بەشی نۆیەمی فەلسەفە؛ زانست لە سەردەمی نوێدا:

ناتوانین ئەو پێشکەوتنە زانستییەی کە لە ئەورووپا ڕوویدا، لە دەستکەوتە زانستییەکانی زانا موسڵمانەکان جیابکەینەوە و لێکیان داببڕین.


لەو بەندەی تایبەت بە مێژووی فەلسەفە ئەو هۆکارانە دەخەینە بەرچاو کە بوونە مایەی گۆڕانی بیرکردنەوە سەبارەت بە زانست و فەلسەفە….
هەروەها لەو بەندەی تایبەت بە بەرنامە، هێڵەکانی بەرنامەی زانستی نوێ ئاگادار دەبین، و لە بەندەکانی دیەکدا بە کورتی لە مێژووی فەلسەفە دەکۆڵینەوە و لە فەیلەسووفانی سەردەمی نوێ دەدوێین کە تایبەتمەندێتیەکانی تێڕوانینی زانستی نوێیان دروستکردووە چ بە ڕێبازی ئەزموونکاری بێت، یان بیرکاری و ئەنجام بە دەستەوەدان و ژیرێتی بێت.
ئەوەی کە ئێستاکە پێویستە لەسەرمان لێی بدوێین: تایبەتمەندێتیە سەرەکییەکانی تێڕوانین و بەرنامەی زانستیانە و سرووشتی زانستی ئەمڕۆیە، کە ئەمانەن:
یەکەم – ناتوانین ئەو پێشکەوتنە زانستییەی کە لە ئەورووپا ڕوویدا، لە دەستکەوتە زانستییەکانی زانا موسڵمانەکان جیابکەینەوە و لێکیان داببڕین.
دووەم – جیابوونەوەی زانستەکان بەرەبەرە لە فەلسەفە، بە تەنیا لە سەردەستی زاناکان نەهاتووەتە دی (پێک نەهێنراوە)، بەڵکوو فەیلەسووفەکانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.
سێیەم – پشتبەستن بە تێبینیکردنی دیاردەکان و تاقیکردنەوەیان بە کرداری، لە بڕی ئەوەی تەنیا بە ( ئاخاوتن – لێدوان) بێت، واتا تێگەیشتنی سرووشت و چارەسەری کێشەکانی ژیان و لێکدانەوەی دیاردە سرووشتییەکان لە ڕێگەی ڕامانی بیردۆزییەوە ڕانەوستاوە، یان بە هۆی نیشانە و هێما بێژییەوە بن، بەڵکوو زاناکان شتەکان دەدۆزنەوە و فەیلەسووفەکانیش ئەنجامەکان کۆ دەکەنەوە و فەلسەفەکەی لێ پێک دەهێنن.
چوارەم – زانست و یاسای زانست، بەروبوومی ئەزموون و تاقیکردنەوەکان بوون، ئەرکی زاناکان توێژینەوەی دیاردە دەست نیشانکراوەکان و لە ڕاستیەکی بچووکەوە ڕۆیشتوونە بۆ یەکێکی دیکە، وردەوردە لەسەر دەستی ژمارەیەکی زۆری زانایانی بوارە جیاجیاکاندا تەلاری زانیاری بەرز بووە و تێڕوانینێکی ڕاستەقینانەتر بۆ جیهان و شتەکان سەری هەڵدا.
پێنجەم – هەموو زانستێک بۆ کارپێکردن و ڕاپەڕاندن دەشێت، جا ئیتر ئەو زانستە پەیوەندی بە بابەتەکانی زەوییەوە بێت یان ئاسمان، یا خود پێویستە سادەکانی ژیان بێت وەک خۆراک و پاراستنی، ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە: زانست و بیر تەنیا بۆ (لێکدانەوە)ی جیهان و شتەکان نین، بەڵکوو بۆ گۆڕانکاریەکانیشە.
شەشەم – هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی بیرکاری و پێوەرە چەندێتییەکان لە زانستدا، واتا داڕشتنی یاسا زانستییەکان لە بۆنەیەکی بیرکارییانەدا، واتا لە شێوەی ڕێژە ژمێرکاریەکاندا، بۆ نموونە: با نەڵێن ئەمڕۆ هەوا گەرمە، بەڵکوو بڵێین گەرماییەکەی ئەمڕۆ (٣٥) پلەی سەدییە، لەگەڵ دانانی ڕێژەی ژمارەیی بۆ پلەی شیکاری یان (ئیحتمال) و ڕاستەقینەیی و دابەزاندنی یاساکان بەسەر بارودۆخە توێژینەوەییەکان.

تعليقات