بەشی یازدەیەمی ئەدەب؛ قوتابخانەی ئەدەبی کوردی چۆن دروست بوو؟

بەشی یازدەیەمی ئەدەب؛ قوتابخانەی ئەدەبی کوردی چۆن دروست بوو؟
ڕاستی مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت، کە پێویستیەکی بابەتی و مێژوویی وایکرد کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی باباندا، پێویست بە شارێکی گەورە و پێشکەوتووهەبێت، کە ببێت بە پایتەختی ئەم میرنشینە، دەبوو پەرە بسێنێت و پەل بۆ میرنشینەکانی تری کوردستان بهاوێژێت، ئەو ئاواتەی بهێنێتە دی. کە بۆ میرانی بۆتان و سۆران نەهاتەدی، کە ئاواتیان یەکخستنی کوردستان بوو. باری جوگرافی و کۆمەڵایەتی شاری (قەڵاچۆڵان)، کە پایتەختی پێشووی میرنشینی بابان بوو، بۆ ئەوە شیاو نەبوو پایتەخت بێت.
لەبەر ئەوە هەر ئەو شوێنەی ئێستای شاری سلێمانی کە لە هەموو ڕووێیەکەوە لێیدەهات ئەو پایتەختەی تێدا دروستبکرێت دانانی بناغەی شاری سلێمانی لە ساڵی(١٧٨٤)ی زاینیدا ئەنجامێکی سەربۆری چەند سەدەی کوردیشە لە شار دروستکردن، داو دنیا دیدەیی پادشای بابان خۆشی لە نەخشەکیشان و بیناکردنی شاردا جێگەی خۆیگرت. لەشاری سلێمانیدا هەر لە سەرەتای دروستکردنیدا گەلێ شت پێکهات وەک:
١- شارەکەیان لەسەر بناغەی زانین و شارستانییەت دروستکرد.
٢- هەندێک دیمەنی شارە پێشکەوتووەکانی ئەو سەردەمەی تێدا دیاربوو.
٣- هەر لە سەرتای دامەزراندنییەوە پڕۆژەوەی ئاو و زێرابی تایبەتی بۆ هەموو شار دروستکرا.
٤- چەند چەشنە پیشەسازی تێدا دامەزرا، کە وێنەیان لە سەرەتای ڕاپەڕینی پیشەسازی و پەیدابوونی پەیوەندی پیشەسازی ئەرووپادا پەیدابوون سابوون دروستکردن و چنین و ڕستن و جۆڵایی و قوتابخانە و دەباخانە و چەقماخسازی و کارگەچییەتەی و گەلێک پیشەسازی تر.
٥- شارەکە بوو بە مەڵبەندێکی گەورەی بازرگانی و پەیوەندی بازرگانی لە پاڵ پایتەختە گەورە نزیکەکاندا، وردە وردە گەیشتە هەندێک شاری ئەرووپیش. بێگومان ئەو پێشکەوتنە ئابوورییە و ئەو هەوڵە سیاسییە، پێشکەوتنی زانیاری و ئەدەبیشی لێدەبێتەوە چەشنە وریای و هۆشیارییەک لە ناو دانیشتواندا دروستدەکات، بۆیە هەر لە سەرەتاوە چەند مزگەوت دروستکران و مزگەوتی گەورە بوو بە مەڵبەندی خوێندن و سەرپەرشتی میری بابان.
هەورەها لە پارەی میرنشیینی ڕی و شوێن بۆ گوزەرانی سەدان فەقێ دانراوە، کە لە هەموو کونجێکی کوردستانەوە دەهاتن، مەلای باشیش لە زۆر شوێنەوە هێنرانە سلێمانی و زانای ئەوتۆ لەو سەردەمەدا لەم شارەدا دەرسیان گوتۆتەوە، کە ناوبانگیان بە هەموو وڵاتی ئیسلامدا بڵاو بۆتەوە. هەروەک جموجۆڵ و کێشەی نێوان دوو تەریقەی قادری و نەقشبەندی لەم شارەدا لە سەردەمی باباندا بە دیمەنێکی تری بزووتنەوەی هزری ڕووناکی و ڕاپەڕین و چالاکی جووڵاندنەوەی ژیانی ئەو سەردەمە دادەنرێت.
