ھێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە سنووری کەرکووک

یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە سەرجەم ھێزی پێشمەرگە لە یەکەی تایبەتدا ڕێک بخرێن و پەیوەست بکرێن بە ‌وەزارەتی پێشمەرگەوە.


بەسەپەرشتیی ئەمەریکا و بەڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ھێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە سنووری کەرکووک و لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیر دەکرێن.
لەچوارچێوەی ڕێکەوتنێکی مەیدانیدا کراوە کە پەیوەندیی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە ھەیە ‌و وا بڕیارە لە ‌سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان حەشدی شەعبی دوور بخرێتەوە.
ئەو ھێزەی کە دەگەڕێتەوە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە و لەو لیوا یەکگرتووانە پێکھاتووە کە لە ‌چوارچێوە و یەکخستنی یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێک خراون و ئەمریکییەکان و وڵاتانی ھاوپەیمانان مەشق و ڕاھێنانیان پێ کردوون، ئەو ھێزانەن کە تایبەتمەندیی سوپای نیزامییان ھەیە.
مەبەست لە بڵاوەپێکردنی ئەو ھێزانە لە ‌کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ئەوەیە کە مەرجەعی حزبیان نەبێت و بەتەنیا فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە ‌و فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن تا بە ھیچ شێوەیەک نەتوانرێت بە مەبەستی سیاسی بەکار بھێنرێن و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی ھاوشێوەی شازدەی ئۆکتۆبەر.
یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە سەرجەم ھێزی پێشمەرگە لە یەکەی تایبەتدا ڕێک بخرێن و پەیوەست بکرێن بە ‌وەزارەتی پێشمەرگەوە.
بڕیارە کە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەرجەم سنوورەکانی ھەرێمیشدا ئەم ھێزە بەپێی نەخشەیەک دووبارە جێگیر بکرێن بەشێوەیەک کە نەخشەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسیدا تێک نەچێت و لە گۆڕانکارییەکانی داھاتوودا مەترسیی ئەوە نەمێنێت کە کارتی دابەشکردنی ھەرێم بەکار بھێنرێت.
لەم بارەیەوە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند، چاوەڕێی شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراقن کە بێنە ھەولێر، تاوەکوو کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی گەڕانەوەی ھێزەکان، ئەنجام بدەن.
گوتیشی: ”سەرەتاییەن ھەردوولا بڕیارمان داوە و ڕەزامەندین لەسەر گەڕاندنەوەی پرۆسەی کاری ھاوبەشی ئەمنی و سەربازی، لە ھەموو ئەو ناوچانەی کە ئێستا جموجوڵی داعشیان تێدایە، لە خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال، واتە ھەموو ناوچەکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک، مەخموور و مووسڵ“.
لای خۆشیانەوە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە، لیژنە بۆ ئەو پرسە پێکھێنراوە، ئێستا چاوەڕوانی ئەو شاندەی حکوومەتی عێراقین، کە وا بڕیارە بێتە ھەولێر، بەڵام تا ئێستا لە کاتی ھاتنیان ئاگادار نەکراوینەتەوە.
گوتیشی: «ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، جارێکی دیکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە ھاوبەشی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کار بکەین و ھێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چونکە پێش شەڕی داعش، پێکەوە کارمان کردووە و ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەش ھەبووە، لە مووسڵ تا دەگاتە خانەقین ٢٣ بازگەی ھاوبەش ھەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە، بەڵام پێویستە بە میکانیزمێکی نوێ ئەو ھێزە ھاوبەشانە دروست بکرێنەوە“.
لیوا قارەمان کەمال. ئاماژەی بەوەش دا، ھەوڵ دەدرێت ئەو ڕێککەوتنەی پێشوو ھەبووە بە میکانیزمێکی نوێ زیندوو بکرێتەوە.
گوتیشی: «ئەوەی کێشەیە بۆ ئێمە، کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکەین، ئەوەیە کە ھەموو ھێزەکانی عێراق یەک ڕایان نییە، چونکە پۆلیس و حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق، ھەر یەکەیان ڕای خۆیان ھەیە و ھەندێک لەو ھێزانەش ڕای جیاوازیان دەربارەی دروستکردنەوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا ھەیە، بۆ نموونە، کە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان بڕیارێک دەردەکات، حەشدی شەعبی جێبەجێی ناکەن، بۆیە دروستکردنەوەی ئەو ھێزە ھاوبەشانە ئاسان نییە”.
لە روونکردنەوەیەکیشدا سەبارەت بەو پرسە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە داوە: “ئەوەی تا ئێستا ھەیە ئەوەیە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی فیدراڵی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە باشترین رێگا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و کۆتاییھێنان بە جموجۆڵ و کاری تیرۆریستان لە ناوچەکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکووک و مەخموور و مووسڵ، کاری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوپای عێراقدا ھەبێت، چاوەڕوانیشین لەوبارەیەوە کۆبوونەوەی فەرمی بکرێت و رێگا و شوێن و میکانیزمی گونجاو دابنرێت».
لەلایەکی دیکەش ئەمەریکا دەیەوێ ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە تەواوی دوور بخاتەوە، سەرەتاش دەیەوێ دۆسێی ئەمنییان لە کەرکووک و مووسڵ لە دەست دەربھێنێت.
