بەشی بیست و چوارەمی ئەدەب؛ کورتەیەک لە ژیانی عەرەبی شەمۆ:

ئەم نووسەرە بلیمەتە ناوی( عەرەب)ە کوڕی (شێخ شەمۆ)ی شێخ (شامیل)ە لە بنەماڵەیەکی کوردی ئێزدییانە لە ساڵی (١٨٩٥) لە گوندی (سووسر) لە ناوچەی (قارس) لەدایک بووە و سەختی ژیانی دیوە و لە هەموو مەیدانێکی ژیاندا تێکۆشیوە.


ئەگەر سەیری تۆماری بەرهەم و نووسینەکانی بکەین، لەپاڵ ئەوانەدا کە باس کراون و لە پاڵ گەلێک گوتار و نامیلکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زمانەوانیدا ئەم بەرهەمە ئەدبیانەی تریش دەبینین:
١. ڕەبەن (هەژار)، ١٩٣٠.
٢. بەربانگ (بەیانی) ١٩٥٧.
٣ ژینا بەختەوەر، ١٩٥٩.
٤. کوردی ئەرمەنستان، ١٩٦١ (سیناریۆیە بۆ سینەما).
٥. دمدم، ١٩٦٦ ئەمەش ڕۆمانێکی (چیرۆکێکی درێژ) گەورەیە لە چیرۆکی ڕووداو و مێژووی قەڵای دمدمەوە وەرگیراوە.
٦. حیکایەتی کوردی ناو خەڵک، ١٩٦٧.
٧. کۆمەڵێک لەبەرهەمەکانی کۆکراوەی عەرەبی شەمۆ ١٩٦٩.

