بەشی یازدەیەمی ژینۆساید(جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی چوارەم (١٩٦٨ – ١٩٨٠) :

بەشی یازدەیەمی ژینۆساید(جینۆساید)؛ قۆناغەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد؛ قۆناغی چوارەم (١٩٦٨ – ١٩٨٠) : 


ئەم قۆناغە بە توندترین و شۆڤێنیترین قۆناغی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی عەرەبی دادەنرێت، کە دەسەڵاتدارانی عێراق پێیان وابوو کێشەی کورد بە بنبڕکردنی کورد چارەسەر دەبێت، بۆیە سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن، لە مێژووی سیاسی عێراقی داگیرکەردا دەچێتە قۆناغێکی جیاوازەوە.

تا ئەندازەیەکی زۆر شێوازی بەعسییەکان لە جۆری ڕەفتارکردن لەگەڵ گەلە ژێر دەستەکانیاندا، لە تاکتیک و ڕێوشوێنی نازییەکان دەچوو، بۆ نموونە لە مادەی حەفت، کە لە کۆنگرەی دامەزراندنی یەکەمی حیزبی بەعس پەسەندکراوە، (کوردستانی بە بەشێک لە نیشتیمانی عەرەبی داناوە).

ئەم قۆناغەی حیزبی بەعس بە دڕندانەتر لە قۆناغەکانی پێشووتر دادەنرێت، لە کوشتن و سووتاندن و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان، بۆ نموونە لە (١٩ی ئابی ساڵی ١٩٦٩ی.ز) هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەردوو گوندی (دەکا) و (خورت)، کە دەکەونە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە ناوچەی ئاکرێ، بووە هۆی سووتاندنی هەردوو گوندەکە و ئاگرتێبەردانی (٦٧شەست و حەفت) ژن و منداڵ و پیر، کە لە ئەشکەوتی نزیک گوندەکە خۆیان حەشار دابوو.

لە (١٦-٠٩-١٩٦٩ی.ز) هێرش بۆ سەر گوندی (سۆریا/صوریا) لە سێگۆشەی سنووری باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، (٦٠) کەس لە دانیشتوانە سڤیلەکەی گوللەباران کران.

هەرچەندە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ی.ز ڕێکەوتننامەی ئادار لە نێوان بزووتنەوەی کورد و حکوومەتی عێراق مۆرکرا، کە دانپێدان بوو بە مافی ئۆتۆنۆمی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەر لە ڕاگەیاندنی یاسای ئۆتۆنۆمی ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٧٤ی.ز، حکوومەت دەستیکرد بە جێبەجێکردنی بەپەلەی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی دانیشتوانی ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین و زممار و شەنگال و شێخان.

لە ساڵی (١٩٧١-١٩٧٢ی.ز) زیاتر لە ( ٤٠،٠٠٠-چل هەزار) کوردی فەیلی ناسنامەی هاوڵاتی بوونی عێراقییان لێسەندرایەوە و ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرانەوە، ئەم ژمارە زۆرەی کوردە دەرکراوەکان، تا کۆتایی ساڵی (١٩٨٠ی.ز) گەیشتە نزیکەی (٢١٥،٠٠٠ دووسەد و پازدە) هەزار کەس، بە پێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی بە ( ٤٠٠،٠٠٠) چوارسەد هەزار هاوڵاتی مەزەندە دەکرێت.

لە ساڵی (١٩٧٣ی.ز) هەڵمەتی گرتن و ڕاوەدوونانی کوردانی ئێزیدی لە دەڤەری شەنگال دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن زێدی خۆیان چۆڵبکەن و بەرەو ناوچە کوردنشینەکانی تر کۆچ بکەن.

بە بەردەوام بوون لەسەر ئەم سیاسەتە ناوچەکانی ئاکرێ و شێخانیشی گرتەوە، هەروەها حکوومەتی عێراق هەر بەوەشەوە نەوەستا لە ڕێکەوتی (٢٤/٠٤/١٩٧٤) هێرشێکی ئاسمانی دڕندنانەی کردە سەر شاری قەڵادزێ، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی (١٦٣ سەدوشەست و سێ) کەس و بریندارکردنی (٢٥٠دووسەد و پەنجا) هاوڵاتی، کە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاری زانکۆی سلێمانی تێدابوو، زانکۆیەکەش بە تەواوەتی خاپوور و وێرانکرا، هەر لەم ماوەیەدا لە سنووری شاری کەرکووک چەندین گەڕەکی نوێ بۆ نیشتەجێکردنی خێزانە عەرەبە هاوردەکان دروستکران.

جێی باسە هەر لە چوارچێوەی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان، بەعس هەڵمەتێکی بەرفراوانی ناوگۆڕینی شار و شارۆچکە کوردییەکان دەستپێکرد، بۆ نموونە: قەرەهەنجیر بۆ (الربیع) و سەرگەڕان: بوو بە(القدس)…هتد.

دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر ساڵی (١٩٧٥ی.ز) و هەرەس هێنانی شۆڕشی ئەیلوول، دەستی حکوومەتی عێراق کراوەبوو، بۆ جێبەجێکردنی زیاتری سیاسیەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد، بەڵام ئەمجارەیان بە پێی نەخشەیەکی پلان بۆ داڕێژراو ئەنجامدرا، نەک لەو ناوچەیانەی کە فرە نەتەوەبوون، بەڵکوو ئەمجارەیان ناوچە زۆرینە کوردییەکانیشی گرتەوە، بە ڕاگوێزرانیان بۆ کۆمەڵێک شوێنی دیاریکراو، کە بەعسییەکان ناویان نابوو (گوندی هاوچەرخ)، کەچی لە ڕاستیدا ئۆردووگای زۆرەملێ بوون.

