ھێزێکی ئەمریكا بە رێككەوتن گەیشتە شەنگال

ھێزێکی ئەمریكا بە رێككەوتن گەیشتە شەنگال.

دوای ئەوەی دوێنێ ھێزێكی ئەمریكی گەیشتە سەر چیای شنگال، قایمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، ھێزەكانی عێراق لە پاراستنی شنگال شكستیان ھێناوە و ھاتنی ئەو ھێزەی ئەمریكاش بۆ شنگال بە رێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی عێراق.
مەحما خەلیل، قائیمقامی شارۆچکەی شنگال بە کوردستان٢٤ راگەیاند: “حکوومەتی عێراق لە پاراستنی سنووری شارۆچکەی شنگال لە تیرۆر شکستیهێنا، هەروەها بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی بەغدا و هاوپەیمانان، هێزێکی ئەمریکی لەو شارۆچکەیە نیشتەجێکراوە”.
گوتیشی: “هاتنی ئەو هێزەی ئەمریکا دەبێتە هۆکارێك بۆ رێگریکردن لە خواستەکانی ئێران و حەشدی شەعبی بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچەیە”.
قائیمقامی شنگال ئاماژەی بەوەشدا: “بەپێی دەستوور شنگال لە سنووری ماددەی ١٤٠ە دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببردرێت”.
پێشتر جه‌لال خه‌لۆ، جێگری قائیمقامی قه‌زای شنگال، به‌ په‌یامنێری كوردستان ٢٤ی راگه‌یاندبوو: “دوێنێ ١٥ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتوونه‌ته‌ چیای شنگال و له‌ نزیك لووتكه‌ی (میرا)ی زنجیره‌ چیاكه‌ جێگیر بوونه”‌.
راشیگه‌یاند: “ئه‌و هێزه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا هاتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و ئامادەکاری بۆ درووستکردنی بنکەیەکی سەربازى ده‌كه‌ن”.

Comments