بەشی بیست و دووەمی ئەدەب؛ جگەرخوێن.

ناوی شێخ مووسا کوڕی حەسەن کوڕی محەممەد کوڕی مەحموودی کوڕی عەلییە. ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی (حەسار)ی دەڤەری (مێردین) هاتووەتە دونیاوە.



جگەرخوێن لە خێزانێکی هەژارو نەدار بووە و هەر زوو دایک و باوکی نەماون و لەگەڵ برا گەورەکەی پێکەوە ژیاون.
ناچار بووە بە کرێکاری و نۆکەری ئیش بۆ دەرەبەگ و ئاغا و دەوڵەمەندەکان بکات.
ساڵی ١٩٢٠ بۆ خوێندن دەچێتە دیاربەکر و زۆر جێگا دەگەڕێ، ساڵی ١٩٢٥ کە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران بەرپا بوو، هەر زوو سەرکوت کرایەوە، ئەمە کارێکی زۆری لە جگەڕخوێن کرد. 
ساڵی ١٩٢٧ جگەرخوێن ناچاربوو جزیرەی باکووری کوردستان جێ بهێڵێ و ڕوو بکاتە سووریا و لە (عاموودە) نیشتەجێ ببێ.
کە کۆمەڵەی (خۆی بوون) لەو ساڵەدا دامەزرا، جگەرخوێن یەکێ بوو لە ئەندامە چالاکەکانی.
کە گۆڤاری (هاوار) دەرچوو یەکێ لەو هەڵبەستوانانەی بەردەوام هەڵبەستیان تێدا بڵاو دەکردەوە جگەرخوێن بوو.
جگەرخوێن دژی ئاغا و دەرەبەگ و شێخەکان دەینووسی و کردەوە خراپەکانی ڕسوا دەکردن لەسەر هەژار و لێقەوماو و زۆرلێکراوان بە دەنگ دەهات، بەمەوە خۆی تووشی زۆر کێشە و ناخۆشی دەکرد.
دوای شۆڕشی (١٤)ی تەمووزی ١٩٥٨ جگەرخوێن هاتە بەغدا و لە بەشی کوردی کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا وانەی دەگوتەوە.
ساڵی ١٩٦١، کە شۆڕشی کورد هەڵگیرسا، جگەرخوێن ئەگەر چی هەر لە بەغدا بوو، بەڵام زۆر لایەنگری شۆڕشی دەکرد و حکوومەت لە هەڵوێستەکانی ڕازی نەبوو و فشاریان خستەسەر و ئەویش ناچاربوو ساڵی ١٩٦٣ بگەڕێتەوە سووریا، ساڵی ١٩٧٨ جگەرخوێن بە ناچاری ڕووی کردە هەندەران و لە سوید نیشتەجێ بوو، هەر خەریکی کاری ئەدەبی و چاپ کردنی بەرهەمەکانی بوو، تا لە ١٩٨٤/١٠/٢٢ لە سوید کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەیان هێنایەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لە قامیشلۆ لە ناو باخچەی ماڵی خۆیان بە خاک سپێردرا.

بەرهەمەکانی جگەرخوێن:

١. ئاوا و دەستوورا زمانی کوردی، بەغدا ١٩٦١.
٢. فەرهەنگا کوردی، بەرگی: ١و٢، بەغدا ١٩٦٢.
٣. شەش دیوانە شیعر.

نموونەیەک لە هەڵبەستەکانی:
سەرمەستی ئەڤینم
١. ئەی هەڤالا ئەڤیندار
توو ژی وەک من بریندار

٢.کەنگی کۆ ئەم دگهین هەڤ
ب دڵخۆشی ڕۆژ و شەڤ

٣. گول و چیچەک گەش دبن
دڵی داران خوەش دبن

٤. سونبول هاویر دهەژین
ئەڤ ستێرک دڕژین

٥. چیا بڵند دەبن ژۆر
جیهان دبت کەسکە سۆر

٦. با تێ بەساز و لیلان
تەروەندە هاویر دلان

٧. ئاڤێن گۆلا ددن پێل 
ڕوێ ڕۆژێ دبت سێل

٨. تلوور کەسک و زەرد و سۆر
ب بازکان دچن ژۆر

٩. وەکوو لۆکس و چرا گەش 
ڕۆنی ددن شەڤا ڕەش

١٠ پڕگەش دبن گولێ من
تەڤ درەڤن کولێ من

١١. گول و چیچەک ئەز و توو
قاز و ئۆردەک ئەز و توو

١٢. هەردوو ڕەوشا ڤێ ژینێ
دەنگی سازا ئەڤینێ.

** ** **
لێکدانەوەی وشەکان:

هەڤاڵ: دۆست، برادەر، هاوڕێ.
ئەڤیندار: خۆشەویستی، عاشق.
کەنگی: کەی، چ کاتێ.
دگهین: دەگەین.
هەڤ: یەکتر.
چیچەک: کوڵووی پشکووتوو.
هاویر: لەهەر چوارلا، لە دەورە، نکال، تەرەف، لا، بڵاو.
ستێرک: ئەستێرە، گۆلاو.
دبت: دەبێت.
تێ: دێ.
ساز: گۆرانی، ئاواز.
لیلان: دەنگی باکوت، هاشەو هاڕەی با بە بەفرەوە.
تەروەندە: شتی نایاب.
پێل: شەپۆڵ.
سێڵ: ساج
تلوور: تەیروتار، باڵندە، مەل.
بازک: بازدان.
لۆکس: چرای گاز.
ڕۆنی: ڕووناکی.
پڕ: زۆر.
تەڤ: هەموو.
دڕەڤن: دەڕۆن.
کول: خەم و کەسەر.
ئۆردەک: مراوی، سۆنە.
ڕەوش: شێواز.

