دەبێ گەورە و بچووکی بەشداربووانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سزا بدرێن

دەبێ گەورە و بچووکی بەشداربووانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سزا بدرێن.

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان باس لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ”خیانەتە“ و دەبێ ئەنجامدەرانی سزا بدرێن. دەشڵێت، ”بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، زەلیلی دەستی دووژمن بووین“.
عەبدولڕەحمان حوسێن، پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەو لیژنەیەی کە بۆ ڕووداوەکانی ١٦ی کۆتۆبەر پێکھێندراوە، بەدواداچوونی جددی بۆ ڕووداوەکە نەکات، ”ڕووداوەکە بە مردوویی دەمێنێتەوە“ و ھیچ کەسێکیش لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت. بۆیە بە پێویستی زانی، لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوەی جددی لەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەر بکەن، تاوەکوو ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.
پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان نیگەرانی لەوە دەربڕی کە تائێستا یاسایەکی شەرعی و جیھەتێکی ئەوتۆ نییە، ”لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات کە خیانەتی نیشتمانی بەرامبەر میللەتەکەی خۆیان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی ببێتە عیبرەت بۆ کەسانی دیکە و ھیچ کەسێکی دیکە جورئەتی ئەوە نەکات کە جارێکیتر تاوانی نیشتمانی لەو شێوەیە دووبارە بکاتەوە“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەگەر ئێمە لێکدانەوە بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر  بکەین، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ڕووداوەکە خۆی لە خیانەتێکی گەورەی نیشتمانی دەبینێتەوە، بەڵام ھۆکارەکەی بۆ تۆڵەکردنەوە و یەکتر قبوڵ نەکردن دەگەڕێتەوە، ھەرچەندە ھەموومان کەرکووک بە دڵی کوردستان دەزانین، دەبووایە خوێنی زیاترمان بدایە تاوەکوو کەرکووک لەدەست نەدەین، بەڵام بەئاسانی ئەو شارە ڕادەستی نەیارانی کورد کرا، بێگومان ئێستاش کاتێک لە ٥٠%ی خاکی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە، خیانەتێکی گەورەیە و کراوە“.
پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ”ئەمڕۆ کە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویداوە، ناکرێ سبەی ١٦ی ئۆکتۆبەرێکی دیکە دووبارە بێتەوە، بۆیە پێویستە مەرجەعێک ھەبێ، بچووک و گەورەی ئەو ڕووداوە لە بەردەم دادگا سزا بدات، چونکە نابێ ھەر ئاوا خاکی کوردستان بدەین بەدەستەوە و خوێنی پێشمەرگە بە ئاسانی بفرۆشرێ، چونکە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زەلیلی ژێردەستی دوژمنانی کورد بووین“.

باسنیوز

تعليقات