بێجگە لەم ژمارە زۆرەی هاوڵاتیانی کورد، کە بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق بە تایبەتی هەردوو شاری (ناسریە و دیوانیە)، ساڵی (١٩٧٥ی.ز) زیاتر لە (٢٠٠،٠٠٠-دووسەد هەزار) کورد لە کوردستانەوە بەرەو ناوچەکانی باشووری عێراق راگوێزران.

لە مانگی یازەدی ساڵی ١٩٧٥ی.ز کۆمەڵەی گەلانی هەڕەشە لێکراو لە ئەڵمانیا–گویتنگن، لەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە هۆلەندا، ڕایانگەیاند ژمارەی راگوێزراوان گەیشتوونەتە (٢٠٠،٠٠٠-دووسەد هەزار) کەس و (١١٦-سەد و شازدە) گوندیش وێرانکراون.

(٢٥،٠٠٠-بیست و پێنج هەزار ) کوردی ئێزیدیش لە شەنگال ڕاگوێزران، ئەم شاڵاوەی ڕاگواستنە بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ی.ز ژمارەی کوردە ڕاگوێزراوەکان دەگاتە (٧٠٠،٠٠٠-هەفت سەد هەزار) کەس، کە لە (١،٢٢٢-هەزار و دووسەد و بیست و دوو) گوند شاڵاوەکە ئەنجامدراوە.

شێوازەکانی ڕاگواستنی کورد لە دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر بەم شێوەیە بوو:

١. ڕاگواستنی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی بە شوێنی ستراتیژی بەرگریکردنی عێراق دادەنرا.
٢. ڕاگواستنی ناوچە نەوتییەکان.
٣. ڕاگواستنی ناوچە سنوورییەکان.

یەکەم: ڕاگواستنی دانیشتوانی ناوچە ستراتیژە بەرگریکردنەکانی عێراق.

ئەو ناوچە و ڕێگاوبانانە کە سوپای دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر لە هێرشی سەربازیدا بۆ گرتنی ئامانجێکی ستراتیژی دەگرێتە بەر، وەکوو گوندەکانی (قەزای خانەقین و مەندەلی لە پارێزگای دیالە)، (قەزای بەدرە لە واسیت) و قەزاکانی شێخان و تەلکێف و تەلەعفەر و شەنگال، لە پارێزگای مووسڵ و بەشێک لە قەزای زاخۆ و سمێل لە پارێزگای دهۆک و بەشێک لە قەزای دووز لە پارێزگای کەرکووک.

دووەم: ڕاگواستنی ناوچە نەوتییەکان.

ئاشکرایە کە نەوت مادەیەکی ستراتیژییە و گرنگی ژیۆپۆلەتیکی/جیۆپۆلەتیکی هەیە لە ئابووری دەوڵەتاندا، کوردستانیش زامنی بوونی بڕێکی زۆری نەوتی خاوی مسۆگەر کردووە، بۆیە شاڵاوی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن بە زۆری دانیشتوانی ئەم ناوچانەی گرتەوە کە بە نەوت دەوڵەمەندن، ناوچەکانیش ئەمانەن:

١: ناوەندی قەزای کەرکووک و قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک.٢. قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.

سێیەم: ڕاگواستنی ناوچە سنوورییەکان.

بە پێی ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ی.ز، کە دەرفەتێکی باش بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەعسی داگیرکەر، تا نەخشە و پلانەکانیان لە کوردستان جێبەجێ بکەن، هەر بۆیە بەپەلە کەوتنە ڕاگواستنی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە نزیک (باشوور و ڕۆژهەڵاتی) کوردستان و (باشوور و باکووری)ی کوردستان و (باشوور و ڕۆژئاوای) کوردستان، بە قوڵای (١٠–٢٠ کم)، بە ناوی پشتێنەی ئەمنییەوە، بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکان، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٥–١٩٧٨ی.ز) دەیان هەزار خێزانی کورد لە ئۆردووگاکان کۆکرانەوە و هەموو گوند و لادێکانی سەر سنوور لەگەڵ خاک تەخت کران، ناوچەکانیش ئەمانەن بوون:

١. قەزاکانی چۆمان، ڕەواندز، مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر.
٢. هەردوو قەزای ئامێدی، زاخۆ لە پارێزگای دهۆک.
٣. قەزاکانی قەڵادزێ، ڕانیە، شارباژێڕ، شارەزوور و سەرجەم گوندە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی.

هەر لە چوارچێوەی سیاسیەتی بەعەرەبکردن، حکوومەتی بەعس ناوی پارێزگای کەرکووکی گۆڕی بۆ پارێزگای (التأمیم) و دووبارە نەخشەی ئیداری پارێزگایەکەی داڕشتەوە، بە پێی نووسراوی سەرۆکایەتی کۆمار، ژمارە (٤١) لە ١٩٧٦/٠١/٢٩ی.ز بەڕێزبەندی هەر چوار قەزای (چەمچەماڵ، کەلار، کفری، دووزخورماتوو) لە پارێزگاکە داماڵدارن و لکێندران بە پارێزگای سلێمانی و دیالە سەلاحەدینەوە.

ئامانج کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد بوو لە پارێزگای کەرکووک.



تعليقات