بەشی یازدەیەمی فەلسەفە؛ بیرکردنەوەی فەلسەفیانە:

فەیلەفسووف وەکوو (فرانسیس بەیکۆن) دەڵێت، لە (هەنگ) دەچێت کە شیلەی گۆڵان دەمژێت، تاکوو هەنگوینمان بۆ دروست بکات، یان لە (مایسترۆ)ی سەرکردەی ئۆرکێسترا دەچێت .


لەمەوبەر، سەبارەت بە فەلسەفە و ئاستەکانی و سەرچاوەکانی پێناسەکانی و بابەتە سەرەکیەکانی و پرسیارە گرنگەکانی و جیاوازییەکانی نێوان فەلسەفە و نێوان بیرکردنەوەی ئەفسانەییانە و ئاینییانە و زانستییانە دواین لەبەر ئەمە ئێمە لێرەدا زۆر لەسەری ناڕۆین و بە شێوەیەکی تایبەتی خەریکی کۆکردنەوەی تایبەتمەندیە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەبین.
تایبەتمەندییەکانی بیرکردنەوەی فەلەسەفییانە:
١- فەلسەفە واتە بیرکردنەوە:
فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە گەردوون، لە مرۆڤ، لە زانیاری و ڕێگاکانی زانیاری، ڕوونتر بڵێین: ئێمە کاتێک لەمەڕ ئەفسانە و ئایین و زانستی سرووشتی دەدواین هەڵوێستی جادووگەر و پیاوی ئایینی و زانایانمان نەگرتەبەر، بەڵکوو فەلسەفەکاریمان دەکرد، یان شیکردنەوەکانمان لە ڕێگەی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دەخەینە بەرچاو، تەنانەت کاتێک خەریکی شیرکردنەوەی پێناسە شیاوەکانی فەلسەفە بووین نەخشەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سەرچاوە و ئامانجەکانیمان دەکێشا ئەو کاتەش هەر فەلسەفەکاریمان دەکرد.
٢- فەلسەفە پرسیارکردنە، یاخود پرسیارێکی گەورەترە:
واتای پرسیاری گەورەتر، ئەوە پرسیارێکی گەورە پێشکەش دەکات، بەڵکوو واتای پرسیارێکی هەمیشەییە، تەنانەت گرتوویانە: پرسیارەکان لە فەلسەفەدا لە وڵامدانەوەکان گرنگترە، چونکە فەلسەفە وڵامی یەکجارەکی و کۆتایی پێهێنەر ناداتەوە، چونکە وڵامی کۆتایی، کۆتایی هاتنی فەلسەفە خۆیەتی، تەنانەت کۆتای هاتنی هەموو بیرکردنەوەیەکە، فەلسەفە هەمیشە شتەکان لە شێوەی پرسیاردا دادەڕێژێت، گشت وڵامێکیش هەر فەیلەسووفێک لەمەڕ هەر کێشەیەک بیداتەوە، نرخ و بەهاکەی لەوەدایە کە ذەشێت فەیلەسووفێکی دی لە نێوان گفتووگۆ و هەڵسەنگاندنی خەوشەکانیدا، بتوانێت پرسیارەکە بە شێوەیەکی گونجاوتر دابڕێژێتەوە، لەبەر ئەوە فەلسفە بڕوای بەوە هەیە کە هۆشمەندان مافی دەربڕینی ڕایان هەبێت.
گرنگترین تایبەتمەندی فەلسەفەکاری و پرسیاری فەلسەفییانە ئەوەیە لە سنووری بینین، یان ئەزموون، کە زانایەک پێی هەڵدەستێت ناوەستێ و شتەکان وەک پارچەی پەرش و بڵاو نابینێت، وەک دەنکە پەرشبووەکانی تەزبێحێکی پەت پچڕاو بۆیان ناڕوانێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات ئەم پارچە و بەشانە و ئەم دیاردە بە دوویەکەدا هاتووانە گشتیان پێکەوە ببەستێتەوە، تا دەگاتە ئەو چەمکە سەراپاگیرییانەی هەموو بەش و پارچەکان بە خۆیانەوە گرێ دەدەن و گشتیشیان پێکەوە لێکدەدەنەوە، ئا بەم جۆرە فەلسەفە لەمەڕ دیاردە مادییەکان دەگاتە چەمکی (سرووشت) و سەبارەت بە بوونەوەرە ژیرەکانیش دەگاتە چەمکی (مرۆڤایەتی)، سەبارەت بە دیاردەکانی گەردوونیش دەگاتە چەمکەکانی پێکەوە بەستنی هۆکارێتی سیستەم و ئامانج و گەشەسەندن.
