چالاکێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەمریکا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

چالاکێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکی شاری “سنە”یە دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەمریکا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.


ڕۆژی یەکشەممە (٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨/ ١٧ی /٠٢/ ٢٠١٩) هێزەکانی ئەمنیەتی حکوومەتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی کورد بە ناوی “ئەفشین شێخولئیسلامی وەتەنی” کە ماوەیەک پێش لە ئەمریکا گەڕاوەتە و دەستبەسەریان کردووە.
نگین شێخولئیسلامی وەتەنی، خوشکی ناوبراو بە “تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان”ی ڕاگەیاندووە کە پێنج کەس بە نامەی دادگا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکم و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستبەسەریان کردووە، بەڵام هێشتا نازانین ئەو کەسانە سەر بە کام ناوەندی ئەمنی بوونە، بەدواداچوونی بنەماڵەشم تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و لە چارەنووسی براکەم هیچ زانیاریەکمان لە بەردەستدا نییە.“
ئەفشین بە نیازی سەردان کردن ماوەیەک پێش ئێستا لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ لای دایک و باوکی نەخۆشی.
ناوبراو پێشتریش چەندین جار بە هۆی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

تعليقات