بەشی شەشەمی مێژووی نوێ؛ ڕۆسۆ ١٧١٢ز-١٧٧٨ز:

جان جاک ڕۆسۆ : حکوومەتی ڕاست ئەویە لەسەر ئاوات و حەزی خەڵک دامەزرابێت، وە گەل بۆی هەیە لە حکوومەتەکەی ڕاپەرێت هەر کاتێک کە زانی لە مەرجەکانی گرێ بەستەکە پەشیمان بووەتەوە یان لایداوە .


جان جاک ڕۆسۆ خەڵکی فەڕەنسایە و بەگەورەترین نووسەری سەردەمی خۆی دادەنرێت کە هەست و نەستی جەماوەری ورووژاندووە، ئەوەش یارمەتی داوە لەسەر ئەوەی کە ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی و داوی خۆیشی، چونکە لە ڕاستیدا تێکۆشەرێک بووە دژی گەلێک لەو ڕواڵەتانەی خەڵکی بەڕاست و پیرۆزیان زانیوە.
وەک کتێبەکەی (گرێ بەستی کۆمەڵایەتی) یاخود (پەیمانی کۆمەڵایەتی)() کە لە ساڵی ١٧٦٢ز دا دەری کرد، دادەنرێت بە پوختەی بیروڕا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وە بە ناڕەزاییەکی توند دژی حوکمی زۆردارانە دەست پێ دەکات و دەڵێ ” مرۆڤ بەسەربەستی لەدایک دەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێکدا بە کۆت و زنجیر بەستراوەتەوە”.
وە تیایدا داوای گەڕانەوە بۆ سرووشت دەکات بۆ ڕزگار بوون لە کۆت و زنجیری (شارستانێتی). حکوومەت بە پێی ڕای ئەو لە دامەزراندنا قەرزاری پەیمان و گرێ بەستێکی کۆمەڵایەتییە، کە پاراستنی خەڵک مسۆگەر بکات بەرامبەر بەمەش خەڵک واز لە هەندێک مافی خۆیان بهێنن بۆ حکوومەت.
بەم جۆرە حکوومەتی ڕاست ئەویە لەسەر ئاوات و حەزی خەڵک دامەزرابێت، وە گەل بۆی هەیە لە حکوومەتەکەی ڕاپەرێت هەر کاتێک کە زانی لە مەرجەکانی گرێ بەستەکە پەشیمان بووەتەوە یان لایداوە.
لەگەڵ ئەوەی ڕۆسۆ یەکەم کەس نەبووە بیردۆزی گرێ بەستی کۆمەڵایەتی باس کردبێت، بەڵام یەکەم کەس بوووە مافی شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی حکوومەت داوە، بیروڕاکانی دەنگدانەوەی لە دەروونی هاوچەرخەکانیدا هەبووە و کاری کردووەتە سەر نەوەی داهاتووش.

تعليقات