ئەگەر عەرەبی شەمۆ بە بەرهەمترین و بەناوبانگترین نووسەری کوردی سۆڤێتی بێت. ئەوا: حاجی جندی، جاسمی جەلیل، ئەمینی ئەبداڵ، موسەیی ئاخۆندۆڤ، باخچۆیی سلۆ، قاچاخی مراد…هتد، بە هەڵبەستوان و نووسەر ناویان دەرکردووە و خزمەتێکی زۆری زمانی کوردیان کردووە.
هەروەها بە کۆکەرەوەی سامانی دەوڵەمەندی فۆلکلۆری نەتەوەی خۆیان بەناو و دەنگن. دەبێت ئەوە ڕەچاو بکەین کە گەورەترین کار بۆ تۆمارکردنی فۆلکلۆری کوردی و وەرگێڕانی بە ئەرمەنی و ڕووسی لە یەکێتی سۆڤێتیدا بوونی هەبووە و لەلایەن زانایانی ئەم وڵاتەوە پەرەی پێدراوە.
حاجی جندی و ئەمینی ئەبداڵ خەباتێکی زۆریان لە ڕێگای بووژاندنەوەی زمانی کوردی لە وڵاتی سۆڤێتدا کردووە، بە هۆی نووسینەکانییانەوە نەتەوەی کوردیان بە گەلی سۆڤێتی و گەلانی تری دونیا ناساندووە.
هەروەها بە هاوکاری یەکتر چیرۆکی (لازۆ)یان لە ئەرمەنییەوە وەرگێڕایە سەر کوردی، یەکێک لە پلە گرنگەکانی گەشەسەندنی ئەدەبیاتی کوردی سۆڤێتی بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەی (فۆلکلۆری کوردی) دەست پێ دەکات کە لە ساڵی (١٩٣٦)دا لە یەریڤان چاپکراوە، لەم کۆمەڵەیەدا گەلێک باسی وەک خۆشەویستی و باری خێزانی کورد و حاڵی ژنان و دەسەڵاتی سەرتیرە و خاوەن دەسەڵات، جێگەی شیربایی (قەلەن، هەق) لە ژیانی خێزاندا، میوانداری، ئازایی. کوردان… هتد، ڕەنگی داوەتەوە.
لە ئەدەبیاتی کوردی سۆڤێتی ئەم سەردەمەدا دەنگی هەڵبەستی لیریک (هەست بزوێن، سۆزی) و بابەتی داستان ئامێز دیارە.
لە بەرهەمێکی حاجی جندیدا کە ناوی (شارێ) بوو، باسی یاسای بە شوودان و شیربایی دەکرد کە تا سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە چیاکانی پشت (قەفقاسدا) لە ناو نەوەی کۆندا مابوو. لەو بەرهەمەدا ناڕەوایی و سەختی پەیڕەوی کۆن بە ڕۆخسارێکی هونەرمەندانە دەربڕاو بوو.
ئادگاری (دیمەن)، (شارێ) کە قۆچی قوربانی دەستی شیرباییە بەرامبەر بەو باوکە پیرەی کە بە دەستی خۆی کچە خۆشەویستەکەی بەرەو مەرگ دەبات، هاوارێکە بەرامبەر بەو ڕەفتارە کۆنە، هەڵبەستوان زۆر سادە باسی ئازاردانی کچ و بە زۆر بە شوودانی دەردەخات کە ئەمە لە کۆندا سەرئەنجامی هەموو کچێکی کورد بووە.
ئەدەبیاتی گەلانی سۆڤێتی دەوروپشت کاریان کردووتە سەر ئەدەبیاتی تازەی کورد. لەبەرهەمی تازەی نووسەراندا باسی بابەتەکانی ئەم چەرخە دەبینین، وەک ئەوەی لەو کۆمەڵە هەڵبەستەدا دیارە کە ناونراوە (هەڵبەستوانانی کوردی سۆڤێتی، یەریڤان ١٩٥٦) یا لە کۆمەڵەی (ڕێگای نوێ)دا (تبلیس ١٩٥٨) یا لە کۆمەڵە هۆنراوەی هەڵبەستوانی کورد باخچۆیی ئیسکۆدا (تبلیس١٩٦١) دیارە.
دەستەی کۆنی هەڵبەستوانانی کوردی سۆڤێتی پێکەوە کۆمەڵە هۆنراوەیەکیان دەرکرد کە هەڵبەستی (ئەمینی ئەبداڵ و یوسفی بەکۆ و جاسمی جەلیل و حاجی جندی و وەزیری نادری) تێدا بووە، پاش ئەوان هەڵبەستوانانی کوردی گورجستان کۆمەڵە هۆنراوەیەکیان چاپکرا کە بریتی بوو لە بەرهەمی جەلیلی ئاجۆ، ئادۆی جەنگۆ، مۆرۆی مەمەد، قاچاغی مراد، باخچۆی سلۆ.
لە پاڵ ئەو باسانەدا کە لە ئەفسانەی خەڵکەوە وەرگیراون، هەروەها ڕەنگدانەوەی رووداوی ژیان تەواو ئەم هەڵبەستانەیان وا لێ کردووە کە لە ژیانی کوردی سۆڤێتیدا ڕەنگدانەوەی ژیانی تازە و کوردی ئەرمەنستان بەشێکی زۆری لە هەڵبەستی ئەمینی ئەبداڵ و ئادۆی جەنگۆ و عەزیزی سلۆی بەرکەوتووە.
هەروەک جەردۆی گەنجۆ لە چیرۆکی (گوندی تازە)دا “تابلۆی پایزی ئەڵەزمان” بۆ دەکێشێت لە هەموو بەرهەمی کۆن و تازەی هەڵبەستوانانی کوردی سۆڤێتیدا لە پاڵ هەموو ئەو باسانەدا کە گوتراون، سۆزێکی تایبەتی خۆشەویستی نەوتەوەی کورد دەبینرێت، سۆزی کوردێکی خۆ بە مێژوو و سەرفرازی و ئازایی خەڵکەوە بەستوو، سۆزی کوردێک کە هەست بە هەموو ڕابردوو و ئێستای ژیانی کورد بکات.
ئەدەبیاتی کوردی سۆڤێتی نەوەیەکی تازەی لە هەڵبەستوان و نووسەری پێگەیاند، لەوانە: میکایلی ڕەشید و قاچاخی مراد و عەزیزی سلۆ و عەتاری جەردۆ و کارلینی چاچان و شکۆی حەسەن و ئۆردیخانی جەلیل و چەند هەڵبەستوانێکی تر کە بەردەوام کۆمەڵە هەڵبەستێکیان لە تبلیس و یەریڤان چاپ دەکرا.
لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمی نووسەر و هەڵبەستواننای کورد بە ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی یەکێتی سۆڤێت ڕاگەیندرا، ئەمەش لە ڕێی وەرگێڕانەوە بۆ سەر ڕووسی و گورجی و ئەرمەنی و ئازەربایجانی و زمانانی ترەوەیە، هەروەک نووسەر و هەڵەبەستوانە کوردەکان وایان کرد کە گەلی کوردی سۆڤێتی بە زمانەکەی خۆی بەرهەمی (تۆلستۆی و پوشکین و لێرمەنتۆڤ و کریلۆڤ) و هەڵبەستوانان و نووسەرانی تر بخوێننەوە.
ئەگەر تاقە ڕەخنەیەک لە کە لە هەڵبەستوانانی کوردی سۆڤێتی بگیردرێت ئەوەیە کە هەڵبەستوانەکانیان بە هۆی ئەو ڕەوشە مێژووییەوە کە باسمان کرد، لەسەر بناغەی پتەو و ڕەنجی سەدان ساڵی ئەدەبیاتی کلاسیزمی کوردی دانەمزراوە، لەبەر ئەوە زۆر جار ساکاریی و سادەیی لە زمان و دەربڕیندا دەبینرێت و ئەو پێز و چێژەی ئەدەبیاتی کلاسیزمی کوردی تێکەڵ بە بناغە و ڕەگەزەکانی ئەو هەڵبەستوانە نەبووە، ئەمە بۆ هەڵبەست، بەڵام لە چیرۆکدا ئەوا ڕەوشی ئەوان پێشکەوتنی ئەو وڵاتەی کە ئەوان تێیایدا ژیاون وای کردووە کە گەلێک ڕەگەزی هونەری چیرۆک نووسینی ڕۆژئاوای تێکەڵ بە بەرهەمی چیرۆکیان ببێت و شتێکی تازە و بەنرخ بێتە ئەدەبیاتی کوردییەوە.
ئەم باسەی خوێندتان، باسێکی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی سۆڤێتی بوو، بەڵام ئەگەر بمانەوێ هەموو چاڵاکی ڕووناکبیری کەڵچەری کوردی سۆڤێتی باس بکەین، پێویستە باسێکیش لە هەڵبەستوانان و چیرۆک نووسانی لاوی ئەم سەردەمەش بکەین، دەبێت لای گەلێک باسی تر بوەستین کە هەریەکیان پیشاندان و لێکۆڵینەوەی زۆریان دەوێت وەک:
١. پەیدابوون و بەرەو پێش چوونی کتێبی قوتابخانە.
٢. ڕۆژنامەگەری و ڕۆڵی ڕۆژنامە (ڕێیا تازە).
٣. زمانەوانی و لێکۆڵینەوەی زمانی کوردی.
٤. فۆلکلۆری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە.
٥. دەستنووسی کوردی کۆن و لێ وردووبوونەوەی وەرگێڕان و چاپکردنی.
٦. نووسینەوەی مێژووی کورد و لێکۆڵینەوەی.

