بەشی هەشتەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێر لە دەوڵەتی مەدینەدا:

بەشی هەشتەمی ئیسلام و شمشێر؛ شمشێر لە دەوڵەتی مەدینەدا:

ئایینی ئیسلام وەک کۆتا ئایینی خودایی تاکە بەرنامە نییە کە بڕیاری بەکارهێنانی شمشێری دابێت، هەروەها زۆرێک لە ئایینە ئاسمانییەکان و دەستکردەکانیش و یاسا و پرۆگرامی زۆرێک لە بیردۆزە مرۆییەکان بڕیاری بەکارهێنانی چەکیان داوە کاتێک قۆناغ وای بە چاک زانیوە.
دەبێ هەموو ڕووناکبیرێک ئەو ڕاستییە لەبەر چاو بگرێت کە ئیسلام وەک ئایینێکی ئاسمانی بۆ مرۆڤ هاتووەتە خوارەوە، هەروەها (هەڵسوکەوت) لەگەڵ مرۆڤدا دەکات، کەواتە ئایینێک ڕاستییە کە بە کردەوە خەڵکی ئاگاداری یاساکانی ژیان کردووەتەوە، نەک ئایینێکی بێ ئاکار و ئامانج و بێ بەرنامە.
جا لەوانەیە خوێنەرێک بڵێت-دەی ئیسلام ئایینێکی ئاشتی و تەبایی و بەیەکەوە ژیانە ئەی ئەو هەموو (فەتح و جەنگ و هێرشانە) چین کە لە مێژووی ئیسلامدا بەرچاو دەکەون؟
هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی بانگەوازی ئیسلامی و دانانی بەردی بناغەی کیانی دەوڵەتی ئیسلامی تا دەگاتە ڕووخانی خیلافەتی ئیسلامی، ئەوەیان پرسیارێکی جوانە و لە جیگای خۆیەتی – بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێین: دەبێ مرۆڤی بە ویژدان ئەو ڕاستییە بزانێت کە مێژووی ئیسلامی مێژوویەکی ستەم لێکراو و شێوێندراوە، گەورەترین پەرتووکی مێژووی ئیسلامی کە لەبەردەست بێت (مێژووی ئیمامی تەبەری)یە کە خۆی لە سەدەی سێی کۆچی وەفاتی کردووە.
واتا دوای (٣٠٠) ساڵ لە ڕووداوەکان گێڕدراوەتەوە، خۆی لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا دەفەرموێت: ( ئەو ڕیوایەتانەی کە نووسیومن وەک ئەمانەتێکی مێژووی هێناومە بەر باس بەبێ دەستکاری کردن) ئەوەش ئەمانەتێکی زانستییە، لە بەر ئەو هۆیە بەڕێز(د. ئەحمەد بەرزنجی) کە زانایەکی بە توانای کوردە لە دەرەوەی وڵات دادەنیشێت لە دوو تۆێی یازدە بەرگ پەرتووکەکەی (ئیمامی تەبەری)ی لە بێژنگ دەدا و ڕیوایەتە بەهێز و بێ هێزەکانی لە یەکتر جودا دەکاتەوە، جا ئەو ڕیوایەتانە چ لە بەرژەوەندی مێژووی ئیسلامیدا بن یا خود لە دژی.
بۆ ئەوەی بیسەلمێنین مێژووی ئیسلامی ستەم لێکراوە، سەیری ئەو پەرتووکە بکە کە باس لە ژیانی پێغەمبەر(د.خ) لەسەر بێت دەکەن، دەبینی ئەو پێغەمبەرە (د.خ) لەسەر کە مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕی و توانی موسڵمانان لە ژێر دەستی و بێ نەوایی ڕزگار بکات و بیانگەینێتە مایەی خۆشبەختی مرۆڤایەتی و توانی وا لە مرۆڤەکان بکات کە پێناسەی مرۆڤایەتی خۆیان بدۆزنەوە.
