بەشی بیست و یەکەمی ئەدەب؛ مەولەوی:


مەولەوی ناوی (عەبدولڕەحیم)ی کوڕی (مەلا سەعید)ەو نازناوی (مەعدووم)ەو بە (مەولەوی)ناوبانگی دەرکردووە، بە شەش پشت دەگاتەوە مەلا ئەبووبەکری مەسەننیف، خاوەنی کتێبی (الوضوح) و لە بنەماڵەی پیر خدری شاهۆیە.


لە ساڵی ١٨٠٦ لە گوندی (یاقشڵاخ) سەر بە شاتەی ناوچەی تاوە گۆز هاتووەتە دونیاوە.
سەرەتا لای باوکی خوێنددوویەتی، پاشان بۆ خوێندن (مەریوان و چۆڕو نەنە و سنە و بانە و سلێمانی و هەڵبجە) گەڕاوە.
بۆ جاری دووەم دەچێتە سنە و لە مزگەوتی (دارالاحسان) لای حاجی مەلا ئەحمەدی نۆتشی دەخوێنێ و ساڵی ١٨٤١ ئیجازەی مەلایەتی لێ وەردەگرێ و دەگەڕێتەوە شوێنی لە دایکبوونی خۆی. پاشان دەکەوێتە دوای شێخ وەسمانی تەوێڵە و تەریقەتی لێ وەردەگرێ.
لە (چۆڕە و بێژاوە و بیاوێڵ) و ئینجا لە سەر شاتەی پشت قەڵای (شمێران)ی سەر سیروان وانە دەڵێتەوە. لە ساڵی ١٨٨٢ هەر لە سەر شاتە کۆچی دوایی کردووە و گۆرەکەی بووەتە مەزارگەی شەیدایانی خۆی و هەڵبەستەکانی.
گرنگترین بەرهەمەکانی مەولەوی ئەمانەن:
١. الفضیلة. ٢٠٣١ دێرە هەڵبەستی عەرەبییە.
٢. العقیدە المرضیة، ٢٤٥٢ دێڕە هەڵبەستی کوردییە.
٣. الفوائح، ٥٢٧ دێڕە هەڵبەستی فارسییە.
٤. دیوانی مەولەوی، کە هەڵبەستەکانی تێیایدا بڵاو کراونەتەوە.
نموونەیەک لە هەڵبەستەکانی:
١. ئیمشەو هەم دیسان دەروون پڕ خەمەن
ئەساسەی ماتەم جەلامان جەمەن.

٢. نەتاوی دووری دڵ بێ قەرارەن
بینای دیدەم جە خەفەت تارەن.

٣. شریخە و گرمەی هەور دووریی دۆس 
وەفەنا بەردەن مەغز و ڕەگ و پۆس.

٤. شەڕارەی گرپەی ناری مەهجووری
کەردەن وەغوبار کۆگای سەبووری

٥.نەتاقەت مەندەن نەتۆی دەرووندا
نە لەیڵی مەدیۆ وەلای مەجنووندا

٦- یاخوا مەردەنی بۆ وە میهمانم
ئیتر نەوینوون دووریی یارانم.

٧. بەڵکم خەلاسیم نەدەس دووریم بۆ 
بەو زووخی زامان نەشوون وەگڵکۆ.

لێکدانەوەی وشەکان:
ئەساسە : بنچینە، هۆ ئەگەر.
ماتەم : شین، تازەیە، بەهی.
جە : لە، جەلامان: لە لامان
جەم : کۆ، گرد، جەمەن: کۆبوونەتەوە، گردبوونەتەوە
نە : لە، نەتاو دووری: لە تاوی دووری.
بێ قەراو : بێ ئۆقرە، بی هەدادان.
دیدە : چاو.
تار : تاریک.
دۆس : دۆست، برادەر.
فەنا : لەناوچوون، نەمان.
مەغز : مێشک، مژی.
ڕەگ : دەماری لەش، ڕهه.
پۆس : پێستە.
شەرارە : پڕووشک، پزیسک.
گرپە : گڵپە. کرفە.
نار : ئاگر.
مەهجووری : دووری، لێک دابڕان.
کەردەن : کردوویە.
مەندەن : ماوە.
تۆی : تۆیی، ناوەوەی. پەردەی.
مدێو : دەڕوانێ، بەرێ خۆ ددەتێ.
وە : بە، وەلای = بەلای.
مەردەنی : مردن.
بۆ : ببێ
میهمان : میوان میڤان
نەوینون : نەبینم.
زووخ : زووخاو، کیم.
زامان : برینان، زام-برین.
نەشوون : نەچم.
گڵکۆ : گۆڕ، قەبر

گرنگترین ڕەگەزی ڕۆمانتیکی لەم هەڵبەستەدا ئەمانەن:
١- هەڵبەستوان شەوی هەڵبژاردووە، باسی خەفەتی خۆی لەو شەوەدا دەکا…
هەڵبەستوانانی ڕۆمانتیک زۆرجار پەنا دەبەنە بەر شەو، کە دونیا کپ و بێ دەنگ دەبێ و هێمنی باڵ بەسەر دونیادا دەکێشێ، لەو ساتە کپ و هێمنەدا دەکشێنەوە ناو دونیای تایبەتی و ناوەوەی خۆیان و بیر لە ڕاوبردووی خۆشی تێپەڕبوو و داهاتووی خەیاڵاوی دەکەنەوە…


٢- هەڵبەستوان باسی دوورکەوتنەوەی دەکات و کاریگەری ئەو دوورییە لەسەر هەست و هۆش و مێشک و دەمارەکانی پیشان دەدا، چونکە دوورکەوتنەوە لە خۆشەویست یەکێکە لە هۆیە سەرەکییەکانی بەدبەختی ئەویندار… ئەو دوورکەوتنەوە هەڵبەستوان دەخاتە ئازار و خەیاڵات و وای لێ دەکا بیر لە ساتە خۆشەکانی ڕابردوو بکاتەوە و بەراوردێک بکا لە نێوان ئەوسا، کە لەگەڵ یارەکەی خەفەتی بەبا دەدا، و ئێستا کە بەدەست ئازاری دووری یارەوە دەتلێتەوە.