بێگومان لەم زەوییە بەپیتەدا، بزووتنەوەیەکی ئەدبی تازەش بەرپا دەبێت و پەیڕەوێکی ئەدەبی تازە، یا چەند پەیرەوێک دێتەکایەوە. گزنگ و مەشخەڵی پەیڕوێکی ئەدەبی نوێ لە سلێمانیەوە سەری دەرهێنا.
قوتابخانەی شیعری بابان، کە هەندێک لە شارەزایانی ئەدەبی کوردی بە قوتابخانەی (نالی)ی دادەنێن و هەندێکیش، ناویی(نالی و سالم و کوردی) پێکەوە دینێ و بە (سیکوچکەی بابان)ی ناودەبەن، لە ئەدەبی ئەمڕۆماندا نەمابێت، ئەوا لە ڕوی ڕوخسار و زمانەوە ئەدەبی ئەمڕۆمان، هەر بەرەو پێشچوونی مێژوویی ڕووخساری ئەدەبی ئەو قوتابخانەیە.
هونەرمەندی و مامۆستایی (نالی)، توانایەکی وای بەخشی بە بەرهەمی خۆی و دوو هەڤاڵەکەی، کە زوو بڵاوبێتەوە و بچێتە دڵەوە و کاربکاتە سەر هەڵبەستوانانی تری ناوچەی کوردستان ئەو دەنگەی لە سلێمانییەوە بەرزبووەوە، دەنگیدایەوە و دەنگدانەوەکەشی لە یەکەم پلەدا لە ناوچەی سۆران(هەولێر)ەوە بوو.
هەر لەو سەردەمەدا هەڵبەستی حاجی قادریی کۆیی(١٨١٧- ١٨٩٨)و ئەختەر(١٨٣٠-١٨٨٧) و( کەیفی لە خاکی سۆرانەوە و مەجدی ١٨٤٩- ١٩٢٥) لە ئەردەڵانەوە و کۆمەڵێک هەڵبەستوانی تری ناوچەی سنە و موکریان هەر بەو جەشنەیان نووسیووە، کە نالی و هەڤاڵەکانی پێیان نووسیوە.
ئەو بناغەیەی(نالی)داینا، لە دوای لەناوچوونی میرنشینی بابان نەڕووخا بەڵکوو هەر بەرەو پێشچوو.
سەرەتا و دەستپێکردن:
زۆرجار کە باسی هەڵبەستی نالی و قوتابخانەی نالی دەکریت، پرسیارێک دێتە پیشەوە، ئەویش ئەوەیە، کە چۆن دەگونجێت زمانێک یان دایلێکتی زمانێک لەوە پێش هەڵبەستی پێنەگوترابێت، بەڵام سەرەتاکەی لە ڕووی ناوەڕۆک و ڕۆخسارەوە بەم چەشنە پتەوە بێتە کایەوە؟ ئەم پرسیارە زۆر لە جێی خۆیدایە و بەتەواوی لەگەڵ ژیبێژی و زانستدا دەگونجێنێت.
