بەشی دووازدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی پێنجەم ساڵی(١٩٨٠–١٩٩١ی.ز):

بەشی دووازدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی پێنجەم  ساڵی(١٩٨٠–١٩٩١ی.ز):


حیزبی بەعس لەم قۆناغەدا توانایەکی زۆری لۆژیستی، ئابووری و ستراتیژی تەرخانکرد، بۆ فراوانکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن و سڕینەوەی شوناسی کوردی لە ناوچە کوردییەکان.

لە نیوەی دووەمی ئەم قۆناغە دەچێتە مەترسیدارترین ڕەوشیەوە، کە تێیدا نوێترین تەکنیک و شێوازی سەربازی و چڕترین پیلان بەکار دەهێنرێت، بۆ هەڵتەکاندن و سڕینەوەی بوونی کورد لە کوردستان.

قۆناغی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی گۆڕی، لە شێوازە کۆنەکەیەوە بۆ شێوازێکی نوێ، ئەویش قۆناغی (ژینۆساید-جینوساید)بوو.

لەم قۆناغەدا ترسناکترین و نوێترین تەکنۆلۆژیای سەربازی قەدەغەکراو بەکارهێنرا بۆ قڕکردنی کورد، کە ئەویش بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بوو، بۆ لێدانی شاری هەڵەبجە لە ساڵی (١٩٨٨ی.ز).

لە ئەیلوولی ساڵی (١٩٨٠ی.ز) جەنگی خوێناوی (ئێران–عێراق) هەڵگیرسا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هەردوو لا بوونە سووتەمەنی ئەم شەڕە خوێناوییە و هەردوو وڵاتی داگیرکەر تووشی زیانی مادی و گیانی گەورە بوونەوە، لە نێوان ئەم جەنگەدا کرداری بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی دانیشتوان بە گۆڕتر بوو، بە شێوەیەکی فراوان ئەم ناوچانەی گرتەوە.

١. لە پارێزگای سلێمانی (قەزای پێنجوێن و شارۆچکەی بیارە و شارۆچکەی سیوەیل و ئۆردووگای ناڵپارێز و گوندەکانی دەورووبەریان).

٢. لە پارێزگای هەولێر (قەزای چۆمان و گوند و شارۆچکەکانی).

لە پاش ئەوەی ڕژێمی عێراقی داگیرکەر هەموو ناوچە سنووریەکانی بە درێژایی سنووری (باشوور–باکوور، باشوور- ڕۆژئاوا)ی کوردستانی، بە بیانۆی پشتێنەی ئەمنییەوە چۆلکرد و ڕاگوێزران، راگواستن تا دەهات فراوان دەبوو بە جۆرێک لە هەشتاکاندا بە قوڵایی (٤٠ کم)، ناوچە کوردییەکان ڕاگوێزران و دانیشتووانەکانیان لە کۆمەڵێک ئۆردووگای زۆرەملێ کۆکرانەوە، لە دوای ئەمە تاوانە گەورەکەی ئەنفال دەستیپێکرد.

هەر لە نێوان جەنگی هەشت ساڵەی (ئێران-عێراق)، کرداری ڕاگواستن و پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان لە بەغدا و ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەستی پێکردەوە، نزیکەی نیو ملیۆن کوردی فەیلی بۆ سەر سنوورەکانی باشوور–ڕۆژهەڵاتی کوردستان گواسترانەوە، بە بیانوی ئەوەی کە کوردی ڕۆژهەڵاتن (التبعیة الایرانیة).

لە ساڵی (١٩٨٣ی.ز) لە تۆڵەی ئەو شکستە سەربازییەی کە ڕژێم لە بەرەکانی جەنگ لەسەر دەستی سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران بەسەری هاتبوو لەبەرەی جەنگی حاجی ئومەران، کە بووە هۆی لە دەستدانی ئەم ناوچانە، بۆیە هەڵسا بە ڕشبەگیریکردنی بارزانییەکان، لە ئۆردووگاکانی قوشتەپە، بەحرکە، حەریر و دیانە.

ژمارەی ئەو بارزانیانەی بەر ئەم شاڵاوە کەوتن نزیکەی هەشت هەزار کەس دەبوون، هەموویان نێرینە و تەمەنیان لە (١٥) ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو.

سەدام حوسێن دەربارەی چارەنووسی بارزانییەکان هیچ گومان لە زیندوومانەوەیان ناهێڵێت، کە گوتی (ئەوانە خیانەتیان لە پەیمان کرد، بۆیە ئێمەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن).



تعليقات