بەشی حەفتا و شەشەمی مێژوو؛ ژیانی کۆمەڵایەتی سەردەمی سۆمەرییەکان:

گەڕان بە دوای ژیانی کۆمەڵایەتی کارێکی بەپێزە، بۆ زانینی پەیوەندییەکانی نێوان دانیشتوان و گرفتەکانیان و ئاستی ژیانی ڕۆژانە و گوزەرانیان و ئاستی ڕۆشنبیریان و ئاشنابوونیان لەگەڵ داب و نەریتیان و دیاریکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکانیان و زمان و سرووشتی نیشتەجێبوونیان:


ئەلف: چینە کۆمەڵایەتییەکان:
کۆمەڵگەی دۆڵی دووئاوان لە دوو چینی سەرەکی پێکهاتبوو، ئازادەکان و کوێلەکان، بە گوێرەی یاسا و نەریتەکانی ئەو سەردەمە، ئەندامانی چینی (ئازادەکان) هەموو وەکوو یەک نەبوون.
چونکە ئازادی هەندێکیان سنووردار بوو، چینی گشتی کە زۆرینەی دانیشتوانیان پێک دەهێنا، زۆربەیان هەژاربوون، ئازادیان لە ئازادی چینی حوکمڕانی دەوڵەمەندەکان کەمتر بوو… ئەو توێژە بە پێی یاسای حەمورابی لە کۆمەڵگە پێیان دەگوترا (هەژارەکان – موشکینم) چینی دەست ڕووەکانیان پێیان دەگوترا (چینی یەکەم- ئویلم).
لە ڕووی کردارییەوە کۆمەڵگە لەم توێژانە پێکهاتبوو:
١- خێزانی پاشا: پاشا و منداڵەکانی و ژنەکانی دەگرتەوە، پایەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بڵندی هەبوو، لە کۆشکی ڕازاوە دەژیان، کە هەموو هۆکارەکانی گوزەرانی تێدابوو، ژمارەیەکی زۆر لە بەردەست و کۆیلە خزمەتیان دەکردن.
٢- چینی دەسەڵاتدار: میر و بەگزادەکانی بنەماڵەی پاشا و نەجیب زادەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ خاوەنی زەویە بەرینەکان و سەرکردەکانی سوپا و فەرماندەرانی هەرێمەکان و پیاوە ئایینییەکان و گەورە بازرگانان.
٣- دادوەری پزیشکان و نووسەرەکان ومامۆستایان و خاوەن پیشەکان..خوشگوزەران بوون و ژیانی باشیان بردووتە سەر.
٤- چینی گشتی: بازرگانە بچووکەنان و خاوەن پیشەکان و کارمەندانی کێڵگە و ڕەزەکان دەگرێتەوە، ئەم خەڵکانە لە خانووی بچووکدا گوزەرانیان دەکرد و بە کاری ڕۆژانە بژێویان دابین دەکرد، زۆر جار ئەم جۆرە کەسانە دەکەوتنە ژێر ڕکێفی قەرزداریەوە بەتایبەتی لەکاتی قەیرانە ئابووریەکان، ناچار دەبوون کوڕان و کچانیان بفرۆشن یان ئازادییان لەدەست بدەن و دەبوونە کۆیلە.
٥- کۆیلەکان: پیاوان و ژنان دەگرێتەوە، ئەوانەی کە لە شەڕەکاندا بەدیل دەگیران یان ئازادی خۆیان بە هۆی هەژاری لەدەست دەدا، هەروەها منداڵە غەیرە شەرعییەکان دەبوونە کۆیلە، منداڵە کۆیلەکان سەرچاوەیەکی تری چینی کۆیلە بوون.
کویلە بە موڵکی ئاغاکەی دادەنرا، نیشانەی کۆیلەی لەدەست یان لە لەشی دەدرا، ئاغاکەی بۆی هەبوو بیفرۆشێ یان بە خەڵات بیدا بەم و ئەو وێڕای ئەوەش، کۆیلە هەندێک مافی هەبوو وەکوو ژن هێنان و خاوەنداری.. یاساکان سزای ئەو کەسانەیان دەدا کە دەست درێژیان بەو کوێلەکان دەکرد.
ب: خێزان: خێزان لەسەر بنەمای داب و نەریت و یاساکانی باوی ئەو سەردەمە دادەمەزرا.
هەنگاوی یەکەم بە هەڵبژاردنی هاوسەر لە لایەن کوڕەوە دەستی پێدەکرد، کە برادرەکانی بۆ ئەم مەبەستە دەکردە ناوەند یان لە ڕێگەی باوک و دایکەوە پاشتر داوا دەکرا، پاش ڕەزامەندی کەسوکاری کچ، دیاری پێشکەش بە بووک دەکەرا، ئاهەنگیان دەگێرا و وەکوو ڕشتنی گوڵا و ڕۆنی زەیتوون بەسەر بووکدا، جار وابوو بە هۆی ناکۆکی نێوان کەسوکاری بووک و زاوا، مارەیەکە هەڵدەوەشێنرایەوە.
ژن هێنان لە تەمەنێکی منداڵیەوە دەستی پێدەکرد..پاش کۆتایی پێهێنانی داواکاری، ئاهەنگەکانی مارەبڕین دەستی پێدەکرد و ژن هێنانەکە مۆرکی یاسیای دەگرتە خۆ.
پیاو بە گەورەی خێزان دادەنرا و پێویست بوو خێزانەکەی بژینێ و خاوەنی دەسەڵاتی یەکەمی هەبوو لە ناو خێزاندا، ژن زۆری باوبوو، واتا پیاو زیاتر لە ژنێکی دەهێنا، لە یاسیای حەمورابی هاتووە، پیاو لە حاڵەتی نەزۆکی ژنەکەی، یان نەخۆشییەکی بەردەوام بۆی هەبەوو ژنی دووەم بهێنێت.
ژن بۆی هەبوو داوای جیابوونەوە (تەڵاق) لە مێردەکەی بکات ئەگەر پیاوەکە کارێکی ناوبانگ خراپی ئەنجام بدایە بۆ ناوزڕاندنی خۆی یا ژنەکەی.

تعليقات