ژیانی وا باسکراوە هەر لەو ڕۆژەی کراوە بە پێغمبەر(د.خ)لەسەربێت تا وەفاتی تەنها لە جەنگ دا بووە، ئەوە پرۆگرامی فەرمی بووە لە خوێندنگاکان، مەگەر مرۆڤێک زانیاری تایبەتی هەبوایە بە ژیانی پێغەمبەر(د.خ) لەسەر بێت ئەوجا، دەیزانی چ باسە!!!؟
هەموو جوانییەکان شاردراونەتەوە لە دروستکردنی مرۆڤایەتی…. شارستانییەت… ئاسوودەیی… بەیەکەوە ژیان….خۆشەویستی…ئاودان کردنەوەی زەوی…. گێڕانەوەی ماف بۆ بەش خوراوەکان…. گێڕانەوەی پێکەنین بۆ سەر لێوی منداڵە بێ بەش کراوەکان….پێدانی ڕۆڵی ئافرەت لە ژیان وەک مرۆڤ…. ڕێزگرتن لە ئاژەڵ و گیانداران….پاراستنی ژینگە و کەش و هەوای ئازاد… ئازاد بیرکردنەوە و ڕادەربڕین…دروستکردنی دەوڵەتی یاسا و هاوڵاتی بوون….تا دەگاتە کۆتایی شتە جوانەکان کە ناهێنە هەژمارکردن.
ئەو هەوڵانەشیان بۆ ئەوەیە تا لاوانمان وا تێبگەینن جگە لە جەنگ و هێرش و کوشتن لە مێژووی سەروەرمان هیچی تری تێدا بەدی ناکرێت، جا بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوون بین با سەیری ڕووداوەکان بکەین و بزانین ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان چۆنە؟؟؟ خۆ ئەگەر سەیری ئەو جەنگانە بکەین کە پێغەمبەری خودا (د.خ)لەسەربێت ئەنجامی داون هەر هەموویان بەرپەچ دانەوەی ئەو دوژمن کاریانە بوون کە لایەن نەیارانی بیروباوەڕی ئیسلامەوە ئەنجام دراون.
هەر هەموو جەنگەکان دەست پێشخەری بێ باوەڕان بووە، بۆ ئەوەی بەرچاوی خوێنەر زیاتر ڕوون بێت باس لە جەنگەکان و هۆکارەکان دەکەین پاشان با خوێنەری بەڕێز خۆی دادوەر بێت، بڕیاری دوایی دروستی و نادروستی ئەم جەنگانە بدات کە لە دەوڵەتی ساوای مەدینە ئەنجام دراون، با لە شەڕی “بەدر” دەست پێ بکەین و باس لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و لابردنی ئەو گومانانە بکەین کە دووبارە لە سەر ئەو جەنگە دێنە ورووژاندن، دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارە هەرە دیار و بەرچاوەکانی جەنگی (بەدر) تەمبێ کردنی قوڕەیشییەکان بوو لەو هەموو ڕێگری و پیلان و کوشتنەی دەرهەق بە تازە موسڵمانەکان ئەنجامیان دەدا.
ڕێگری کردنی موسڵمانان لە کۆچ کردن و پڕۆپاگەندە دژی دەوڵەتی مەدینە و بەستنی پەیمان و هاوکاری کردن بۆ لەناوبردنی تازە موسڵمانەکان لەگەڵ بێ باوەڕەکانی تر و هەوڵدان بۆ دروست کردنی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە لە نێو مەدینە، ئەمانە هەموو هۆکاربوون بۆ ئەوەی بە قوڕەیشیەکان بڵێن کاتی دەسەڵاتی ستەمکاریان کۆتای هاتووە، تا بۆیان بسەلمێت شێوازی یارییەکان گۆڕاون و هێرش کردن بۆ سەر (بەنی قەینوقاع) کە هۆزێکی جوولەکەی مەدینە بوو هۆکارەکانی ئەو هاوپەیمانییەیە لە نێوان پێغەمبەر(د.خ) لەسەربێت و ئەوانی تردا هەبوو هەڵیان دەوەشاندەوە و تەحددای نامووسیان لە ئافرەتانی موسڵمانان دەکرد و پلانیان دەگێڕا بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی مەدینە و دروست کردنی دووبەرەکی لەناو مەدینەدا.
