هۆکارەکانی کوشتن و تاوانکاری لە هەریمی کوردستان چین؟

هۆکارەکانی کوشتن و تاوانکاری لە هەریمی کوردستان چین؟

لە وڵاتێک ئەگەر یاسا سەروەر بێت تاوانکاران سەروەر نابن، بۆیە ئێمە باسی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و هەڵەکانی حکوومەت دەکەین تا دەگەینە ئامانجێک بۆ نەهێشتنی تاوان لە هەرێمی کوردستان، تەنها لە ماوەی مانگێک لە هەرێمی کوردستان بە دەیان کەس بە هۆکاری سووتان و تەقە لێکردن و سەربڕین و کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە لەناوچوون، هەندێک لە تاوانباران گیراون و هەندێکیش بە واستەو و واستە کاری بەردران و هەندێکیش هێشتا بەسەربەستی دەسووڕێنەوە.
یەکەم: ئەگەر حکوومەت سەر بە هیچ لایەن و پارتێک و کەسێکی دیاریکراو نەبێت و سەربەخۆ بێت خەڵک باشتر لە ژێر سایەی ئەو حکوومەتە دەحەسێنەوە و دەتوانن کێشەکانیان بە حکوومەت چارەسەر بکەن و کۆتایی پێ بێنن.
دووەم: بۆچی زۆربەی خەڵک پاش ئەوەی تاوانێکیان بەرانبەر کراوە هانا بۆ حکوومەت نابن و خۆیان دەست بۆ چەک دەبەن و بە کوشتن و کوشتن کاری کێشەکانی خۆیان چارەسەر دەکەن؟
١- لەوەی دەترسن کەسی تاوانبار بە واستەو واستەکاری خۆی لە زیندان و سێدارەدان و سزادان دووربخاتەوە، بۆیە خەڵک باوەڕی بە حکوومەتێکی ئاوها نییە تا کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.
٢- زۆربەی ئەو کەسانەی کە تاوان دەکەن پشتیان گەرمە بە ئەو پارت و لایەنانەی کە لەوێ ئەندامن و ئیشیان بۆ دەکەن.
سێیەم: حکوومەت نابێ بهێڵێت نە خەڵکی ئاسایی نە خەڵکی سەر بە پارت و لایەنەکان و خودی حکوومەتیش چەک لە ماڵەکانی خۆیان بە بێ ئیزن و بە بێ هۆکار ڕابگرن.
چوارم: دەبێ ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە چەکی سارد و گەرمەوە دەکەن لە ژێر چاودێری چڕی حکوومەت دابن و پایبەند بن بە یاساو ڕیسای حکوومەتەوە، دەبێ بە باشی سزا بدرێن پاش ئەوەی لە یاسا لادەدەن.
پێنجەم: ئەو کاناڵانەی کە فیلم و دراما شەرنگێز و تێکدەرە تورکی و عەرەبی و هیندی و بەرازیلی و کۆری و…..هتد، بەڵاو دەکەنەوە، کە دەبنە هۆکاری تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و بنەماڵە و شەقامی کوردەواری لێپێجینەوەی یاسایان لەگەڵ بکرێت و بخرێنە ژێر فیلتەری وەزارەتی ڕۆشنبیری.
شەشەم: ئەرکی باب و دایک و مامۆستا و میدیا و ڕۆژنامەکان و حکوومەتە کە خەڵک دوور بخاتەوە لە توندوتیژی و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و کوشتنی خەڵک و سزادانی هاوڵاتیان بە دەستی کەسی بەرانبەر.

تعليقات