بەشی هەشتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغی پاشایەتی:

بەشی هەشتەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغی پاشایەتی:


ئەم قۆناغە هەموو سەردەمی پاشایەتی دەگرێتەوە، بەتایبەتی لەو کاتەی کە ویلایەتی مووسڵ بە عێراقی داگیرکەرەوە لێکندرا، بە رۆژگارێکی نائارام دادەنرێت، کە سیستەمی حوکمڕانی و باری ئاسایشی گشتی و ئیداری عێراق لە قۆناغەکانی سەرەتایی بوو.

پلان و بەرنامەی کاری نەبوو بەڵام کرداری بە عەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد وەک پێویستیەکی ڕەگەزپەرستی و لەسەرخۆ لە ئارادا بوو، بەڵام بە پێی بەرنامە و پلانی داڕێژراو، لە ڕووی جوگرافیش ڕووبەرێکی کەمی گرتووەتەوە.

هەروەها لەم قۆناغە گەورەترین شاڵاوی ڕاگواستنی کوردە فەیلییەکان بەڕێوەچوو لە دووای دەرچوونی یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی(قانون الجنسیة العراقیة) کە بەڕەچەڵەکی ئێرانیان دادەنان.

ساڵی ١٩٣٢ی.ز لە چوارچێوەی سیاسەتی ناڕاستەوخۆی بەعەرەبکردن بڕیاری ژمارە (٥٠)ی تایبەت بە ڕێکخستنی مافی زەوی و زار دەرکرا، کە ساڵی ١٩٣٨ی.ز گۆڕدرا بە یاسای ژمارە (٢٩)، لەم یاسایە مافی خاوەندرایەتی بە ڕەسمی درا بەو هۆز و بنەماڵانەی نیشتەجێی ئەو زەویانەن کە لە سەری دەژین، بە پێی ئەم یاسایە خاوەنداریەتی و تاپۆکردنی زەویە کشتوکاڵیەکانی کوردی گرتەوە، کە چەندین هۆز و عەشیرەتی کۆچەری عەرەب لە ناوچە کوردییەکان نیشتەجێکران، بە تایبەتی لە ناوچەکانی خوارووی ڕۆژئاوای کەرکووک و دەشتی قەراج و کەندیناوە و گوێڕ و زەممار، بە پێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق کە لە ڕۆژی (١٩٥٨/٠٥/١١ی.ز) دەرچووە، دەرکەوتووە لە نێوان ساڵانی (١٩٤٧-١٩٥٧ی.ز)، لیوای کەرکووک(٢٨،٠٠٠) کەس و لیوای مووسڵ (١٧،٠٠٠) کەسی بۆ ڕەوانە کراوە، کە زۆربەیان پێدەچێت لە لیوای عەممارەوە هاتبن.

پڕۆژەی حەویجە کە لە ساڵی (١٩٣٦ی.ز) دەستیپێکرد و لە ساڵی(١٩٤٠ی.ز) تەواوبوو، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە چەندان هەزار ماڵە عەرەبی کۆچەری هێنرانە ناوچەکە، بە پانتایی ئەو زەویانەی لە پڕۆژەکە سوودی لێبینیوە بۆ نیشتەجێکردن، ژمارەی ئەو عەرەبانەی لەم ناوچەیەدا نیشتەجێکران، بە پێی سەرژمێری ساڵی١٩٥٧ی.ز گەیشتووەتە(٢٧،٧٠٥هەزار) کەس، لە (٢٨٨) گوندی نوێدا، بە هەمان شێوە ساڵی ١٩٥١ی.ز لە پڕۆژەی مەخموور لە (٥٩-١٠٠ دۆنم) زەوی بەسەر (٧٠) خێزانی عەرەبدا دابەشکرا.

نیشتەجێکردنی هۆز و خێڵە کۆچەرییە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا، بە زۆری ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە کە سنووری بەیەک گەیشتن پیکدەهێنن لە نێوان کوردستان و ویلایەتی بەغدا، بەرەو قوڵایی خاکی کوردستان، هەر لە خانەقین و مەندەلییەوە بۆ دووز و خوارووی کەرکووک و خوارووی مەخموور تا دەگاتە شەنگال، لە ناوچەی شەنگال هەر لە ساڵانی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەرەوە، هەزاران ڕەوەندی هۆزی کۆچەری (شمر و عبید و طی) نیشتەجێکران، ئەم پڕۆسەیە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیش هەر بەردەوام بوو.

بێگومان نیشتەجێکردنی هۆز و خیڵە عەرەبییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا باری دیمۆگرافی دانیشتووانی لە ڕووی پێکهاتەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕیەوە.

جگە لەمانە بە هۆی دامەرزاندنی پیشەسازییە پەتڕۆڵیەکانی کۆمپانیای نەوتی عێراق، لەشاری کەرکووک چەندین گۆڕانی دیمۆگرافی و نەتەوەیی بەسەر ناوچەکەدا هێنا، چونکە کۆمپانیاکە ژمارەیەکی زۆری کرێکاری عەرەبی لە پارێزگاکانی دیکەوە هێنایە پارێزگای کەرکووک و نیشتەجێکران، چەندەها گەڕەکی نوێ لە شاری کەرکووک دروستکران، وەک گەڕەکی(عەرەفە) (کرکوک الجدیدة).



تعليقات