بەشی حەفتەمی فەلسەفە؛ بیرکردنەوەی زانستیانە:

شۆڕشی دۆزینەوەی شوێنەوارەکان لەسەردەمی نوێدا ئەو هەڵەیەی ڕەتکردەوە کە دەڵێ (یۆنانییەکان) پێش گەلان کەوتوون لە هێنانە گۆڕیی زانستدا، ئەم ڕاستیە شارستانێتی مێزۆپۆتامیا و میسری کۆن دەیسەلمێنن .


پێوسیتە شتێ دەربارەی ئەو پەرەسەندنانەی بەسەر واتای زانستدا هاتووە بزانین، هەروەها چۆن واتای زانست بەرەبەرە بە تێپەڕبوونی سەدەکان هاتووەتە کایەوە و پێکهاتووە و چۆن بەرنامەکان و شێوازی کارکردنی زانست پێکهات، هەتا گەیشتووەتە ئەوپەڕی وەردەکاری و وریایی لە بەکارهێنانی هۆشی مرۆڤایەتیدا، لە میانەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- زانست لە کۆندا:
شۆڕشی دۆزینەوەی شوێنەوارەکان لەسەردەمی نوێدا ئەو هەڵەیەی ڕەتکردەوە کە دەڵێ (یۆنانییەکان) پێش گەلان کەوتوون لە هێنانە گۆڕیی زانستدا، ئەم ڕاستییە شارستانێتی مێزۆپۆتامیا و میسری کۆن دەیسەلمێنن سەبارەت بە داهێنان و دۆزینەوەکانی تایبەت بە ئامێرەکان و کەرەستە بەکارهاتووەکان لەبواری ڕاو و شکارە، یان چێشت لێنان یان کشتوکاڵ یان خانووبەرە یان تەون و چنین و ڕستن و شتی دی لەم بابەتانە….
تەنیا چاوخشاندنێک بەو شتانەدا کە مرۆڤ لەسەدان هەزار ساڵی لەمەبەر لەم بوارانەدا بە دەستی هێناون بەڵگە و نیشانەی قەرزبارییەکی مەزنی مرۆڤایەتییە بەرامبەر مرۆڤی یەکەم و سەرەتایی، کە ئەو هەموو شتەی داهێناوە تەنانەت توانیویەتی جۆگە لێبدات و شار دابمزەرێنێت و زەوی ئاوەدان بکاتەوە و کانزاکاری بکات و ئامرازی کانزایی و تەختەیی و کەرەستەی جەنگی دروست بکات و پێوسیتییەکانی پۆشین و خۆپاراستن لە نەهامەتییەکانی ئاو و هەوا و سرووشت مسۆگەر بکات هەر خۆشی خاوەنی دۆزینەوەکانی هێزە سرووشتییەکانە وەک ئاگر و با و ئاو…
هەروەها ئەو داهێنانەی بە گەشەسەندنێک دادەنرێت لە بواری پێگەیاندنی بیری مرۆڤدا بە جۆرێک لە قۆناغەکانی دواتردا بۆ سەرهەڵدانی زانست بە واتا ڕاستەقینەکەی.
ئەو زانیاریە کەڵەکەبووانە وردەوردە وایان لە مرۆڤ کرد کە بتوانێت سەرەتا بەراییەکانی بیرکردنەوەی زانستییانە بێنێتە ئاراوە ئیتر لە کورتە باسێکی ئاوەهادا دەرفەتی لەمە زیاتر نییە درێژە بەم تێبینیانە بدەین سەبارەت بە زانست لە شارستانێتیە مێژوویەکان (نووسراوەکان).
شارستانێتیە مێژوویەکان( نووسراوەکان) ئەو شارستانێتیە مەزنانە بوون کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە کەناری ڕووبارە گەورەکاندا هاتنە ئاراوە، وەک: “نیل، مێزۆپۆتامیا و هیندستان و چین”، ئەمانە بە پێی سەردەمەکەیان گەشەیان سەندووە و پشتیان بە زانست بەستووە هەروەک چۆن پشتیان بە هۆش و دانایی مرۆڤ بەستبوو.
