دژ بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکی بە تورکیا پرۆژە یاسایەک پەسەند کرا

كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا دژ بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکی بە تورکیا پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد.

کۆنگرێسی ئەمەریکا یاسای فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥ی پەسەند کرد، بەگوێرەی یاساکەش تورکیا مافی ئەوەی نییە ئەو فڕۆکە پێشکەووتوە بکڕێت.
رۆژنامەی حوریەتی تورکی بڵاویکردەوە، کۆنگرێسی ئەمەریکا بەزۆرینەی دەنگ پرۆژە یاسای دەسەڵاتی بەرگری نیشتمانی پەسەند کرد و تورکیاش وەک ئەوەی پێشبینی کرابوو، لە لیستی ئەو وڵاتانە هێنرایه‌ ده‌ره‌وه‌ کە دەتوانن فڕۆکەی ئێف-٣٥بکڕن.
تورکیا بەهۆی زیندانیکردنی قەشەیەکی ئەمەریکی بەتۆمەتی تیرۆر و سوووربوونی له‌سه‌ر کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس-٤٠٠ی رووسی، مافی ئەوەی لێسەندرایەوە کە ببێتە خاوەن فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکە.
کۆنگرێسی ئەمەریکا کڕینی سیستەمی ئێس-٤٠٠ی رووسی لە لایەن تورکیاوە بە هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانەکانی رێكخراوی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) وەسفکرد و چەند جارێک داوای لە ئەنقەرە کردووە خۆی دووربگرێت لە کڕینی ئه‌و سیسته‌مه‌ مووشه‌كییه‌، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا پێشتر رەتی کردەوە سیستەمی مووشەکی پاتریۆت بفرۆشێتە تورکیا، ئەنقەرە رووی کردە چەکە دوورهاوێژەکانی رووسیا.
تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەی ئێف-٣٥:
– توانای دەستنیشانکردنی دوژمنەکانی بە تەواوی هەیە و رادارەکانیان دەشێوێنێت.
– لەناو راداردا دەرناکەوێت، بەمەش دەتوانێت ئامانجە دووره‌کانی بپێکێت، بێ ئەوەی هەست بە بوونی بکرێت.
– چەک و سێنسەر و وەرگری زانیاری پێشکەوتووتری هەیە لە فڕۆکە جەنگییەکانی پێش خۆی.
– خێراییه‌كه‌ی نزیکەی ٢هەزار كیلۆمه‌تر ده‌بێت له‌ كاتژمێرێكدا، له‌ سه‌رووی خێرایی ده‌نگه‌.
– پێویستی‌ به‌ فڕگه‌ نییه‌ و هاوشێوه‌ی هه‌لیكۆپته‌ر هه‌ڵده‌فڕێت و ده‌نیشێته‌وه‌.

تعليقات