بەشی حەفتەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێر لە پێناو چیدا؟؟؟

بەشی حەفتەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێر لە پێناو چیدا؟؟؟


ئەگەر کەسێ بە ئەساسی ئایین شارەزا بێ و گیانیشی بەکاربێنێ بەس نیەتی ئەمە بێ کە دەڕۆم با بکوژرێم و شەهید بم، ئەگەر بکوژرێ بە شەهید ناناسرێ .

ئەو جەنگەی کە ئیسلام بڕیاری دا جیاواز بوو لەگەڵ هەموو ئەو جەنگانەی کە لە پێش هاتنی ئەودا ئەنجام درابوون هەروەک “ئیبن خەلدوون” (ابن خلدون) (ر.خ) لەسەر بێت لە دەستپێکەکەی خۆیدا هۆکارەکانی هەڵگیرسانی جەنگ باس دەکات و دابەشیان دەکات بۆ ئەم چەند هۆکارەی خوارەوە:

یەکەم: غیرەت و ململانێ.
دووهەم: دوژمنداری و ناحەزی.
سییەم: تووڕەیی و بەرگری کردن لە ڕێگای خودا و دینەکەی.
چوارەم: لە پێناو دەسەڵات و گەورەیی.

ئەوەی یەکەم: لە نێوان هۆز و عەشیرەتەکان ڕوو دەدات. 
ئەوەی دووەم: لە نێوان قەومە دڕندەکان.
ئەوەی سێیەم: لە پێناو خودادا و پێ دەگوترێت جیهاد.
ئەوەی چوارەم: جەنگی دەوڵەتە لەگەڵ یاخی بوان.

ئەوەی کە ئیسلام بڕیاری داوە جەنگ لەپێناو خودا و دینەکەیەتی، زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی کە بڕیاری جیهاد ئەو کاتە دەدرێت کە بێباوەڕان هیچ واتایەکیان نەهێشتووەتەوە بۆ گفتۆگۆکردن، هەر وەک مامۆستا هەژار دەڵێت:

گوێت بۆ ناگرێ سفرەی بێ نمەک
دەبێ تەمبێ کەی بە زەبری کوتەک.

خوێنەری بەڕێز پێویستە ئەو ڕاستیە بزانیت کە بڕیاری جەنگ لەگەڵ بێباوەڕان هۆکارەکەی بیروباوەڕی ئەوان نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی دژایەتی ئەوانە و حیساب نەکردنیانە و سڕینەوەی بەرامبەرە، سەیری خانمە مەستوورەی ئەردەڵان بکە چۆن لە حیکمەتی جیهاد و جەنگ لە ئیسلامدا حاڵی بووە کە لە کتێبی شەرعیاتی خۆیدا دەڵێت:

جیهاد پاداشتێکی هەرە بەرزی لەسەرە بۆ کەسێ کە لە بەر ڕەزای خودا و پێغەمبەری خودا لە ڕێگەی ئەواندا جیهاد بکا و لەو ڕێگایە بڕوات کە ڕێگای ئاینە گیانی لێ خەڵات بکات، جیهادیش مەرجی هەیە کە واجبە کابرا ناوەڕۆکی ئایینی خۆی بزانێت.

ئادابی ئاینیش وەکووو نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و شتەکانی تر بەجێ بهێنێت، ئەگەر کەسێک نوێژ نەکات و ڕۆژوو نەگرێ، ڕەسەنایەتی و ئەرکی ئایینی خۆی بەجێ نەهێنێ ئەوە ئیتر جیهادی لەسەر نییە و جیهادیشی لێ قبوڵ ناکرێت.

ئەگەر کەسێ بە ئەساسی ئایین شارەزا بێ و گیانیشی بەکاربێنێ بەس نیەتی ئەمە بێ کە دەڕۆم با بکوژرێم و شەهید بم، ئەگەر بکوژرێ بە شەهید ناناسرێ و لە ئایین دوورە، ئەوەی پێویستە ئەمەیە کە بە جوانی لەسەر ئەم بڕوایە بێ کە بەندەکانی خودا کە لە زەریای کوفر قەتیس ماون ڕزگاریان دەکەم، هانیان دەدەم، بەرەو خودا و پێغەمبەر رێگەی ئاینیان پێ نیشان دەدەم، ئەگەر نەمتوانی ڕێگەیان پێ نیشان بدەم بەهۆی ڕێگری و دوژمنایەتیەوە، ئەوا بە بانگەواز نەهاتنە سەر ڕێگەی ڕاست، لە دوای دا دەست بە جەنگ و جیهاد دەکەم، کە واتە بڕیاری جەنگ و شمشێر لە ئیسلام بۆ سێ هۆ دەگەڕێتەوە:

یەکەم: بەرگری لە خۆ کردن.
دووەم: بەرپەرچ دانەوەی پلانی دوژمنان.
سێیەم: ڕێ خۆشکردن بۆ ئازادی بیروباوەڕی ئیسلامی بە جێهێنانی هەموو درووشمەکانی لەسەر موڵکی خودا.
وە لە ئیسلامدا دەبێ هێزی ئیسلامی ڕاستەوخۆ بڕیاری هێرش کردن نەدات، بەڵکوو دەبێت دوو مەرج بەر لە شەڕ بەجێ بهێنێت:

یەکەم: داوای موسڵمان بوونیان لێ بکات، واتە دەعوە و بانگەواز.