٢- زانستی یۆنانی:
ئەو بیرۆکەیە باوی نەما کە دەڵێ: هەرچی زانست و فەلسەفەی مرۆڤایەتی هەیە یۆنانییە و لە یۆنان سەری هەڵداوە گەلانی مێزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل هیچیان نەبووە جگە لە ئەفسانە و دواکەوتن، چونکە ئەو شوێنەوار و بەڵگە زانستییانەی کە لەم دوو شارستانییەتە و شارستانیێتی دیکەی ڕۆژهەڵاتدا دۆزراوەنەتەوە، ئەو بیر و بۆچوونانە پووچەڵ دەکاتەوە و دەیسەلمێنێ ئەوەی یۆنان لە مەیدانەکانی زانستدا پێشکەشیان کردووە درێژە پێدەری شارستانیێتەکانی پێش خۆیەتی، وە لە کەڵەکبوونی ئەو زانستانەوە هاتوونەتەدی کە بەر لەو هەبوون.
سەبارەت بەم ڕاستییە بیرۆکەی باڵا دەستی یۆنانی لە زانستدا هیچ ڕەگێەیەکی نەبووە و لە ترووسکاییەک دەچێ لە تاریکییەکدا بدرۆشێتەوە، ئینجا ئەوانەی ئەم تێڕوانینە هەڵەیە بڵاو دەکەنەوە، دەبێت باش بزانن کە ئەو زانست و فەلسەفەیەی لە ئاسیای بچووک و باشووری ئیتاڵیادا سەری هەڵدا ئەو لە میسریەکان و گەلانی مێزۆپۆتامیا و فینیقیەکان وەرگیراوە، زانایان و فەیلەسوفەکانی یۆنان وەک: تالیس و ئەفلاتوون و هیرودوت گەوهاین و دانە بەوەدا دەنێن کە زانستەکانی بیرکرای و گەردوونناسی و شتی دی لە نێو خۆرهەڵاتییەکاندا لە پێش ئەماندا هەبووە ئەمانەن:لە نەتەوەکانی خۆرهەڵاتەوە فێری بوون و وەریان گرتووە.
لەمەش گرنگتر ئەوەیە، کە مێژووناسەکانی زانست، وەک “سارتون” و چەندانی دیکە بەشێکیان لە زانستی میسریە کۆنەکان و گەلانی مێزۆپۆتامیا، زۆر یان کەم وەرگرتووە و زۆر بە دووروودرێژی سەبارەت بە پێشکەوتنی ئەهرامەکان و بەنداوەکان و تۆڕەکانی ئاوداشتن، بەبێ زانستی ڕووبەر و ئەندازە و ئاوداشتن و بیناسازی و بەرد و کانزا، نەهاتوونەتە ئاراوە، هەروەها پێشکەوتنی زانستی کیمیا و دەرمان گرتنەوە بۆ مۆمیا و هونەر، وێرای پێشکەوتن لە گەردوونناسیدا بە جۆرێ کە هەندێ لە مێژوونووسەکانی بیرکاری دەڵێن:
بابلیەکان بە بنەڕەتەکانی جەبر و ئەندازە و دۆزینەوەی ڕێی نزیک بۆ ڕەگی دووجا زانیویانە چۆن هاوکێشەی پلەی دوو شیکار دەکەن، هەروەها میسرییەکان حسابی قەبارەی هەڕەمی ناتەوای چور بنکەییەکان زانیوە، دەستووری حسابکردنی ڕووبەری سێگۆشە و لاکێشە و بازنەیان بەکارهێناوە.
گەڵای بەڕەدی و تاتە قوڕینەکان” دەری دەخەن چۆن و تا چ ڕادەیەک لە نۆشداری نەشتەرگەری (کرداری و بیردۆزی) پێشکەوتوو بوون… دەستوور و یاساکان لە مێزۆپۆتامیادا دۆزراونەتەوە، وەک میلەکەی حامورابی، کە پیشانی دەدات چۆن وڵاتی بابل لە یاسا و دەستووری کۆمەڵایەتیدا پێشکەوتوو بووە، دەبێت شارستانی یۆنانی چی خستبێتە سەر زانستی مرۆڤایەتی؟
ئەلف- زانستی یۆنانی کۆن:
ئاشکرایە کە یۆنانییەکان لایەنی بیردۆزییانەی زانستیان گەلێک بەرەو پێشەوە برد، بەڵام لە ڕووی دەسکەوتی کردارییەوە، وەک: ئاوەدانکردنەوەی شار و بەربەستی ئاو و ئاودێری و هاتووچۆ کشتوکاڵ و کانزاسازی و …هتد…
شتێکی ئەوتۆیان لەوانە زایاتر نەبوو کە لە شارستانێتیە خۆرهەڵاتییەکانی بەر لە خۆیان بەجێ مابوون. ئەمەش گەواهیدانی مێژوونووسی زانستی گەوەر (برنال)ە.
