بەشی یازدەیەمی جوگرافیا؛ بیری ئیرتیوازی

مەبەست لە بیری ئیرتیوازی، ئەو بیرانەیە کە لە توێژاڵی زەویدا هەڵدەکەنرێن، بۆ ئەوەی بگەنە ئاستێکی هەمیشەیی ئاوی ژێر زەوی، زۆرجار ئاوەکە بەرەو ژوور تەوژم دەداتە خۆی و لەسەر ڕووی زەوی دەردەکەوێت.


ئەمەش لەبەر ئەوەیە چونکە چینەکانی توێژاڵی زەوی پێچاوپێچن، ئەم پێچاوپێچییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاوەکە گل بداتەوە، بەجۆرێک کە لە ئاستی هەمیشەیی ئاوی ژێر زەوی لە ئاستی ئەو شوێنەی کە بیرەکەی تێدا هەڵدەکەنرێت بەرزتربێت، دیارە ئیتر ئاوەکە لەبیرەکەوە هەڵدەقوڵێت بۆ سەرەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم بیرانە دەستکردی مرۆڤن بەڵام بوونیان بەو ئاوەی ژێر زەویەوە بەندە کە لە پێچاوپێچە چاڵوچۆڵەکان کۆ دەبێتەوە، ئەمە لە لایکەوە، لەلایەکی تریشەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاوی ژێر زەوی لەسەر ڕووی زەوی دادەنرێت.
قۆڵای هەندێک بیری ئیرتیوازی لە ژێر زەویدا دەگاتە (٥٠) مەتر زیاتر، لە کوردستانی باشووریش جار وا هەیە لە( ١٥٠) مەتر تێدەپەڕێت و لە شوێنێک بۆ شوێنێک جیاوازە.
ڕەنگە ئاوی ژیر زەوی جاروبار لەبیرە ئیرتیوازییەکە بچێتەوە دەرەوە، یان ڕەنگە دەرچوونە دەرەوەکەی هەموو کاتێک بەردەوام بێت، ئەمەش بەپێی باری ناوچەکەیە، وەکوو ئەوەی کە دەمی بیرەکە لە ئاستی سەرچاوەی ئاوی ژیر زەوی هەرێمەکە نزمتربێت.
بەناوبانگترین بیری ئیرتیوازی ئەوانەن کە لە حەوزی لەندەن و حەوزی پاریس و حەوزی دەشتەکانی ناوەڕاستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشەکانی ناوەوەی ئوستورالیا هەن.
بیری ئیرتیوازی لەگەلێک شوێنی (هەرێمی کوردستان و عێراق)دا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی لە هەرێمی (جەزیرە) و هەرێمی (روتبە)دا تەنانەت شاری هەولێر لە گەڵ ئاوی ئیفراز خۆشی پشت بەو بیرە ئیرتیوازیانە دەبەستێت کە لە نزیکییەوە هەڵکەندراوە.
کەس نییە دان بەوە دانەنێت کە بیری ئیرتیوازی بایەخێکی گرنگی هەیە، بەتایبەتی کە لە هەرێمی وشک سەرهەڵدەداو ئاوەکەی شیرین دەبێت، ئەو کاتە مرۆڤ ئاوی لێ دەخواتەوە و گیانلەبەریشی پێ ئاو دەدرێت ڕەنگە بۆ کشتوکاڵ و ئاوەدانیش بەکاربهێنرێت وەکوو لە هەندێک هەرێمی ڕۆژهەڵاتی دوورگەی عەرەبدا باوە.


تعليقات