بەشی سێیەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی؛ پێشەکی بۆ چاپی حەوتەم:

ئەو شتەی کە هەمیشە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵدا وەک سێبەر بە دوای مرۆڤەوەیە و لێی جیا نابێتەوە، چێژی جنسی و هاوخەوییە، ئەوەش تەنها بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە تەواوی دەستەبەر دەبێ.


مرۆڤ زۆر خۆخدە و تایبەتمەندی سەیری هەیە کە لە تەمەنی خۆیدا لێی دەبن بە ئاوات و مەرام و داڵغە و مەراقیان پێوە لێدەدات، یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە هەر لە (بابە ئادەمەوە) خوای گەورە خستوویەتە نێو دڵی مرۆڤ، پێک هێنانی ژیانی هاوسەری و هاوخەوییە لەگەڵ ڕەگەزی پێچەوانەدا.
زۆر بە دەگمەن دەست دەکەوێت کەسێک کە لاری لەمە هەبێ و بڵێ من پێویستم بە هاوبەشێک نییە و خۆم بە تەنیا دەژیم، بەڵکوو لە نێو ئەدەبی فۆلکلۆری ئێمەدا زۆر هەبوون کە لەو پێناوەدا سەریشیان داناوە و خۆیان کردووەتە باڵا گەردانی ئەو ڕێگەیە.
ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە کە، سەرەتای هەر کارێک هەرچەندە ئاسانیش بێ هەر دژوارە، لە بەر ئەوە پێویستی بە ڕێنمایی و بەرچاو ڕوونی هەر دەبێ بۆ ئەوەی بە تواناوە بچێتە ناو ئەو ژیانە تازەوە، زۆر کەس نکۆڵی لەمە دەکا و دەڵێ چوونە ناو ژیانی هاوسەرێتی شتێکی خۆڕسکی و سرووشتییە و پێویست بە کۆکردنەوەی زانیاری پێش وەخت ناکات، بێ ئاگا لەوەی کە ئەو دەچێتە ناو ژیانێکەوە کە نازانێ لە کام دەرگاوە بچێتە ژوورەوە و نازانێ کە ئەو کەل و پەل و توێشووەی کە بۆ ئەو سەفەرە یەکجارەکییە پێویستییەتی چییە؟
بۆیە ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە سوود لە سەرچاوەی زانستی ڕاست و درووست وەرنەگرێت ئەوە بە هەڵەدا دەچێ و هەر خۆشی بە تەنها باجەکەی دەدات.
خوێنەری خۆشەویست ئەو کتێبەی بەر دەستت کە تا ئێستا زیاتر لە (٦) جاری دیکە بە چاپ گەیندراوە، زۆر زانیاری پوخت و بەسوودی تێدایە کە لەدایکبووی هەڵقوڵاوی کەسێکی دیاری وەک (دکتۆر محەممەد موەحەددی)یە و زۆر لە گرفت و گرێ کوێرەکانی بەردەم پڕۆسەی هاوسەرگیریت بۆ دەکاتەوە و زانیاری پێویستیشت بۆ ژیانی هەمیشەیی خێزانداری پێ دەبەخشێت.
ئەوەی کە زیاتر هانی دام ئەو کتێبە جارێکی تر بە شێوازێکی نوێتر و دیزاینێکی تازەوە بخەمەوە بەردەستی خوێنەران، دەست خۆشانەی دۆست و برادەران و لایەنگر و خوێنەرانی ئەو کتێبە بوو و لایەکی تریش هەوڵ و تێکۆشانی کتێبخانەی حاجی قادر بوو کە زۆر پێداگری کرد لە سەر داڕشتنەوە و لە چاپ دانەوەی ئەو کتێبە.
ژیان هەر لە خۆیدا مل ملانێ و لە بەرێک ڕاچوونە لەگەڵ مەرگ و مانەوە و زیادکردنی هاوشێوەکانی ڕەگەزی خۆت، بۆیە ئەو شتەی کە هەمیشە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵدا وەک سێبەر بە دوای مرۆڤەوەیە و لێی جیا نابێتەوە، چێژی جنسی و هاوخوییە، ئەوەش تەنها بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە تەواوی دەستەبەر دەبێ دەنا جگە لە هاوسەرێتی تەنها بەتاڵ کردنەوەی حەزێکی سەرەڕۆیە و جگە لە دڵەڕواکێ و خەمۆکی شتێکی تر بە دوای خۆیدا ناهێنێ، بە تێپەڕبوونی تەمەنیش تازە بە تازە دەزانێ کە ئەو کەسێکی بێ بەرهەمە و تەنها بە دوای حەزە نەوسنەکانی خۆیدا وێڵ بووە و هیچی تر، پاشان دەکەوێتە ژێرباری خەمان، بەڵام تازە هیچ شتێک دادی نادات.
خوێنەری خۆشەویست، ژیانی هاوسەرێتی و خۆشییەکانی ئەو قۆناغە خوخدەیەکی بەردەوامی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و شارستانییەتە یەک لە دوای یەکەکانی دونیا بووە و لێی دانەبڕاوە، بەڵام مامەڵە کردن و لە دەرگا دانی ئەو ماڵە تازەیە بەرنامەی تایبەتی هۆشیار کردنەوەیەکی زانستیانەی دەوێ، ئێمەش لە ڕێگەی ئەو کتێبەوە دەمانەوێ هەندێک لە زانستی پڕۆسەی هاوسەرگیری و خێزانداری و بەرچاوڕوونی پێشکەش بە ئێوەی بەڕێز بکەین بۆ ئەوەی بەوپەڕی توانا و ئامادەکاریەکی زانستییانەوە بچینە نێو ئەو ژیانە تازەوە.
لە چاپی نوێدا بە باشم زانی بۆ پاڵپشتی بەڵگە و بابەتە زانستییەکانی بەڕێز دکتۆر (موەحەددی) لە شوێنێکدا کە پێویستی کردبێ بۆچوونی خۆم هاوپێچ بکەم بۆ ئەوەی بە تەواوی تێنوویەتی خوێنەر بشکێنێ و سوودی زیاتر بگەینێ.
هێرش مەحموود
سەنگەسەر –ساڵی ٢٠٠٩ی.ز


تعليقات