بەشی پازدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)، قۆناغی شەشەم: ساڵی (١٩٩١–٢٠٠٣):

بەشی پازدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)، قۆناغی شەشەم: ساڵی (١٩٩١–٢٠٠٣):


ئەم قۆناغە لە دووای داگیرکردنی (کوێت) لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستپێدەکات.

هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر عێراق گۆڕان و جیهان کەوتە دوخێکی تایبەتمەندەوە.

لە ڕۆژی (١٩٩١/٠١/١٧) هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا بە ناوی گەردەلوولی بیابان، گورزێکی کوشندەیان لە ڕژێمی عێراق وەشاند.

عێراق بە شکستێکی گەورە لەو جەنگەدا هاتە دەرەوە، بەعس لە ناوەخۆ لاواز بوو، هەر بۆیە گەلانی عێراق بە کورد و عەرەبەوە دەستیان بە ڕاپەڕین کرد، لەم ڕاپەڕینە چەندین شار لە کوردستان و باشووری عێراق ئازادکران.

ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ و کۆڕەوە ملیۆنیەکەی هەمان ساڵ، دەرفەتێکی لە باری بۆ کورد ڕەخساند، تا شێڵگیرانە بۆ هێنانە دی مافەکانی کار بکات، چونکە ئەم ڕاپەڕینە مێژووییە هەموو ئەو ناوچانەشی گرتەوە، کە بەعس دەیان ساڵ بوو خەریکی سڕینەوەی مۆرکە نەتەوەییە کوردییەکانی بوو.

لە مایسی هەمان ساڵ کورد لە گەڵ حکوومەتی عێراقی داگیرکەر چووە ناو دانووستانەوە، بە مەبەستی بەدیهێنان و چەسپاندنی مافەکانی لە عێراق، بەڵام دانووستانەکە زوو گەیشتە بنبەست، لەبەر ئەوەی حکوومەتی ئەوسای عێراق، هەرگیز ڕازی نەبوو بە داواکارییەکانی کورد، کە یەکێکیان (گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکووک بوو بۆ زێدی خۆیان).

پڕۆسەی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن کە حکوومەتی عێراق پێشتر دەستیپێکردبوو، لە ساڵی ١٩٩١ بەرفراوانتر و مەترسیدارتر بوو، بە تایبەتی بۆ تێکدانی باری ئیتنۆگرافی و نەتەوەیی پارێزگای کەرکووک و شارەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس، تا ڕووخانی ڕژێم لە (٢٠٠٣/٠٤/٠٩).

هەرچەندە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەکان بەستراوەتەوە بە مادەی (١٤٠)ی دەستووری نوێی عێراقی داگیرکەرەوە، کە بە پێی ئەم مادەیە دەبوایە تا کۆتایی ساڵی (٢٠٠٧) کێشەی پاکتاوی ڕەگەزی لەم ناوچانەدا چارەسەر بکرابایە و چارەنووسیان دیاریبکرابایە، کە دەچنە سەر سنووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یا لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند دەمێننەوە، بەڵام تاکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ئەو بەندە دەستووریانەش مسۆگەر نین لەبەردەم هێزە توندڕەوە عەرەبییەکاندا، تاکوو بەرجەستە بکرێت.



تعليقات