پێشتر، رۆژنامەی (واڵ ستریت ژورناڵ)ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، ئەمەریکا مەبەستیەتی لەم قۆناغەدا، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی مووسڵ و کەرکووک دەربکات، بۆ ئەوەش ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمەریکی چوونەتە دەوروبەری ئەو دوو پارێزگایە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، ھێزەکانی ئەمەریکا ھەموو ھێزە چەکدارەکانی سەر بە گرووپەکانی حەشدی شەعبییان ئاگادار کردووەتەوە ناوچەکە بەجێ بھێڵن.
ھاوکات، بەپێی زانیارییەکان، لەگەڵ ھاتنی ئەو ھێزە ئەمەریکییانە بۆ کەرکووک و مووسڵ، ھەروەھا سەردانە نھێنییەکەی ترەمپ بۆ عێراق، گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، مشتومڕێکی زۆر کەوتووەتە ناویانەوە، بەشێکیان رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی ھێزەکانی ئەمەریکا بە باش دەزانن و بەشێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەوەدان، بە فشار خستنە سەر حکوومەتی عێراق و لە ڕێگەی پەرلەمان و یاساوە، خشتەیەک بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و ھەموو ھێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق دیاری بکەن، بەڵام لەبەرامبەر بەوە، لەلایەن ئەمەریکاوە فشار خراوەتە سەر حکوومەتی عێراق، ھەندێ لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی، کە مەترسین بۆ سەر ھێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، چەکەکانیان لێ دابماڵرێت.
کە بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (البیان)ی ئیماراتی، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو بارەیەوە داوای لە ئەمەریکا کردووە، کاتێکی زیاتری پێ بدەن تا وەڵامی ئەو داوایەیان بداتەوە.
رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، ئەو گرووپە میلیشیایانەی بەر داواکەی ئەمەریکا کەوتوون بۆ داماڵینی چەک لێیان، ھەر یەک لە رێکخراوی بەدری ھادی عامری، کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی، لیوای ئەبو فازڵ عەباس و عەسائیبی ئەھلی حەق دەگرێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤، لە کاتی داڕمانی سوپای عێراق لە شەڕی داعش، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەرکەوتن، بەتایبەتی دوای فتوایەکی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوە و رێگەگرتن لە ھێرش و پەلامارەکانی رێکخراوەکە، بەڵام دواتر ئەو ھێزانە لە ١٦ ئۆکتۆبەر ھێرشیان کردە سەر ناوچە دابڕێنراوەکانی ھەرێمی کوردستان و دەستیان بەسەر زۆر لەو ناوچانەدا گرت و تا ئێستاش بە ژمارەیەکی زۆر تیایدا ماونەتەوە، ھاوکات لە تەواوی ناوچە سوننییەکانیش، بە ژمارەیەکی زۆر بڵاوەیان کردووە، لەکاتێکدا کە ئەو ھێزانە تەنیا وەلای تائیفییان بۆ سەرکردە شیعەکان ھەیە.
لەمبارەیەوە، چاودێری سیاسی، دیندار نەجمان دۆسکی، رای گەیاند، میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی، جگە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، ئێستا ئیدارەی ژمارەیەکی زۆر لەو ناوچە سوننەنشینانەش دەکەن، کە سەردەمانێک لەژێر دەستی داعشدا بوون، بەڵام هەبوونی میلیشیاکانی حەشد لەو ناوچانە، ناڕەزایەتیی زۆری خەڵکی لێ کەوتووەتەوە و دواجار بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە ھەر دەبێت ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە، گوتیشی: “ئێستا زانیاریی وا ھەیە، لەدوای ھاتنی ھێزێکی ئەمەریکی بۆ کەرکووک و مووسڵ، کە ئەمەریکا دۆسێی ئەمنیی ئەو دوو شارە لە حەشدی شەعبی وەربگرێتەوە، لەو دۆخەشدا گەڕانەوەی پێشمەرگە چاوەڕوانکراوە، بۆ ئەوەش دەبێت ئەمەریکا ھەوڵی دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە تەواوی ناوچە سوننەنشینەکان بدات، سەرەتای ئەو کارەشی بە داواکردن لە حکوومەتی عێراق بووە، بەڵام رەنگە لەم قۆناغەدا حکوومەتی عێراق ئەو توانایەی نەبێت چەک لە حەشدی شەعبی وەربگرێتەوە”
ئەو چاودێرە جەختی کردەوە، کە ناوچە دابڕێنراوەکانی ھەرێمی کوردستان تا بە دەستی حەشدی شەعبییەوە بن ئارامی بە خۆیانەوە نابینن، گوتی: “ئەوانە ھێزی تائیفین و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانەدا دەکەن، لەبەرئەوە تا ئەوان لەو ناوچانەدا ھەبن، ئەوا ئارامیی لێ نابێت، ھەر بۆیەش ئەمەریکا ئێستا سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی دۆسێی ئەمنی لەو ناوچانە، لە دەستی حەشدی شەعبی”.
لای خۆشیانەوە، سالم شەبەک، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا رای گەیاند، حەشدی شەعبی، لە رێگەی رفاندن و کوشت و بڕەوە دەستی بەسەر ناوچە کوردستانی و سوننییەکاندا گرتووە، ئەوەش لە پێناو سڕینەوە و پاکتاوکردنی کورد و عەرەبی سوننە و ئەو نەتەوە و ئایینانەی، کە شیعە مەزھەب نین، گوتیشی: “پێشبینی کراوە بەھۆی ئەو توندوتیژییانەی کە لە ناوچە سوننییەکاندا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ھەیە، رەنگە ئەگەر دۆسێی ئەمنی ھەر بەدەستیانەوە بێت، ئەوا شەڕی ھۆزە سوننەکان لەبەرامبەر بە حەشدی شەعبی سەر ھەڵبدات، چونکە کشانەوەی ئەو ھێزانە لەو ناوچانە بە کەرکووکیشەوە چاوەڕوان نەکراوە، ئەگەر لە رێگەی دیکەوە نەبێت”.
سەرچاوە: باسنیوز

تعليقات