(غەتفان-غطفان) کە هۆزێکی عەدنانی بوون لە نزیکی مەدینە هۆکارەکانی کۆبوونەوەی چەکدارانی (غەتفان-غطفان) بوو بە سەرپەرشتی (دعسور میحرابی-دعثور المحاربي) بۆ هێرش بردن بۆ سەر شاری مەدینە، وە هێرش بردن بۆ سەر (بەنی نەزیر-بني نضیر) کە ئەویش هۆزێکی جوولەکە بوون لە مەدینە هۆکارەکەی ئەوانیش پیلان دانان بوو بە کوشتنی پێغەمبەری خودا (د.خ) لەسەربێت، بە فڕێدانە خوارەوەی بەرد لەسەر خانوو لە کاتی میوانداری کردن و پەیمان هەڵوەشاندنەوە و ئاژاوەگێڕان لە مەدینە.
جەنگی (ئوحود) هێرشی قوڕەیشیەکان بوو بۆ تۆڵە سەندنەوەی کوژراوانی جەنگی بەدر، جەنگی (بەنی مستەڵق-بنی المصطلق) هۆکارەکانی یارمەتی دانی بێباوەڕان بوو لەشەڕی ئوحود و گردبوونەوە و پرس کردن بۆ هێرش بردنە سەر مەدینە.
جەنگی (ئەحزاب) هۆکارەکانی گردبوونەوە و هاوپەیمانیەتی لە نێوان بێباوەڕان و جوولەکەکان و مەسیحییەکان و هۆزە عەرەبەکان و هێرش هێنان بۆ سەر مەدینە بوو لە ناکاو بۆ لە ناوبردنی پێغەمبەر و یارانی.
جەنگی (بەنو قورەیزە-بنو قریضە) کە هۆزێکی جوولەکە بوون لە مەدینە هۆکارەکانی هاوپەیمانەتیان بوو لەگەڵ بێباوەڕان لە جەنگی ئەحزاب و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیمانەی کە لە نێوان ئەوان و موسڵماناندا هەبوو.
جەنگی (خەیبەر) کە چەند قەڵایەکی توند و تۆکمە بوون لە نزیک مەدینە هۆکارەکانی گردبوونەوەی پاشماوەی جوولەکەکانی (بەنی نەزیر و بەنی قورەیزە-بنی نضیر و بنی قریضة) بوو بۆ هاندانی دانیشتوانی خەیبەر بۆ تۆڵە سەندنەوە لە موسڵمانان و گێڕانی ئاژاوە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی مەدینە.
جەنگی (موئتە-مؤتە) هۆکارەکانی کوشتنی نێردراوی پێغمبەری خودا بوو بۆ لای (مالیکی بوسرا لە لایەن شەرحەبیل کوڕی عومەری غسانی) نێردراوەکە ناوی حارسی کوڕی (عومەیری ئەزدی) بوو، کە جگە لەو قاسیدە هیچی تری نەکوژران کە پێغمبەر زۆر دڵتەنگ و غەمبار بوو بۆی.
پاشان جەنگی (ڕزگار کردنی مەککە) کە هۆکارەکەی هێرشی قوڕەیش و هاوپەیمانیان بوو بۆ سەر هۆزێکی هاوپەیمانی موسڵمانان و پیلانگێڕان بۆ ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی لە مەدینە و واز نەهێنان لە ڕێگری کردن لە موسڵمان بوونی خەڵک، هۆکارێکی تر بوون کە بوون بە هۆی ئازادکرنی پیرۆزترین شوێن لە سەر زەوی.
