مەسعوود حەیدەر پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە
دوای سوتانی كۆگایەكی سندوقەكانی دەنگدان لە بەغدا، رایگەیاند عێراق
کەوتووەتە تونێڵێکی تاریکەوە.
پەرلەمانتارەكە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وتارەكەی
بەناونیشانی (كێ ئەتوانێ عێراق رزگار بکات لەم قەیرانە؟) نووسیوە و دەڵێ لە
ئەنجامی ئەو بێ متمانەییەی دروست بووە لە نێوان پێکھاتەکان و قەوارە
سیاسییەکان، بەھۆی تەزویر و ئەنجامی متمانەپێنەکراوی ھەڵبژاردنەکانی
پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەشێک لە قەوارەکان و دانیشتنەکانی پەرلەمانی
عێراق کە پرۆسەکەی ئاڵۆزتر کرد، عێراق کەوتووەتە ناو تونێڵێکی تاریکەوە، کە
ئەوسەری دیار نییە و وەکو ھەر کێشەیەکی تر لە عێراق سیاسییەكان بەئاسانی
بۆیان چارەسەر ناکرێت.
هەروەها نووسیویەتی “ئەم بابەتە جگە لە رەھەندی سیاسی، لایەنی دەستووری و
یاسایی ھەیە و دوای سوتاندنی سندوقەکان و ئامێرەکانی دەنگدان لە رەسافەی
بەغدا، بێ متمانەیی بێ سنوور بووە و بیرورای جیاواز ھەیە لەنێو ماڵی
عەرەبی، بەرەی دەرنەچووەکان و بەرەی دەرچووەکان، کە تۆمەتبارن بەتەزویر
پەنجە بۆ یەکتر رادەکێشن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن”.
ئاماژەشی داوە كە بەشێکی زۆری ئەم کێشانە پەیوەندی بەنێوماڵی شیعەوە
ھەیە و پاشان پەیوەندی بە ململانێی جەمسەرە دەولی و ئیقلیمییەکانەوە ھەیە
بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران کە پێشبینیمان دەکرد کارێکی زۆر قورس بێت.
دوای ئەم ھەموو رووداوانە پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی بێتە ناو
پرۆسەکەوە، دادگای باڵا درک بە قورسی کێشە سیاسییەکانی عێراق دەکات و بۆ
چارەسەر ھەمیشە بڕیارێک دەدات کە ھەموو لایەنەکان ھەست بکەن بەرژەوەندیان
پارێزراوە، بەم قۆناخەشدا چەند بژاردەیەک لە پێش دەسەڵاتی دادوەری عێراقە.
لە كۆتاییشدا نووسیویەتی بەردەوامبوون لەسەر ژماردنی دەستی، پێشبینی
دەکرێت کێشەکان ھێندەی تر ئاڵۆز بكات. هەروەها ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی
پەرلەمان و رازیبوون بەئەنجامی ھەلبژاردنەکان وەکو کۆمسیۆن رایگەیاند،
ئەمەش نارازیبوونی گرووپی دەرنەچووەکانی لێ دەکەوێتەوە. ھەڵوەشاندنەوەی
ئەنجامی ھەڵبژاردنیش کە دەبێتە ھۆی چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و
نائارامی و پشێوی. عێراق بەرەو ھەڵدێر دەڕوات، ئەگەر دادگای فیدراڵی فریای
نەکەوێ.
Comments
Post a Comment