دادگایەكی كەركووك بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی دەركرد
ئەمڕۆ یەكشەممە سەرچاوەیەكی دادوەری لە كەركووك رایگەیاند دادگای
لێكۆڵینەوەی شارەكە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەركرد.
سەرچاوەكە نووسراوەكەی دادگاشی بە ماڵپەڕی (ئەلسومەریە)ی عێراقی
داوە، كە تیایدا هاتووە ناوبراو بەگوێرەی مادەی ٣٢١ی یاسای سزاكان دەستگیر
بكرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، ڕێبوار تاڵەبانی لەسەر بڕیاری بەرزكردنەوەی
ئاڵای كوردستان و بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كەركووك
بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.
لەمبارەیەوە محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای
كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "پێشتر دەستەی دەستپاكی عێراق نووسراوێكی
ئاراستەی دادگا كرد لەمەڕ رێبوار تاڵەبانی و تێیدا داوایان لە دادگا كرد
رێبوار تاڵەبانی ئیمتیازی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك وەردەگرێت، لە
كاتێكدا خۆی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایە و دوای ئەوەی كە حەسەن
تۆران سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بوو لە كوتلەی توركمان، پاشان بوو
بە پەرلەمانتار، ئیتر ئەو پۆستە بەبەتاڵی مایەوە و لە شوێنەكەشی بەگوێرەی
یاسا جێگرەكەی بە وەكالەت دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەن، بۆیە بەتۆمەتی ٦٨مانگ
كە ئیمتیازاتی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی وەرگرتووە،
دراوەتە دادگا".
گوتیشی "سكاڵاكە لە دژی رێبوار تاڵەبانی، سیاسییە و رێبوار تاڵەبانی
لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كەركووك،
بۆیە داوای كردووە كە ئەو دادگاییكردنەی بگوزارێتەوە بۆ هەولێر و پاشان
ئامادەی دانیشتنی دادگاییەكەی دەبێت، چونكە هیچ شتێكی نایاسایی نەكردووە،
بەپێی یاساش زۆر ئاساییە داواكار یان داوالێكراو داوا بكات لە هەر شارێك
دادگاكەیان بگوازرێتەوە بۆ شارێكی تر".
ئاشكراشی كرد كە پارێزەرەكەی رێبوار تاڵەبانی دادگایەكەی تەمیز كرد،
بەداخەوە دیارە ئەو دادوەرە هەرچەندە كوردە، فەرمانی دەستگیركردنەكەی بۆ
رێبوار تاڵەبانی دەركردووە، كە هیچ تاوانێكیشی نەكردووە، گوایە تەنیا
ئیمتیازاتی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەردەگرێت.
مادەی ٣٣١ی یاسای سزاكانی عێراق، بریتیە لە سزادان بە زیندانیكردن یاخود
تاوانەی دارایی هەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت یان كەسێكی راسپێردراو بەخزمەتی
گشتی، كە بەمەبەست كارێكی پێچەوانەی ئەركەكانی خۆی كردبێ، یاخود لەپێناو
زیانگەیاندن بەكەسێك یان لە بەرژەوەندی كەسێكدا، لەسەر حیسابی كەسێكی تر
یان لەسەر حیسابی دەوڵەت، ئەنجامدانی ئەركی سەر شانی خۆی رەت كردبێتەوە.
لەوەتەی خیانەتەكەی١٦ی ئۆكتۆبەری چەند كەسێكی یەكێتی لە كەركووك،
ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شارەكەی بەجێهێشت و
لەو كاتەوە تا ئێستەش لە هەولێر دەژیت.
نووسینگەی بارزانی: سەرۆك بارزانی بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی رێبوار تاڵەبانی دەكات
نووسینگەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "دەرکردنی بڕیاری گرتنی رێبوار تاڵەبانی درێژەپێدانی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەرە و ئەم جۆرە كردەوانە و گرتن و سزادانی خەڵكی نیشتیمانپەروەر نابێتە هۆی سڕینەوەی خیانەتەكەیان".
نووسینگەکە لە لێدوانێکدا بەناوی (لێدوانێك لە نووسینگەی سەرۆك مەسعود بارزانی) دا دەڵێت "ئەوەی دەرهەق بە رێبوار تاڵەبانی كراوە بەهۆی هەڵوێستە نیشتیمانی و كوردپەروەرانە و عەداڵەتخوازیی ئەو بووە و ئەمە راستییەكە كە هەموو لایەك دەیزانن. ئێستایش هەموو كوردێكی دڵسۆز پشتیوانی رێبوار تاڵەبانین و سەرۆك بارزانیش بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی دەكات".
رۆژی ٠٣/٠٦/٢٠١٨، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرکرد.بەگوێرەی نووسراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووک، بەپێی ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنەوەی دەرکردووە.
دەقی لێدوانەکە
لێدوانێك لە نووسینگەی سەرۆك مەسعود بارزانی
دەركردنی بڕیاری گرتنی ڕێبوار تاڵەبانی درێژەپێدانی خیانەتەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەرە و ئەم جۆرە كردەوانە و گرتن و سزادانی خەڵكی نیشتیمانپەروەر نابێتە هۆی سڕینەوەی خیانەتەكەیان.
ئەوەی دەرهەق ڕێبوار تاڵەبانی كراوە بەهۆی هەڵوێستە نیشتیمانی و كوردپەروەرانە و عەداڵەتخوازیی ئەو بووە و ئەمە ڕاستییەكە كە هەموو لایەك دەیزانن. ئێستایش هەموو كوردێكی دڵسۆز پشتیوانی ڕێبوار تاڵەبانین و سەرۆك بارزانیش بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی دەكات.
نووسینگەی سەرۆك
٠٣/٠٦/٢٠١٨
Comments
Post a Comment