٣. لەم بارە دەروونییە سەختەی هەڵبەستوان تێدا دەژی لە ئەنجامی دووری یارەکەی، تووشی سەرگەردانی و نائومێدی دەبێ. هیوای بە دیدیاری دۆس نامێنێ و ژیانیش بۆ دۆس مانای تێدا نامێنێ، چونکە دۆس و ژیان لای هەڵبەستوان دەبن بە یەک، ئیدی ئەو نائۆمێدییە دەگاتە ئەو پەڕی و هەڵبەستوان خۆزگە بە مردن دەخوازێ…


٤. مەولەوی وەکوو هەموو هەڵبەستوانانی شێوەی گۆران، پەیڕەوی کێشی بڕگەیی( پەنجەیی-خۆماڵی) کردووە و هەموو هەڵبەستەکانی لەسەر کێشی( ١٠=٥+٥) بڕگە نووسیوە. ئەمەش کێشێکی زۆر باوی کوردییە و تەنانەت گۆرانی هەڵبەستوان ئەمەی بە کێشی نەتەوەی داناوە…


٥. لە ڕووی سەرواوە، یەکێتی سەروای پەیرەو نەکردووە، سەروای مەسنەوی بەکارهێناوە. ئەم سەروا مەسنەییە بوار زیاتر بۆ هەڵبەستوان دەرەخسێنێ کە درێژە بە دەربڕینی هەستی ناوەوە بدات و وشەی باشتر و لەبارتر هەڵبژێرێ.


٦. وشەکانی بەکاری هێناون زۆربەیان وشەی رەسەنی کوردین، ئەگەر وشەی بیانیشی بەکارهێنابێ، ئەوانەی بەکارهێناوە کە زۆرباون و هەموو کەس لێیان تێدەگا.


٧. وێنە و لێکچوواندن و داخوازییەکانی زۆر باون و هەموو کەس تێیان دەگا، بە دوای داڕشتنی ئاڵۆز و دوورە دەست نەگەڕاوە، هەر دەڵێی لە ناو دۆستان دانیشتووە و باسی ئازار و مەینەتی خۆیانی بۆ دەکا.


ئەدەبیاتی ڕۆمانتیکی کوردی-شیوەی کرمانجی ژووروو


لە شێوەی کرمانجی ژوورووش، وەکوو شێوەی کرمانجی خواروو، هەڵبەستی کوردی لە نێوان هەردوو جەنگی گێتی سەدەی ڕابردوودا گۆڕانی بنچینەی بە خۆیەوە دی و سیما و تایبەتمەندی نوێی وەرگرت.


ئەم نوێکردنەوەیەی هەڵبەستی کرمانجی ژووروو بە شێوەیەکی دیار لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا گەڵاڵە بوو، بە تایبەتی لە گۆڤاری هاوار و ڕووناهی و ستێر، کە مینبەری بڵاوکردنەوەی هەڵبەستی نوێی ئەو شێوەیە بوون.


زۆر هەڵبەستوانی کرمانجی ژووروو دەوریان لەو تازە کردنەوەیەدا هەبوو وەکوو قەدری جان و کامەران بەردخان و جگەرخوێن و… کە وازیان لە دەستوورەکانی هەڵبەستی کلاسیزم هێناوە بە شێوازێکی نوێەوە بابەتی تازەیان هێنایە کایەوە….


هەڵبەستی خودی لیریکی- و شۆڕشگێڕی، لەو سەردەمەدا برەوەیان سەند، چونکە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەوە بارودۆخی ئەوسای نەتەوەیی کورد و کوردستان بوون…


شۆڕشە ڕزگاریخوازەکانی کورد و ئەو نسۆکیانەی تووشی کورد بوون، دەوری سەرەکییان هەبوو لەسەر هەست و سۆزی هەڵبەستوانان و زۆریان لە ئەنجامی تێکشکانی ئەو شۆڕشانە تووشی گۆشەگیری و نائۆمێدیی بوون و زۆریشیان بە چاو ڕوونییە و دەیانڕوانییە دواڕۆژوو بڕوایان بە سەرکەوتن هەبوو، ئەمانە هەمووی لە هەڵبەستی ئەو کاتەوە دیارە….


یەکێ لەو هەڵبەستوانانی هەر لە سەرەتاوە بە چاوێکی تازەوە دەیڕوانییە ژیان و دەورووبەر و ڕەخنەی لە کەم و کورتییەکانی کۆمەڵی دواکەوتووی کورد دەگرت و بە شەهیدەکانی شۆڕشەکانی هەڵدەگوت جگەرخۆێن بوو کە پایەی لەو تازەکردنەوەیەدا زۆر ئاشکرا و دیارە..
بۆیە لە بابەتی داهاتووماندا نموونەیەکی هەڵبەستی ڕۆمانتیکی جگەرخوێن وەردەگرین و لێکی دەدەینەوە….

تعليقات