هاتنی هێزەکەی تورکیا بۆ گوندی بەرمیزە و دیارترین کاردانەوەکانی

هاتنی هێزەکەی تورکیا بۆ گوندی بەرمیزە و دیارترین کاردانەوەکانی.


سوپای تورکیا لەشکرکێشییەکانی بە نهێنی نەهێشتووەتەوە و وەک لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەوێت ڕۆژی ٣١ی ئایار هێزێکی سوپای تورکیا بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی جۆراوجۆر چوونە ناو گوندی بەرمیزە لە سنووری ناحیەی سیدەکانی قەزای سۆران و لە مزگەوتی گوندەکەش لەگەڵ خەڵکی گوندەکەدا کۆبوونەتەوە و پێیان وتوون بۆ لێدان لە پەکەکە هاتوون.
وەک خەڵکی گوندەکە باسیدەکەن، ئەو سوپایە دوو ئەفسەریان لەگەڵدابووە و بە خەڵکی گوندەکەیان ڕاگەیاندووە تا ماوەیەکی دیاریکراو لە گوندەکەدا دەمێننەوە، بێ ئەوەی کاتی مانەوەیان دیاریبکەن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئەو هێزەی تورکیا ئێوارە خوانێکیان بۆ دانیشتووانی گوندەکە ڕێکخستووە.
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی سوپای تورکیا لەگەڵ گوندنشینانی بەرمیزە، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە هاوڵاتیان و نوسەران و ڕۆشنبیران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێن، بە درێژایی مێژوو ئەوە کورد خۆی بووە پێشڕەوی و ڕێبەری بۆ سوپای بێگانە کردووە و هاوکاری کردووە بۆ داگیرکردنی خاک و وڵات.
هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان تەنیوە و کاردانەوەی زۆریان لێکەوتووەتەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.
هاوکات لە بازگەی سیدەکان ڕێگریی لە دەزگایەکی دیکەی ڕاگەیاندن کرا بۆئەوەی بچنە نێو گوندی بەرمیزەوە و زانیاری لەبارەی هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکە بخەنەڕوو.
مێژووی هێرشە سەربازیی و ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣، کە لەو ساڵەدا حکومەتەکانی تورکیا و عێراق لە ئەنقەرە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بۆ سەرکوتی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن هەر وڵاتێک بۆی هەیە بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی وڵاتەکەی دیکەوە.
لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەوەندەی دیکە سنوورەکانی هەرێم بەڕووی تورکیادا کرانەوە، لە ساڵی ١٩٩٢ سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمدا ئۆپراسیۆنێکی لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی ساندویچی لە دژی پەکەکە ئەنجامدا، لەدوای ئەو ئۆپراسیۆنەوە بەشێک لە سوپای تورکیا تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لەناو خاکی هەرێمدا ماونەتەوە.
لەدوای دەستپێکردنەوەی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە ٢٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٥وە بە بەردەوامی بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەهۆی ئەو بۆردومانانەشەوە زیانی زۆر بەر هاوڵاتییانی هەرێم کەوتووە و تەنانەت قوربانیشی لێکەوتووەتەوە.
لە ئێستاشدا باس لەوە دەکرێت ١٩ بنکەی سەربازی و لۆجستی و سیخوڕی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیش بەسەر هەردوو سنوری قەزای ئامێدی و زاخۆدا لە پارێزگای دهۆک دابەشبوون کە گەورەترینیان بنکە سەربازییەکانی کانی ماسی و بامەڕنییە لە قەزای ئامێدی و زیاتر لە ٣ هەزار ئەفسەر و سەربازی لەو بنکانەدا هەیە.
لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردووشدا نەک تەنها حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەرامبەر بە بۆردومانە بەردەوامەکانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە هەڵوێستی جدییان نەبووە، بەڵکو حکوومەتی عێراقیش هیچ هەڵوێستێکی جددی و کرداریی بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی نەبووە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی دەستووری عێراق، ده‌بێت حكومه‌تی ناوه‌ندیی سه‌روه‌ریی سنوری ھەرێمی کوردستان كه‌ به‌شێكه‌ له‌ عێراق بپارێزرێت

تعليقات