بەشی پێنجەمی ئیسلام و شمشێر؛ ڕاستییە شێوێندراوەکان:

بەشی پێنجەمی ئیسلام و شمشێر؛ ڕاستییە شێوێندراوەکان: 


نەیارانی ئیسلام هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی کەمترین بوار بۆ ئەوەی ژەهری خۆیانی تێدا بڕێژن، تۆمەتی توندوتیژی و بە زۆر سەپاندنی ئیسلام بە سەر خەڵکیان کردووەتە دیارترین تۆمەتیان و هەموو ڕاستییەکیان لە پێناو ئەو بیروباوەڕە چەوتەدا شێواندووە.

هاتوونەتە نێو لاپەڕەکانی مێژووی ئیسلامەوە و هەموو ڕێگایەکیان تاقی کردووەتەوە بۆ هێنانە دی ئاواتەکانیان، سەیر لەوە دایە زۆر سەرچاوەی بڕوا پێکراو و گرنگ پێدراو لەو هەوڵانە دەرباز نەبوون، بۆ نموونە کتێبێکی وەک (المنجد في اللغة و الأعلام) کە بە دەیان جار چاپکراوەتەوە و گرنگی زۆریشی پێ دراوە، لە بارەی وشەی (الطلقاء) کە پێغمبەر(د.خ)ی لەسەربێت فەتحی مەککەی کرد، دوای کۆکردنەوەی خەڵک پێیانی فەرموو: (اذهبو فانتم الطلقاء) واتە: بڕۆن ئێوە ئازادن، بەڵام ئەو دێت لە تەفسیر و ڕاڤەی ئەو وشەیەدا دەڵێت: (الطلقاء: الذین أدخلو في الاسلام کرها) (المنجد٤٧٠)، واتە ئەوانەی هێنراونەتە ناو ئیسلام بە زۆری و بە تۆبزی، کەچی هەموو زاراوە ناسان و زمان ناسان پێچەوانەی (بطرس المعلم) وشەکە شی دەکەنەوە، ئەو هەوڵەی (بطرس) درێژە پێدەری هەمان ئەو هەوڵانەیە کە بۆ دوورخستنەوەی گەنجانی موسڵمان لە ئیسلام دراوە، بۆ دروست کردنی گومان لە ڕابردووی باب و باپیرانیان، ئەو هەوڵانە وایان کردووە وێنەیەکی شێواو لە دیدی خەڵکی خۆرئاوا هەتا لای موسڵمانیش دروست ببێت.

زۆر جار بە ناو ڕۆشنبیران لە لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەربارەی ئیسلام دەنووسن، کەچی نووسینەکانیان هەمان ئەو ڕەنگەیە کە خۆرئاوایەکان ئیسلام و موسڵمانانی پێ ڕەنگ دەکەن.

ئەوان کەوتوونەتە ئەو هەڵەی کە جیاوازی نەکەن لە نێوان ئیسلام وەک ئایین و موسڵمان وەک پەیڕەوکاری ئەو ئایینە، هەڵەی هەر موسڵمانێک بە هەڵەی ئیسلام دەزانن، بۆیە زۆر جار دەپرسین ئەگەر ئیسلام وەک دەسەڵاتدار جارێکی دیکە حوکمڕانی بگرێتە ئەستۆ…. چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ جیهانی دەورووبەردا دەکات؟

بەڵام زانایانی ئیسلام بەر لەو جۆرە پرسیارانە باسیان لەو جۆرە کاتانە کردووتەوە، ئەوەی گرنگە بزاندرێت لە ئیسلامدا گرنگی یەکەم بۆ ئاشتییە…ئیسلام تەنها بۆ عەرەب نییە، بەڵکوو لەگەڵ یەکەم بانگەوازیدا بانگەوازی بە جیهانی بوونی خۆیدا.

هەروەک ئیمامی شافعی (ر.خ) لێبێت دەفەرموێت: (لە ئیسلامدا جیهان هەموو وەک یەک سەیر دەکرێت) بە خانەی ئاشتی ناوی دەبات، هەرچەندە خەڵک لە بارەی ئیسلام یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نین، هەیانە بڕوای پێدەهێنێت و هەشیانە ڕەدی دەکاتەوە، زانایان باس لە پەیوەندی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە کە لە بیروباوەڕدا لەگەڵ ئەواندا جیاوازن.

دکتور غەنیمی لەو بارەیەوە دەڵێت: پەیوەندی دەوڵەتی ئیسلامی لەگەڵ هەر دەوڵەتێکی غەیرە ئیسلامی وەستاوە لەسەر سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە، واتە ئەو دەوڵەتانە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا دەکەن هەمان هەڵوێست لە دەوڵەتی ئیسلامیدا دەبینن… ئاشتیان هەڵبژارد ئاشتییە، ئەگەر شەڕییان هەڵبژارد ئەوە بە پێی هەڵوێستیان وەڵام وەردەگرن، کە ئەم شێوازە شتێکی بەڵگە نەویستە لە سیاسەتی شەرعی دەوڵەتی ئیسلامی.

دەقی ئایەت و فەرموودەش ڕێنمای بۆ ئەم هەڵوێستە دەکەن، کە واتە بەکارهێنانی شمشێر لە ئیسلامدا بەستراوە بە هەڵوێستی وڵاتانی بەرامبەر، بەڵام ئەوەی سەیرە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا موسڵمان دەکوژرێ… بەند دەکرێ… دەسووتێندرێ…. سەروەت و سامانی دەبردرێ…. کاتێک هانا بۆ بەرگری دەبات ئەوە تیرۆریست و مرۆڤ کوژە، ئەگەر بیەوێت پێناسەی خۆی بکات و بڵێ من هەم و مافم هەیە ئەوە بێ ئەدەب و زمان درێژ و تۆقێنەرە.

دەی سەیری گرتووخانەکانی( گوانتانامۆ و باگرام و ئەبوو غەریب) بکەن، سەیری (٥،٠٠٠،٠٠٠) ملیۆن بێ سەرپرشتیاری عێراقی بکەن، لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەیبینن لە پاکستان و ئەفغانستان بە هۆی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە چۆن خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن . سەیری کچە باڵا پۆشەکانی فەڕەنسا بکەن چۆن لە قوتابخانەکان وەدەردەنرێن لەسەر ئەوەی باڵاپۆشن، سەیری ئەو ڕەگەز پەرستییە بکەن کە لە خۆرئاوا دژ بە موسڵمانان ئەنجام دەدرێت…لەبەرچی؟؟؟

تەنها لەبەر ئەوەی کە موسڵمانن!!! هەتا گەورەی کەنیسەی (کاتۆلیکی-کاسۆلیکی) لەساڵی (٢٠٠٦) ئیسلام بە توندڕەو و کوشت و کوشتار پێناسە دەکات.

وێنە کاریکاتێرەکانی دانیمارک دژ بە پێغمبەری ئیسلام (د.خ) لەسەر و موسڵامانان و فیلمە قێزەونەکانی ئەمریکا، ئایا ئەو هەموو شتە ناخ هەژێنە و دیمەنە ترسناکانە هەموویان ناچنە خانەی تیرۆری بیروباوەڕەوە؟ یا خود ئەوەشیان مۆدێلێکی دیکەی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسییە؟



تعليقات