بەڵام لەلایەنی زانستی بیردۆزییەوە، بەشدارییەکی مەزنیان هەیە و خۆی لەم خاڵانە دەبینێتەوە:
١- دۆزینەوەی گرنگترین تایبەتمەندێتی زانست کە (سەراپاگیری و گشتییە)، وەک ئەرەستۆ دەڵێت: ئەوەی گشتێتی تێدا نەبێت زانست نییە، بە واتای دۆزینەوەی (یاسای زانستی)یان لە شتە تاک و بچووک و بەشبەشەکانەوە بۆ بڕیاردانی سەراپاگیری. ئەمە بنچینەی پێشکەوتنی زانست و فەلسەفەیە لای یۆنانییەکان، کە واتای (پەتێیی) دەگەینێت.
٢- ئەم ئارەزووەیان بۆ زانستی گشتێتی و یاسا پەتییەکانی شتەکان مۆرکی بیردۆزیانەی بە زانستەکەیان بەخشی، ئەمەش ئەو تایبەتمەندیە گەورەیە کە مێژوونووسانی بیری خۆرئاوایی بە سنووری جیاکەرەوەی نێوان بیری یۆنانی و گشت بیرکردنەیەکی بەر لەوانی دادەنێن.
بەڵام لەگەڵ گشت ئەم لایەنە چاکانەدا کەچی لایەنی خەش و کەموکورتی کەوتە نێو زانست و فەلسەفەی یۆنانییەوە … ئەمانە گرنگترینیانن:
ئەلف- زێدەڕۆیی کردن لە (سەراپاگیرێتی) تا دەگاتە ڕاددەی بڕیاردانی بەپەلە بەسەر شتەکان و پشتگوێخستنی تێرۆانینی تاکەکەسی بۆ دیاردەکان.
بە-لە ئەنجامی ئەمەشدا سنووری جیاکەرەوەی نێوان زانست و فەلسفەیان لا نەمابوو. بەڵکوو تەنیا یەک جۆر زانیاریان لە لا هەبوو، کە بووە مایەی درەنگ دەرکەوتنی زانست، تا لە سەردەمی نوێدا زانستەکان سەربەخۆ بوون و بەرەو پێشەوە چوون.
جیم– بەچاوی سووک ڕوانینە زانستە کردارییەکان(العلوم التطبیقیة) یاخود ئەوانەی سوودی کرداریی دەبەخشن، لەم بوارەدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا کە شایانی باسکردن بێت، ئەو زانستە کردارییانەی گۆڕانکاری لە ژیاندا دەکەن هەر لە بەنداو و کشتوکاڵ تا کانزاکاریی و….هتد چونکە باوەڕیان وابوو کار و پیشەکان تەنیا بەشی کۆیلەکان بوون و شایستەی پیاوە ئازاد و خاوەن کوێلەکان نەبوون، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی فەیلەسوفەکان بە سووکی دەیان ڕوانییە زانیارییە هەستییەکان.
بە- زانست لە سەدەکانی ناوەڕاستی خۆرئاوا (ئەورووپا):
زانست لە هیچ بۆاریکدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا شایانی باس بێت، هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ لە چەمکی زانستدا نەهاتە ئاراوە هەر وەک ئەرەستۆ ئاماژەی پێداوە و کڵێسەش پاڵپشتی کردووە، هەموو دەرچوون و لادانێک لێیان دەرچون و لادان بوو لە پیرۆزیی ئایینی( مەسێحی)، ئەمەیان لە ڕووی بەرنامە و ئاسۆکانی زانستەوە.
سەرەڕای ئەمەش شێوازی بیرکردنەوە، ئەو گفتۆگۆیە نەزۆکانە بوو کە لە (کتێب)ە کانەوە وەرگیرابوون، نەک ڕاستەوخۆ لە سرووشت ناسیەوە.

تعليقات