بەشی شەشەمی ئیسلام و شمشێر؛ دەست بردن بۆ شمشێر دوای سێزدە ساڵ خۆڕاگری:

دوای سێزدە ساڵ لە ئازار و مەینەتدا خۆگری و ئارام گرتنی مسوڵمانان زیاتر (بت پەرستەکانی) هێنابووە هەژان، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ شێوازی جۆراوجۆریان لە ئازاردان لەسەر موسڵمانان تاقی دەکردەوە.


بەڵام پێغەمبەر (د.خ) لەسەر، لەگەڵ یارانی هیچ کاردانەوەیەکەی نەرێنیان نەبوو تا بەڵگە بۆ دانیشتووانی مەککە نەهێڵێن لەسەر بەردەوام بوونیان لەسەر ئەم بیروباوەڕە گەندەڵ و قێزەونە، بۆیە هیچ بڕیاری تێکۆشان نەبوو، خوای کاربەجێ فەرمانی بە جیهاد کردن پێدابوو، بەڵام جیهادی بانگەواز، جیهادی خۆگری و ئارام گرتن (… وَجَاهِدْهُم بِهِ جِهَادًا كَبِيرًا ﴿٥٢﴾ سورة الفرقان، واتە جیهادی ڕاپەڕین و جەنگ لە قۆناغی مەککە بوونی نەبوو، لە دوای وەدەرنانی موسڵمانان و داگیرکردنی سەروەت و موڵک و سامانیان لە دوای لێک جوداکردنی خۆشەویستان و شەهید کردنی یارانی تازە و ڕێبوار لە کاروانی هیدایەت و ڕێگای ڕاستی یەکتاپەرستن کە خودای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرەکەی دا کە شاری مەککە بەجێ بهێڵێت بەرەو مەدینە کۆچ بکات.

لە دوای بەجێ هێنانی فەرمانی خودای، بێباوەڕان هەر بەردەوام بوون لەسەر دژایەتی کردنی ئایینی تازە بە سەرپەرشتی پێغەمبەری خودا محەممەد کوڕی عەبدوڵڵا (د.خ) لەسەر، دژایەتی جۆراوجۆر و پلان بۆ لەناوبردنی کیان و بوونی موسڵمانان لە مەدینە، ڕێگری لەبەردەم تازە موسڵماناندا، جەنگی دەروونی و پڕۆپاگەندە، ئەوجا فەرمانی خوای گەورە دەرچوو بە بەرگری کردن لە خود و ئایین و بیروباوەڕ، بە تەمبێ کردنی هەموو ئەوانەی ڕێگرن لەبەردەم بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلامی پیرۆز، هەروەک خودای گەورە دەفەرموێت:

( أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا ۚ وَإِنَّ اللَّـهَ عَلَىٰ نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ﴿٣٩﴾ الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِن دِيَارِهِم بِغَيْرِ حَقٍّ إِلَّا أَن يَقُولُوا رَبُّنَا اللَّـهُ ۗ وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّـهِ النَّاسَ بَعْضَهُم بِبَعْضٍ لَّهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّـهِ كَثِيرًا ۗ وَلَيَنصُرَنَّ اللَّـهُ مَن يَنصُرُهُ ۗ إِنَّ اللَّـهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ ﴿٤٠﴾ الَّذِينَ إِن مَّكَّنَّاهُمْ فِي الْأَرْضِ أَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ وَأَمَرُوا بِالْمَعْرُوفِ وَنَهَوْا عَنِ الْمُنكَرِ ۗ وَلِلَّـهِ عَاقِبَةُ الْأُمُورِ ﴿٤١﴾ ) سورة الحج

واتە: بڕیار و مۆڵەتی تۆڵە کردنەوەی داوە بەرامبەر بەو ئیماندارانەی شەڕیان بەسەردا سەپێندراوە و ستەمیان لێکراوە (ئیبن عەباس ر.خ) لێبێت دەفەرموێت: ئەم ئایەتە یەکەم ئایەتێکە بۆ ڕێگەدان بە جیهاد، گەلێ جاران یاران و هاوەڵان بە سەرشکاوی و دەستشکاوی دەهاتنە لای پێغەمبەر (د.خ) لەسەر ئەویش دەیفەرموو: خۆتان ڕابگرن تا ئێستا فەرمان بە جیهاد نەهاتووە، ئەوسا لەناچارییدا کۆچیان کرد، پاشان ئەم ئایەتە هاتە خوارەوە و مۆڵەتی جەنگیان پێدراو و دڵنیاشی کردن هەمیشە لە ژێر حیکمەت و پارێزگاری خوادا دەبن.

بەڕاستی خواش بۆ یارمەتی دانیان زۆر بە توانا و بەهێزە، چونکە ئەو بڕوادارانە سەرەڕای ئەوەی ستەمی عەقیدەییان لێکراوە و لە وڵات و ناوچە و خاک و نیشتیمانیان دەرکراون، بۆیە دەفەرمووێت: ئەوانە هەر بە ناهەقی لە زێد و ماڵ و شاری خۆیان دەرکراون هیچ گوناهیان نەبووە مەگەر هەر ئەوەندە کە گوتویانە: پەروەردگارمان (خوا)یەکی تاک و تەنیایە.

