بەشی دوویەمی خەوننامەی کوردی؛ پێشەکی وەرگێڕ:

لێکدانەوەی خەو، وەکوو زانستێکی ئیلاهییە و کارێکی ڕێگەپێدراوە.


بەناوی خودا
لێکدانەوەی خەو، وەکوو زانستێکی ئیلاهییە و کارێکی ڕێگەپێدراوە، بۆیە بەندەش لەسەر ئەو بنەمایە پێم باش بوو لەم بوارەدا، خزمەتێک بە کتێبخانەی کورد و ڕۆشنبیری تاکی کورد بکەم.
بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە لەبەر ئەوەی ئەم خەوننامەیە کۆمەڵێک لە زانایان و شارەزایانی بواری لێکدانەوەی خەو، لەسەر یەک بابەت و لەسەر یەک خەو، هەریەکە و بە جۆرێک لێکدانەوەی خۆی بۆ کردووە و کەڵکی ئەو هەمە جۆرەش بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ کاتێ سەیری خەوننامەکەی کرد، تێبگات لەوەی کە ئەو خەوەی بینیویەتی، هیچ پاڵپشتیییەکی ڕەهای نییە تاکوو بڕوای تەواو بە لێکدانەوەکەی بکرێت، چونکە لێکدانەوەی خەو، شتێکی پێشبینیکراو و ئەزموونکراوە و مەرج نییە تەواو ڕاست دەربچێت، جگە لەو خەوانەی کە پێغەمبەران لێکیان داوەتەوە، وەک لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەیان بۆ کراوە، چونکە زانیاری پێغەمبەران، ئیلهامێکی خودایی ڕەهایە.
ئەڵبەت سەرەتا کە پێشنیاری وەرگێڕانی ئەم خەوننامەیەم بۆ کرا، بە کارێکی زۆر ئاسانم دەزانی، بەڵام کاتێ کەوتمە سەرکاری وەرگێڕانەکەی، بۆم دەرکەوت کە دەستم داوەتە کارێکی ئێجگار قورس، چونکە وشەکان و ناوی ڕووەک و گیانەوەر و مەبەستەکانی کە بە فارسییەکی پەتی نووسرابوون، زۆرجار ئەستەمە، تاکی ئێرانی فارس زمان لەم سەردەمەشدا بە باشی لێ تێبگات.
جگە لەوەش گرفتێکی تر کە هاتە پێشەوە بۆ بەندە، جیاوازی ڕێزبەندی (ئەلف) و (بێی) فارسییەکە بوو لەگەڵ کوردییەکەیدا، چونکە زۆرجار ناوی شتێکی وەکوو ( ئەنگوشت- انگوشت – پەنجە ) کە لە فارسییەکەدا لە (ئ) دادەنرێت و لە کوردیشدا لە پیتی (پ) دایدەنێین، چونکە مانای (ئەنگوشت) واتە (پەنجە)، ئەم کارەش ڕێک وەکوو نووسین و ڕێکخستنی فەرهەنگی وشە و زمانێک وایە بۆ وشە و زمانێکی تر.
هەروەها ئەم کتێبە، لە فارسییەکەیدا هەندێ لێکدانەوەی خەو هەبووە دووبارە بوونەتەوە، وەکوو خەو بینین بە (پەز) و (مەڕ) کە یەک مانایان هەیە و یەک لێکدانەوەشیان بۆکراوە و دەکرێت.
ئێمە لە وەرگێڕاوە کوردییەکەیدا هەوڵمان داوە لێکیان بدەین و بە پێوسیتمان نەزانیوە کە وشەی (پەز) لە رێزبەندی ئەلفوبێدا لە پیتی (پ) و وشەی مەڕیش کە دوو جار یەک لێکدانەوەیان بۆ کراوە، لە پیتی (م)دابنێین، بۆ ئەم لێکدانە و دۆزینەوەی مرادف و وشە لێکچووەکان، پێوسیتی بە چاو خشاندنێکی ورد کردووە و پوخت کراوەتەوە.
هەر چونێک بێت، ویستوومە ئەم کارەشم بە ئەمانەتییەکی فەرهەنگی وەربگرم و بیپارێزم و کاری لەسەر بکەم، تاکوو کورد زمانان کەڵکی لێ ببینن، بەتایبەت خەڵکی ئاسایی کوردەواری، کە زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدەن، بۆیە هەوڵم داوە بە زمانێکی سادە بینووسمەوە، تاکوو بۆ تێگەیشتن ئاسان بێت.
بەڵام دڵنیام لە ئاستی چاوی خوێنەردا، لە هەڵە قوتار نابێت و دواجار ئێوەی بەڕێز دەتوانن هاوکارمان بن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و پەڵەکان، هەرچەندە بەداخەوە کە تا ئێستا زۆر جار خاوەن کتێب و کتێبخانە و چاپخانە و خاوەن مافەکانی ئەم بوارە، گرنگی زۆریان بە هەوڵی ڕاستکردنەوەی کتێبەکان نەداوە و زۆرجار چەندین جار بەرگی کتێبەکانیان لە چاپ داوەتەوە و زۆر بە سادەیی بەسەر هەڵەکاندا تێپەڕیان کردووە، کە هیوادارم ئەوانیش هاوکارمان بن، تاکوو بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستین.
لە کۆتایی تەواوکردنی کاری وەرگێڕانی ئەم خەوننامەیە، بە پێوسیتی دەزانم زۆر سوپاسی دایکم و باوکم و داپیرەم و ئەو کەسانە بکەم کە هاوکارم بوون لە دۆزینەوەی ناوی کەلەپوورە کوردەوارییەکان و بابەتە دێرینەکان، کە گرێدراوی ئەم وەرگێڕانە بوون و پێویستیم پێیان کەوتووە و واتای وشە فارسییەکانم پێ وەرگێڕاون و زۆر سوپاسی ئەو هاورێ و خۆشەویستانەش دەکەم کە بە هەر جۆرێک بووە، هاوکارم بوون لەسەر خستنی وەرگێڕان و بە کۆتا هێنانی ئەم خەوننامەیە.
ئەیمەن شێخ محەمەد
Amin.kurd@gmail.com
Facebook: eyman shex muhammad

تعليقات