ئەم ئەرکە پێویتی بە کاری زیاتر هەیە لە بواری زانست و زانیاری و شارەزاییدا، ئەمەیان پسپۆرێتی فەیلەسووفە کە لە هەموو ڕووداو و دیاردەکەیدا چ لە بواری سرووشتدا بێت، یاخود لە بواری ڕەوش و بەهاکاندا بێت، ئەو پەڕی بنەما و رەگەز و سەرچاوەکانی دەپشکنێت و هەڵیان دەسەنگێنێت.
٣- فەلسەفە رەخنە و شیکردنەوەیە:
لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی بیردکردنەوەی فەلسەفییانە، ئەوەیە کە بیرکردنەوەی ڕەخنەییانەی ئەو زانیاری و بیروڕا و بیردۆز و بۆچوونانەیە کە باون، جا چ بە ڕاشکاوی و ئاشکرایی بێت، یاخود بە ناوخنی و نا ئاشکرا، لەمەشدا مەبەستی ئەوەیە ڕاستی و دروستییان یا خود ساختەیی و نادروستییان بخاتە ڕوو.
ئەو بنچینە زانیارییانەی کە ئەو زانراوانەیان لەسەر بنیادنراون، نموونەی ئاشکرای ئەمە لە مێژوودا هەیە، وەک (غەزالی) کە دەستی دایە ڕەخنەگرتنی بنەما زانیارییەکان، وەک ئەندامەکانی هەستکردن و زانیارییە هەست پێکراوەکان و بڕوا و بەڵگە نەویستە ئایینییەکان و ژیری و زانیارییە ژییرییەکان.
هەروەها (دیگارت) یش کاتێک دوای گەڕان و پشکنین و ماندووبوون، هەردووکیان گەڕانەوە بۆ زانیاری بێگومانێتی( یەقین).
فەلسەفە هەر بە رەخنەلێگرتنی باوەڕ و زانیاری و بیردۆزەکانەوە ناوەستێت، بەڵکوو ئەرکێکی دی دەگرێتە ئەستۆی کە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئامرازەکانی زانیاری خۆیەتی، وەک هەستەکان و ژیری هەروەها سەبارەت بە (دەرفەتی سەرهەڵدانی زانیاری) و ….هتد، دەدوێت کە هەموویان دەکەونە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت (بیردۆزی زانیاری – ئەیپستمۆلۆژیا).
هەروەها ئەرکی ڕەخنەیی شیکردنەوەی فەلسەفی، واتای (تۆێژینەوەی بەرنامەکان دەبەخشێت کە زانستە جۆراو جۆرەکان بەکاریان دەهێنن، وەک بیرکاری و سرووشتناسی، لە پێناوی دۆزینەوەی ئەو بنەمایانەی کە ئەو بەرنامانەی لەسەر دادەمەزرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ یەکگرتوو.
٤- فەلسەفە، پێکهێنان و دروستکردنی باوەڕەکانە و ڕامانە:
ئەم تایبەتمەندییە خاسیەتی تایبەتی و بەردەوامی فەلسەفە بووە لە بوونیەوە تا ئێستا، کە بریتییە لە دروستکردنی ڕێباز و هەڵوێستە بیرییە سەراپاگیرییەکان، لێرەدا بایەخی تایبەتی بەو دەر ئەنجامانە چاوەڕوانکراوە دەدرێت کە لە پێکەوە بەستنی گشت ئەو زانیارییانەوە بەدەست دەهێنرێت کە مرۆڤ کۆی کردوونەتەوە، هەروەها لە هەموو ئەزموونە گشتییەکانی مرۆڤیشەوە نەک لە بایەخدان بە بەرنامە و کەرەستە بەکارهێنراوەکان.
لەم چالاکی (پێکهێنان و پێکەوە بەستنی زنایارییەکان) دا فەیلەسفووف بە دوای سەراپاگیریترین ڕا و بۆچوونی شیاودا دەگەڕیت لەمەڕ گەردوون و مرۆڤ و سرووشتی ڕاستییەکە و واتای ژیان و بنەمای هۆش و پایەی مرۆڤ و چارەنووسی و …هتد.
مەبەست لێرەدا سەراپاگیرێتییە، وتا گەیشتن بە تێڕوانینێکی کۆی گشتگیری، لێرەدا فەیلەسووف لە بری پسپۆرێتی زانا لەو مەڵبەند و دەزگایانە دەچێت کە پێشوازی هەموو ئەنجامێکی زانستە جۆراوجۆرەکان و شارەزاییە بە کۆمەڵەکانی خەڵک دەکەن، فەیلەفسووف وەکوو (فرانسیس بەیکۆن) دەڵێت، لە (هەنگ) دەچیت کە شیلەی گۆڵان دەمژێت، تاکوو هەنگوینمان بۆ دروست بکات، یان لە (مایسترۆ)ی سەرکردەی ئۆرکێسترا دەچێت.

تعليقات