەو گوندانەی کە کوردی ئێزیدی لێ نیشتەجێبوون، هەروەها لەبواری ئەدەب و ئامادەکردنی ڕۆژنامەی(زاریا فوستوکا-کازیوەی ڕۆژهەڵات) کاری کرد.
نووسینەکانی عەرەبی شەمۆ بە زمانی ڕووسی بوون، چونکە ئەم نووسینانە بۆ ئەو زانا و ڕۆشنبیر و ڕۆژهەڵاتناسانەی ئەورووپی بوون کە گرنگیێکی تایبەتیان دەدایە لێکۆڵینەوەی کوردی بە شێوەیەکی گشتی.
یەکێک لەبەرهەمە بە ناوبانگەکانی کە چیرۆکی (شڤانی کوردی)ەو سرووشتی (ئەفتۆبیۆگرافیا- مێژووی ژیان)ی هەیە، هەر لە ساڵانی (سیی)دا بە کوردی بڵاوکرایەوە و زوو بە زوو کرا بە ئەرمەنی و ڕووسی و ئەڵمانی.
لەساڵی (١٩٥٧)دا بە زمانی گورجی بڵاوکرایەوە و پێش ئەوەش کرابوو بە فەڕەنسی. گورج و گۆڵی (عەرەبی شەمۆ) هەر لە سەرەتاوە دیاربوو، (شڤانی کورد) و (کوردی ئەڵگەز)ی “چیایەکی کوردنیشینە لە ئەرمەنستانی سۆڤێتی“لەبەرهەمە کۆنەکانی کوردی ئەمەرمەنستانی سۆڤێتین.
لەم دوو بەرهەمەدا نووسەر ڕاستگۆیانە نەخشەی ژیانی زەحمەت کێشانی یەکێک لە ناوچەکانی کوردنشین دەکێشێت و سەختی ئەو ژیانە لە ژێر دەسەڵاتی کۆندا پیشان دەدات و وێنەی ڕەنج بەران دەکێشیت و ئەوەشمان پیشان دەدات کە چۆن ئەو ڕەنج بەریەکۆنە پەرستانە لەسەرەتای دامەزراندنی ڕژێمی سۆشیالیستدا دەبوونە بەربەستی جێنشین بوونی کوردانی کۆچەر.
لەم دوو چیرۆکەدا تەواو پەیدابوونی شارەزا و کادری کورد بەدی دەکرێت.
عەرەبی شەمۆ لە ساڵی (١٩٣١)دا یەکەم چیرۆکی سەرشانۆی خۆی بەناوی (کۆچاکێ دەرەڤین-خوا پەرستی درۆ)ەوە بڵاوکردەوە، لەوێدا پەردە لەسەر پاشماوەی پروپووچ و بیری کۆنەپەرەستی لە ناو کورددا هەڵماڵی.
هەر لەم ساڵانەدا عەرەبی شەمۆ بە نووسین و بە وەرگێڕان گەلێک نامیلکەی سیاسی و هۆشیار کەرەوەی بۆ کوردی سۆڤێتی دەرکرد.

تعليقات