بێگومان ئێمە نالی بەڕابەرو دامزەرێنەی قوتابخانەی هەڵبەستی بابان دادەنێین، ئەگەر بەرهەمی نالی لە ڕووی ناوەڕۆک و ئەو باسانەوە کە هەڵبەست درباری نووسیوە، تەواو تازە نەبن و لە ناوەڕۆکی هەڵبەستی کلاسیزمی دیالێکتەکانی تری کوردی و هەڵبەستی کلاسیزمی ڕۆژهەڵات بچن، ئەوا لە ڕووی زمانەوە تازەن. دیارە ئەم تازەییە ئەوە ناگەینێت کە پێش نالی هیچ جۆرە هەڵبەستێک بەو دیالێکتە، واتە بە (بەشی سلێمانی کرمانجی خواروو) نەگوترابێت. بەڵکوو ئەمەی نالی بە چەشنێک خۆی گرتووە و جێی خۆیکردۆتەوە، کە لە پتەویدا ببێتە بناغەیەکی ئەوتۆ کە لێلادانی نەبێت و هەڵبەستوانانی تر پەیڕوەی بکەن و نەچنەوە سەر شێوەکانی تر، یا نەچنەوە سەر ئەو زمانانەی تری ڕۆژهەڵات کە هەندێک هەڵبەستوانی کوردی هەڵبەستیان پێنووسیوە(بە تایبەتی فارسی).
زانست و مەنتیق لەگەڵ ئەوەدایە کە پێش نالی سەرەتایەکی ئەوتۆ هەبێت وردە وردە ئەو بناغە پتەوە بە هێزەی لێ پەیدابووبێت و بلیمەتی نالی و دوو هاوەڵکەی وایکردبێت، کە ئەو سەرەتا ساکارانە بکەن بەو بناغە بەتینە قوڵە نەلەرزیوە.
لەبەر ئەوە زۆر بەڵگەو نموونەمان بۆ نەماوەتەوە ناویان بنێین سەرەتای ساکاری قوتابخانەی نالی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک نموونە هەن، کە ببن بە بەڵگەی بوونی ئەو سەرەتایە، دیارترینیان ئەمانەن:
١- ئەگەر بە وردی لەو بەرهەمانەی ئەدەبییاتی فۆلکلۆر بکۆڵینەوە، کە بگەڕێین، ئەوا گەلێک بەرهەمی وامان دەستدەکەوێت، کە بە پێی ڕووداوی مێژوویی و هەندێک دیمەنی ترییەوە، بڕیاری ئەوەیان بەسەردا بدەین، کە بەرهەمی پێش (نالی)ن و هەر بە دیالێکتەکەی ئەویش نووسراوە.
٢- هەر چەندە تا ئیستا بە تەواوی ساڵی لە دایکبوون و مردنی (عەلی بەردەشانی) مان بۆ ساغ نەبۆتەوە، بەڵام هەموو بەڵگەکان لەگەڵ ئەودان کە عەلی بەردەشانی پێش نالی کەوتووە و ڕەنگە ماوەیەک ژیانیان پیکەوە بووبیت. لەبەر ئەوە دەتوانین بەرهەمی عەلی بەردەشانی کە هەڵبەستی نەتەوەییە بە سەرەتایەکی سادەی بەرهەمی نالی دابنێین، تەنانەت ئەگەر لە هەڵبەستی عەلی بەردەشانی بکۆڵینەوە دەتوانین هەندێک لێکچوون و پەیوەندی لە نیوان بەیتەکانی ئەو و بەرهەمی نالی و گەلێک پەیوەندی لە نێوان ئەو و سالمدا بدۆزینەوە. بە تایبەتی لە ڕووی باس و ناوەڕۆکەوە هەر چەندە لە ڕۆخساردا جیاوازیان هەیە.
٣- (مەولوودنامەی) شێخ حووسێنی قازی (١٧٩١-١٨٧٠) بە یەکەم بەرهەمی پەخشانی کوردی دادەنرێت. بە داخەوە تا ئێستا ساڵی نووسینی ئەو مەولوود نامەیە نازانین، بەڵام ئەوە دەزانین کە شێخ حوسێنی قازی بە تەمەن لە نالی گەورەترە و لە ڕووی بەرهەمی ئەدەبییەوە هاوچەرخی ئەوە. ئەگەر مەولوود نامەکەی بەسەرەتا دانەنرێت بۆ هەڵبەستی نالی ئەوا بە دیاردەیەکی ئەدەبی وا دادەنرێت کە لەو بارودۆخە مێژووییەدا پەیدابووە کە هەڵبەستی نالی تێدا پەیدابووە.

تعليقات