دووەم: ئەگەر ڕازی نەبوون ببنە موسڵمان دەبێ دژایەتی دەوڵەتی ئیسلامی نەکەن، وە ئەگەر بوون بە ئەندام دەبێ سەرانە بدەن لە جیاتی یارمەتی وڵات و دەوڵەت، ئەو سەرانەیەش یاسای خۆی هەیە، وە تەنها لە پیاوەکانیان دەستێنرێن کە توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە، هەر کاتێک دڵسوۆز بوون بۆ دەوڵەت لە ڕێزەکانی سوپا دامەزران ئەوە سەرانە بوون نامێنێت.

سێیەم: ئەگەر ڕازی نەبوون بە موسڵمان بوون، وە هەروەها وازیان لە پیلانگێڕان و دژایەتی کردنی دەوڵەتی ئیسلامی نەهێنا و هەروەها ڕێگری خەڵکیان دەکرد لەوەی بە ئازادی بڕیار لە بیر و ڕایان بدەن بۆ هەڵبژرادنی ئەوەی دەی پەرستن، ئەو جا بڕیاری شەڕ دەدرێت بۆ لە ناو بردنی دەسەڵاتی گەندەڵ و ئازاد کردنی خەڵک لە نێوان مانەوەیان لە ئایینی کۆن یا خود موسڵمان بوونیان، دەی توخوا سەپاندنی بیروباوەڕ بە چەک لە کوێ بوونی هەیە؟

کەواتە لە دیرۆک و دەقی ئیسلامی دروستدا شەڕ لە پێناو دەستبەردار بوونی خەڵک لە بیروباوەڕەکەیان نەبووە، بەڵکوو ئەو کاتە شەڕ هاتە ئاراوە، کە شمشێر بووە بە حاکم کاتێک بێباوەڕان لە دژایەتی کردنی موسڵمانان کەمتەرخەمیان نەکردووە، خەڵکیان لە دژی هەڵگرانی بیروباوەڕی ئیسلامی هانداوە، بەڵگەش بۆ ئەم وتەیەمان بوونی زۆر لە هەڵگرانی بیروباوەڕی ئیسلامییە لە جیهانی ئیسلامی.

هەر لەگەڵ دەست پێکردنی ئەم بانگەوازە تا ئەمڕۆش بوونیان هەیە، ڕێز لێگیراوان موسڵمانیش نین، دەی ئەگەر شمشێر لە ئیسلام لەبەر کوفری کافرێک واتە لەبەر ئەوەی کە بە زۆر ببێت بە موسڵمان، دەبوایە پێش ئەوە هێرش بۆ سەر دەوڵەتی فارسی و دەوڵەتی ڕۆمی نەسرانی بکرایا.دەبوو نا موسڵمانەکانی جەزیرەی عەرەبی کرابان بە موسڵمان وە لە ناو ببرابان، بیروباوەڕی ئیسلامی گونجانێکی تەواوی هەیە لەگەڵ هزری مرۆڤ، بۆیە دەبێت مرۆڤ بە ڕەزامەندی قبوڵی بکات، ئەگەر نا تووشی هەڵگەڕان دەبیتەوە، هەر وەک هیچ دەقێک دەست ناکەوێت باس لە سەپاندنی باوەڕی ئیسلامی بکات بە شمشێر.

لەوانەیە هەندێ ڕووداو لە مێژوو بەرچاو بکەون کەوا نیشان دەدرێت هەوڵێک بێت بۆ سەپاندنی بیروباوەڕی ئایینی بەسەر تاکەکاندا، بەڵام ئەمەیان لەسەر ئاستی تاکەکەس بووە، ئەگەر ڕاست بێ، نەک لەسەر ئاستی بەرنامە و دەق و بیروباوەڕی ئایینێک، ناکرێ هەڵەی کەسێک بکرێت بە یاسا و گشتگیر بکرێت بەسەر هەموو پڕۆگرامی ئایینەکە کە وەک خۆر دیارە بۆچوونی لەو بابەتەیەدا.



تعليقات