لەمانە و چەند مەیدانی تردا گەلێک ناوی درەوشەدار دەبینین کە هەریەکەیان وانەی تایبەتیان دەوێت، بەڵام وەک دەزانن باسەکەی ئێستامان بە شێوەیەکی کورت بۆ ئەدەبیات تەرخانکراوە.
یەکێک کە بیەوێت دەتوانێت لە زۆر سەرچاوەدا بە دوای ئەم باسانەدا بگەڕێت.

دواشت کە دەبێت بگوترێت، ئەوەیە کە ئەم بەرهەمانەی باسمان کرد، لە بنەڕەتدا بە کرمانجی ژووروو نووسراوە و شتێکی تێکەڵ لە بەشی (هەکاری و بۆتان و بایەزیدی ) ئەو دیالێکتەیە، بەڵام بەرەو پێش چوونی تایبەتی وای کردووە کە لە بناغەی کلاسیزمییەکەی کرمانجی ژوورەوە دووربن لە جیاتی عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیش زاراوەی تازەی زمانی تری تێکەڵ ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەتایبەتی لەپاش شۆڕشی چواردەی تەمموزی (١٩٥٨)ی عێراقەوە، ڕووناکبیرانی کوردی سۆڤێتی، چ بۆ خۆیان و چ لە بەرهەمیاندا لە گەشەسەندنی ئەدەبیاتی کوردی عێراق دانەبڕاون.

تعليقات