پاشان جەنگی (حونەین) و هۆکارەکانی گردبوونەوەی پاشماوەی بێباوەڕان و خۆ سازدانیان بۆ هێرش کردنە سەر موسڵمانان لە مەککە، جەنگی (تەبووک) و هۆکارەکانی کۆ کردنەوەی هێزە لەلایەن ڕۆمەکانەوە بۆ هێرش کردنە سەر دەوڵەتی ئیسلامی.
پاشان جەنگی (قادسیە) و هۆکارەکانی دڕاندنی نامەی پێغەمبەری خودا (د.خ) لەسەربێت لەلایەن “کیسرای ئاگر پەرست” و نامە ناردنی بۆ یەکێک لە والیەکان بە ناوی (بازان) والی یەمەن کە تێیدا داوای کوشتن و تەمبێ کردنی پێغەمبەری خودای کردووە، ئەمەش دەقی نامەکەیە: ((پێم گەیشتووە کە پیاوێک لە هۆزی قوڕەیش درکەوتووە داوای پێغمبەرایەتی دەکات. بچۆ بۆ لای و داوای پەشیمانی لێبکە، ئەگەر پەشیمان بوویەوە ئەوە باشە، ئەگەرنا سەری ئەوم بۆ بنێرە – واتە بیکوژە و لە ناوی ببە))، دەی خوێنەری بەڕێز تۆش بەراورد بکە و ویژدانیشت بە ئاگا بهێنە و بڕۆ کتێبی مێژوویی مێژوو نووسە بە ویژدانەکان بخوێنەوە، ئەوجا تۆ بڕیاری دروستی و نادروستی بدە کە ئایا ئیسلام کە شمشێری بەکارهێناوە ڕەوا بووە یاخود ناڕەوا؟
دەی ئەو شمشێرەی کە لە ئیسلام بەکار هاتووە بۆ پاراستنی ژیان و گیان و مانەوەی لەناو گۆڕەپان بووە، نەک بۆ ناچار کردنی خەڵک بۆ قبۆڵ کردنی بیروباوەڕی ئیسلامی.
دەی ئەگەر هەر سەرکردەیەکی تری دونیا ئەو نامەیەی بە دەست بگەیشتبا چ جۆر هەڵسوکەوتێکی دەنواند؟
وە بچۆ سەیری هەموو ئەو جەنگانە بکەن کە لە مێژووی ئیسلامدا بوونیان هەبووە، هۆکارەکەی بۆ دژایەتی کردنی موسڵمانان لە لایەن نەیارانیەوە هاتووەتە ئاراوە، کە ناکرێ لەو نامیلکە بچووکەدا باسی هۆکاری یەکە یەکەی جەنگەکان بکەم، بەڵام ئەوەی باسم کرد نموونەی ئەوانی تریشە.
تێبینییەکی گرنگ:
ئەگەر سەیری هەموو ئەو جەنگانە بکەین کە جەنگاوەرە موسڵمانەکان ئەنجامیان داوە دەبینین بە دوو ئاراستەدا بووە:
یەکێکیان: بە ئاراستەی ڕۆژهەڵات.
دووەمیان: بە ئاراستەی ڕۆژئاوا.
ئەمەش لەبەر ئەوە بووە کە هەر دوو لایەن هەموو دەمێ جێگای هەڕەشە و مەترسی بوون بۆ سەر دەوڵەتی مەدینە، لەبەر ئەوەی بەر لە بانگەوازی ئیسلامی خێراتی ئەو ناوچانە پاروویێکی چەور بوو بۆ هەر دوو لایەن، بۆیە کاتێ بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسی، هەموو ڕێگا و شوێنێکی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەو مەبەستە، هەروەک ئێستا مێژوو جارێکی تر خۆی دووبارە دەکاتەوە بە شێوازێکی سەردەمیانە.
