٢٢ چەکدارە کوژراوەکەی حەشدی شەعبی کاری ئیسرائیل بوو.

ئەو ٢٢ چەکدارەی حەشدی شەعبی کە لە شارۆچکەی ئەلبوکەمالی سووریا بوردمان کران و کوژران کاری ئیسرائیل بوو.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دوێنێ لە هێرشی فرۆکەیەکی نەناسراو بۆ سەر شارۆچکەی ئەلبوکەمال: “٥٢چەکدار کە پشتیوانی لە حکوومەتی سووریا دەکەن و زۆربەیان عێراقین کوژراون”.
لای خۆیانەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی کوژرانی ٢٢چەکدار و برینداربوونی ١٢دیکەی لەو هێرشەی دوێنێ راگەیاند و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ئیدانەی هێرشەکەی کرد.
راستەوخۆ دوای هێرشەکە، حکوومەتی سووریا و حەشدی شەعبی، ئەمەریکایان تۆمەتبارکرد بەو هێرشە، بەڵام واشنتن رەتیکردەوە.
لەو بارەیەوە ئەمڕۆ (١٩/٠٦/٢٠١٨) بەپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە رێگای تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی گوتوویه‌تی: ” ئیسرائیل، نەک ئەمەریکا لەو هێرشە بەرپرسیارە کە بۆتە هۆی کوژرانی دەیان چەکدار لەسەر سنووری عێراق  و سووریا”.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: “پینتاگۆن بە روونی رایگەیاندووە، ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە”.
پێشتر بینیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاندووە: “ئێمە کردەوەمان دەبێت و کردەوەشمان هەیە دژی هەوڵەکانی ئێران  وهاوپەیمانەکانی بۆ بەهێزکردنی هەژموونی سەربازی ئێران لە سەر سنوور و ناوەوەی وڵاتی سووریا”.

تعليقات