دیارە ئەمان وەک ئەوان هیچ کەسێکیان نەدەکردە هاوبەش و هاوەڵی خوای گەورە، بێگومان هەموو کاتێ ملهوڕان لەو یەکلابوونەوەیە ترساون و دەیشترسن، سوننەتی خوا وایە کە ئەگەر خوا خۆی هەندێ خەڵکی بە هەندێکی دی پاڵ پێیەوە نەنابا و فەرمانی جیهادی نەدابا هەرچی دێر و پەرستگای گۆشەگیران (ڕەهبان) و پەرستگای جوولەکەکان و مزگەوتی موسڵمانان کە ناوی خوایان زۆر تێدا دەبرێ، وێران دەکران – واتە بێ بڕوایان زاڵ دەبوون بەسەر تەواوی ئایینە ئاسمانییەکاندا و گشت پەرستگاکانیشیان وێران دەکرد.

بێگومان خودا یارمەتی ئەو کەسە دەدات کە یارمەتی ئایینەکەی ئەو بدات و مەڵبەندەکانی خوا پەرستی بپارێزێت، لە پێناویاندا جهیاد بکات، خۆ حیکمەتی خوداش وایە هەرگیز یارمەتی تەممەڵ و خۆ لاوازکار و سستەکان نادا، بەڵکوو تەنها یارمەتی ئەهلی گۆڕەپان و تێکۆشەران دەدات، بە ڕاستی خودا زۆر بەهێز و زۆر بە دەسەڵاتە.

ئەوانەی وا شایستەی ئەوەن کە خودا یارمەتیان بدات و بەرگریان لێبکات کەسانێکن کە ئەگەر خودا لەم زەوییەدا پایەدار و بەهێزیان بکا و دەسەڵاتیان پێ بدا، نوێژ بە ڕێک و پێکی دەکەن و ملکەچی فەرمانی خودا دەبن و بەشێکی سامانیان لە زەکاتدا دەدەن – واتە مافی داراییان جێبەجێ دەکەن و فەرمان بە چاکە دەدەن و خەڵک بەرەو خێر و خۆشی و سەلامەتی و ئاشتی دەبەن و بەر لە کاری خراپە دەگرن و ڕووبەڕووی فەساد و هێزی شەڕ دەوەستن، کۆتایی و سەرئەنجامی هەموو کارەکانیش هەر بۆ خوای گەورەیە.

شمشێر لە ئیسلامدا ئامانج نییە، بەڵکوو هۆکار و میکانیزمە بۆ بەدیهێنانی مەبەستە لە کاتی نەمانی ڕێگا چارەی تر هانای بۆ دەبردرێ، ئەگەر شمشێر لە ئیسلامدا مەبەست بوایە بۆ لەگەڵ یەکەم بانگەوازدا هانا بۆ توندوتیژی نەدەبردرا؟ خۆ پێغەمبەر (د.خ) لەسەر خاوەنی هۆزێکی گەورە بوو، ئەو و خەڵکەکەی بڕوایان پێهێنا، ئامادەبوون گیانی لە پێناودا بەخت بکەن.

سەیری قورئان بکە نە لە قۆناغی مەککە و نە لە مەدینە تەنها یەک ئایەت پەیدا ناکەی باسی شمشێر بکات، هەموو ئەو ئایەتانەی باسی شەڕ و کوشتن دەکەن دیاریکرا و دەستنیشانکراون، ئایەتێک نیە بە ڕەها باسی کوشتن بکات، هەروەک ئایەتی (لا اکراە في دین…) یاسایەکی دیارە بۆ سەلماندنی ئاشتی و ئاشتیخوازی ئیسلامی.

لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ ۖ قَد تَّبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ ۚ فَمَن يَكْفُرْ بِالطَّاغُوتِ وَيُؤْمِن بِاللَّـهِ فَقَدِ اسْتَمْسَكَ بِالْعُرْوَةِ الْوُثْقَىٰ لَا انفِصَامَ لَهَا ۗوَاللَّـهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ ﴿٢٥٦﴾ سورة البقرة

به‌هیچ جۆرێک زۆر کردن نیه له وه‌رگرتنی بیروباوه‌ڕی ئیسلامدا (دینداری به‌زۆر نابێت بکرێت و دین به‌زۆر نادرێت به‌سه‌ر که‌سدا)، چونکه به‌ڕاستی ڕێبازی چاک و دروست؛ ڕوون و ئاشکرا بووه و جیابووته‌وه له گومڕایی و سه‌رکه‌شی، جا ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی نه‌بێت به ـ تاغوت ـ (که بریتیه له‌: هه‌موو ڕێگه ‌و ڕێباز و هێز و به‌رنامه‌ و لادان و بتێک) وە باوه‌ڕی دامه‌زراو بهێنێت به‌خوا، جا بێگومان ئه‌وکه‌سه ده‌ستی گرتووه به به‌هێزترین هۆکاری ڕزگارییه‌وه‌، شوێن دامه‌زراوترین بیروباوه‌ڕ که‌وتووه‌، که هیچ پسان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌کی بۆ نییه و هه‌میشه پته‌و و دامه‌زراوه‌، خوای گه‌وره‌ش بیسه‌ر و زانایه‌. (٢٥٦) سورة البقرة



تعليقات