سەیر دەکەیت جەنگاوەرە موسڵمانەکان ڕوویان لە کیشوەری(قاڕەی) ئەفریقیا نەکردووە مەگەر ئەو بەشە نەبێت کە هێڵی پێشەوەی ڕۆمەکان بووە، دەروازەیەک بووە بۆ سەر ناوچەی حیجاز، لە بەر ئەوەی لەو لایەنە هیچ مەترسی نەبووە، دەی ئەگەر شمشێری ئیسلام بۆ موسڵمان کردنی خەڵک لە ئارادا بووە…یان بۆ چەسپاندنی بیروڕا بووە، خۆ لەو ناوچانەش مرۆڤ بوونی هەبووە، کە واتە لەهەر شوێنێک مەترسی نەبووبێت با بیروڕای پێچەوانەش هەبووبێت، بەڵام شمشێر بوونی نەبووە.
زۆرێک لە نووسەرە علمانییەکان تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ جەنگاوەرە موسڵمانەکان گوایە هۆکاری سەرکەوتنیان، دەست بەسەرداگرتنی ماڵ و سامان بووە لە پشت ئەو جەنگانەوە کە ئەنجامیان داوە.
بەڵام ئەگەر سەیری ئەو جەنگانە بکەین کە موسڵمانان ئەنجامیان داوە، زۆر جاری وا هەبووە لەوپەڕی حاڵ باشی دابوون لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، دەوڵەت سەرچاوەی تری هەبووە لە دارایی و ئابووری بەهێز، تەنانەت لە سەردەمی (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) خێرات و سەدەقات ڕۆیشتووە بۆ ئەو کیشوەرەی کە هەژارترین کیشوەرە کە ئەفریقیایە.
تەنها کەسێک نەبووە خێری پێ بشێ و وەری بگرێ، عوسمانییەکان لەوپەڕی بەهێزی ئابووری و سەرمایەدا بوون، کەچی بۆ بەرپەچدانەوەی نەیاران کەمتەرخەمیان نەکردووە، بە پێی وتەی ئەوان هەر کاتێ و لە هەر شوێنێ دەستکەوتی ماددی هەبووبێ جەنگ بوونی هەبووە، بەڵام مێژوو بە پێچەوانەی ئەوان بۆمان باس دەکات.
ئەگەر هەر گەلێک ئاشتەوایی لەگەڵ موسڵمانان کردبێ ئەوە دەستی ئاشتییان بۆ درێژ کردوون، ئەگەری دەستکەوتی مادیش لە ناویان زۆر بووە ئەگەر بیان ویستایە، ئەو تۆمەتە تۆمەتێکی بێ بنەما و بێ ناوەڕۆکە.
دەی ئەو بەناو ڕووناکبیر و بە ناو خوێندەوارانە با گوێ لە (ربعی کوڕی عامر) ڕابگرن کاتێک (ڕوستەم) لێ دەپرسێ:
چی ئێوەی هێناوەتە ئێرە؟ دەڵێ: هاتووین بۆ ڕزگارکردنی بەندەکان لە بەندایەتی بەندە، بۆ بەندایەتی خوای بەندەکان، لەتەسکی و تروسکی دونیا بۆ فراوانی دوواڕۆژ، لە ستەمی دینەکان بۆ دادگەری ئیسلام، کەسێ قبۆڵی بکات ئەوە وازی لێدێنین و دەگەڕێینەوە، کەسێ ڕێگری بکات ئەوە لەگەڵی دەجەنگین، خۆ ئەگەر داوای پارە و سامانیان بکردایە ئەوە پێیان دەدان، پێوستی بەو هەموو گرتن و کوشتنە نەدەکرد.
بەڵام فەلسەفەی بەکارهێنانی هێز لە ئیسلامدا لە وتەکانی هاوەڵی بەڕێز (ربعی کوڕی عەمر ر.خ) لەسەربێت بە ڕوونی دیارە بۆ ئەو کەسەی حەز بە ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان بکات.


تعليقات