جگەرخوێن لەم هەڵبەستەدا، بەشێوەیەکی ڕۆمانتیکانە باسی پەیوەندی خوی و ئەڤیندارەکەی دەکا، کە ئێستا لەبەر ئەوەی لێک دوورن، دڵبریندارن، واتە بە ئێش و ئازار و خەم و خەفەتن، داخ بۆ ئەو ڕۆژە دەخوازن کەبە یەک دەگەن…

هەر کاتێ ئەوان بگەن ، دونیا سەراپا دەگۆڕێ: گەشانەوەی گوڵ و کولووک، دەرکەوتنی سونبول و ستێرک، هەڵکشانی چیا، هاژەهاژی با، شەپۆڵدانی گۆم و سوورهەڵگەڕانی خۆر و بازبازێنی تەیر و تلوور….


ئەوسا لە سایەی ئەم دیمەنە جوانانەی سرووشت، کە بەیەک گەیشتنی هەڵبەستوان و ئەڤیندارەکەی جوانتری کردوون، ئەو و ئەڤیندارەکەی دوو بە دوو بە یەکەوە وەکوو گوڵ و کولووک بەدەم یەکتر دەشنێنەوە و وەکوو قاز و مراوی لەگەڵ یەکتر دەلەنجێنەوە و هەردووکیان دەبن بە ڕەوشی ژیان و دەنگی سازی ئەوین.


گرنگترین ڕەگەزی ڕۆمانتیکی لەم هەڵبەستەدا ئەمانەن:


١. هەڵبەستوان خۆی و هەڤاڵەکەی هەردووکیان بریندار، برینداری دەردی جودابوونەوە، ئەمەش هەڵبەستوانی تووشی ئازارێکی وا کردووە دونیای لەبەرچاو خستووە و تەنیا بە گۆڕینی ئەم شێوازە جیابوونەوەییە هەڵبەستوان دەگەڕیتەوە سەرباری ئاسایی و دونیای لەبەرچاو جوانتر و گەشتر دەبێ.


٢. یەکێ لە سیماکانی تری ڕۆمانتیکی کە لەم هەڵبەستەدا بەدی دەکرێ پێهەڵدانی سرووشت و جوانییە. هەڵەبستی ڕۆمانتیک هەمیشە بە دوای جوانیدا سەرگەردانە و ئەو جوانییە لە هەموو وردە دیمەنێکی سرووشتدا دەبینێ کە لەبەر چاوی گەورە دەبن و هەموو گیانی دادگەرن.. ئەم جوانییەش لەم دیمەنانە دەردەکەون:
گەشانەوەی گوڵ و کولووک، هەژانی سونبول، بەرزبوونەوەی چیا، کەسک و سۆربوونی دونیا، هاژەهاژی (با)، شەپۆڵدانی گۆماو، سوورهەڵگەڕانی خەپڵەی خۆر، زێدەڕەوییان تێدا کراوە، ئەویش بە هۆی بەیەک گەیشتنی دوو هاوڕێ ئەم تارای جوانییەیان بەسەردا هاتووە.


٣. هەڵبەستوان دەرمانی دەردی خۆی لەو سرووشتە جوانەوە دەبینێ، کە ئەم هەموو دیمەنانە شەوی تاریکی بۆ ڕووناک دەکەنەوە و دەرد و کەسەری و خەمی دڵی دەڕەوێننەوە. دیسان باسکردنی شەو کە هێمای تاریکی و نائۆمێدییە سیمایەکی تری ئەو ڕێبازەیە و هەڵبەستوان بە دیمەنە گەشەکانی سرووشت ئەو شەوە تاریکە ڕووناک دەکاتەوە.


٤. ئۆمێدی هەڵبەستوان لەوە بەرجەستە دەبێ کە خۆی و هەڤاڵەکەی لە سایەی ئەو سرووشتە گیانبەخشە و دوور لە خەم و کول و کۆڤان باوەش بەیەکدا بکەن وەکوو گوڵ و کولووک بەدەم یەکتر بشنێنەوە و وەکوو قاز و مراوی بەلەنجە و لار بێن و بڕۆن…. لە کۆتایشدا هەردووکیان دەبن بە ڕەوشی ژیان و ساز و ئاوازی ئەڤین و خۆشەویستی.


٥. لە ڕووی ڕووخسارەوە هەڵبەستەکە هەمووی بە کێشی بڕگەیی(پەنجەیی-خۆماڵی) نووسراوە، (٧=٣+٤) بڕگەیە. ئەمەش یەکێکە لە کێشە هەرە باوەکانی هەڵبەستی کوردی.


٦. هەڵبەستوان بە سەروای مەسنەوی هەڵبەستەکەی هۆنیوەتەوە، واتە هەر دێڕێک لەتەکانی هاوسەروان و پەیوەندی سەروا سازییان بە دێڕەکانی دیکەوە نییە. دیسان ئەمەش لەسەروا هەرە باوەکانی هەڵبەستی کوردییە. داستانە درێژەکان و چیرۆکە شێوە هەڵبەستەکان و هۆنراوەی فۆلکلۆری ڕەسنی کوردەواری هەمووی بەم سەروایە نووسراوتەوە.


٧. وشەکانی، هەمووی وشەی کوردی پەتی و ڕەسەنن و هەڵبەستوان خۆی لە بەکارهێنانی وشەی بیانی دوور خستووەتەوە.


٨. داڕشتنی ڕستەکان ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵن و ڕستەی سووک و کورتی بەکارهێناوە، ئەمەش هەڵبەستەکەی ئاسانتر کردووە و هەموو کەس خۆشی لە خوێندنەوەی وەردەگرێ و زۆر پێیەوە ماندوو نابێ.

تعليقات