بیرمەندێکی بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشەی دەوڵەتی کوردستان دەکێشێت

سندووقە ڕەشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشەی دەوڵەتی کوردستان دەکێشێت

نووسەرێکی کورد ئاشکرای کرد کە کارکردن لەسەر پڕۆژەی بیرمەندێکی بەریتانیی ئەمریکی کە بە سندووقە ڕەشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، بەردەوامە و بەپێی ئەو پڕۆژەیەش، کورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
تەنیا کوردی، نووسەر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بابەتێکی نووسیوە بەناوی (ئەمڕۆ سندووقە رەشەکەی رۆژھەڵاتی ناوین دەکەینەوە کە کورد لە نێو ئەو سندوقەدا لە کوێدایە؟) و تێیدا باسی لەوە کردووە کە بێرنارد لویس، بیرمەندی بەریتانیی ئەمریکی کە بە ڕەچەڵەک جووە، وەک گەورەترین زانای بیانی پەیوەست بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە جیھاندا سەیردەکرێ و نەخشەکانی بۆ ھەیکەلی نوێی رۆژھەڵاتی ناوین داڕشتوون و بەگوێرەی نەخشەی ئەو، وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین دابەش دەکرێن.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئێستا بەشێکی گرنگی نەخشەکە جێبەجێکراوە و بەشەکەی دیکەی لە ژێر جێبەجێکردندایە.
نووسەرەکە نەیشاردووەتەوە کە بەپێی نەخشەکەی سندووقە ڕەشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، عێراق بۆ سێ دەوڵەتی (کورد، سوننە و شیعە) دابەش دەبێ، هەروەها ئەو بەشانەی کوردستان کە بەسەر ئێران و سووریادا دابەش کراون، دەخرێنەوە سەر دەوڵەتە کوردییەکە، جگە لەوەی ئێران بۆ چوار دەوڵەتی (عەرەبستان، ئازەرباجیان، تورکمانستان و ئیرانستان) و هەروەها سووریا بۆ سێ دەوڵەتی (درزیە، عەلەوییە و سوننییە) دابەش دەبێت، هەروەها ڕێگەش دەدرێت تورکیا دەست بەسەر بەشێکی باکووری سووریادا بگرێت، هەروەک ئێستا دەبیندرێت کە دەستی بەسەر عەفریندا گرتووە و بەرەو (منبج)یش دەڕوات.
ئەو نووسەرە کوردە ئاشکرای کردووە کە بێرنارد لویس ١٣ نەخشەی چڕوپڕی بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە و زیاتر لە ٣٠ کتێبیشی نووسیوە و تێیدا ڕاسپاردەکانی خستوونەتە ڕوو کە بە گوتەی ئەو، کۆنگرێسی ئەمریکا ڕاسپاردەکانی پەسەند کردووە و حکوومەتەکانی ئەمریکای بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردووە.
تەنیا کوردی لە نووسینەکەیدا بە چەند بەڵگەیەک سەلماندوویەتی کە لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕۆناڵد ڕەیگن، سەرۆکی ئەمریکا لەو سەردەمە، دواتریش جۆرج دەبلیو بووشی باوک لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکادا، نەخشەکانیان جێبەجێ کردووە، پاشان بیڵ کلینتۆن و بووشی کوڕ و دواتر ئۆباما و ئێستاش دۆناڵد ترامپ نەخشەکان جێبەجێ دەکەن کە چەند قۆناغێکە.
ئەمەش دەقی نووسینەکەیە:
ئەمڕۆ سندوقە رەشەکەی رۆژھەڵاتی ناوین دەکەینەوە کە کورد لە نێو ئەو سندوقەدا لە کوێدایە؟
ئەمڕۆ بە بابەتێکی ھەستیار و گرینگ لە بارەی سندوقە رەشەکەی رۆژھەڵاتی ناوین بێرنارد لویس لەگەڵتان دەبم، کە کۆدێکی گۆڕانکاری رۆژھەڵاتی ناوینە و کۆنگرێسی ئەمەریکا تەواوی نەخشەکانی پەسەند کردوون..لە نەخشەکەدا کورد دەبێ چی لێبێ؟ تورکیا تا کوێ بێ؟ ئێران چی لێ بێ؟ چۆن بووشی باوک و بووشی کوڕ و ئۆباما نەخشەکەیان جێبەجێ کردووە؟ ترامپ چی لێ بەجێگەیاندووە؟ دەچینە باسی نەخشەکە کە کوردی لە زاکیری سێبەری ئەمەریکادا چاندووە و ئێستا دەست بۆ کردنەوەی سندوقە رەشەکە دەبەین..
بێرنارد لویس یەکێک لەو بیرمەندە بەریتانییە ئەمەریکاییەیە کە بەرەچەڵەک جوە، وەک گەورەترین زانای بیانی پێوەست بە رۆژھەڵاتی ناوین لە جیھاندا سەیردەکرێ کە نەخشەکانی بۆ ھەیکەلی نوێی رۆژھەڵاتی ناوین داڕشتوون و بەگوێرەی نەخشەی ئەو، وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین دابەش دەکرێن، لە ئێستادا بەشێکی گرینگی نەخشەکە جێبەجێکراوە و بەشەکەی دیکەی لە ژێر جێبەجێکردندایە کە لێرەوە نەخشەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەخەمە ڕوو.
نەخشەی بێرنارد لویس
………………………..
یەکەم: عێراق، بۆ سێ دەوڵەت، کورد و سوونە و شیعە.
دووەم: ئیران، ناوچەی کوردی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ئێران ببێتە چوار دەوڵەت، عەرەبستان، ئازەرباجیان، تورکمانستان، ئیرانستان.
سێیەم: سووریا ناوچەی کوردییەکەی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی کوردستان، ناوچەکانی دیکە ببێتە سێ دەوڵەت، درزیە، عەلویە، سونیە، لەگەڵ ئەوەی کە بەشێکی باکووری رێگە بدرێ کە تورکیا دەستی بەسەر دابگرێ.
تەواوی وڵاتانی دیکە لە نەخشەکەدا ھەن کە ١٣ نەخشەی چڕن و زیاتر لە ٣٠ کتێبی نووسیوە و بە چەندین راسپاردە نەخشەکانی بە وردی داڕشتوون کە پێوەست بە رۆژھەڵاتی ناوینن، بەڵام من تەنیا باسی ئەو نەخشیەم کردووە کە پێوەستە بە عێراق و ھەروەھا تورکیا و سووریا و ئێران.
جێبەجێ کردنی نەخشەی بێرنارد لویس واتە ھەڵوەشانەوەی نەخشەی سایکس-پیکۆ لەگەڵ دروستکردنی رۆژھەڵاتی ناوینی نوێ کە خەونی ئەمەریکا و ئیسرائیلە.
فکرەی بێرنارد لویس بۆ عێراق
…………………………………
فکرەی بێرنارد لویس بۆ عێراق بریتییە لەوەی کە دەبێ ئەمەریکا و رۆژئاوا بەچەکێک دەست بەسەر عێراقدا بگرن، کە دیموکراتیەتە، ھەروەھا لەبەر ئەوەی عێراق لە بەرگێکی قەومی، ئایدۆلۆژی، مەزھەبی، توندڕۆیی دایە، ئیدی دەبێ بەرێگەی نەھێشتنی دەسەڵاتی تاک مەرکەزی لە عێراقدا ھەوڵبدرێ سەرەتا فیدراڵیەت بخرێتە چوارچێوەی عێراقەوە، دواتر ھەوڵ بۆ کۆنفیدراڵییەکی لاواز بدرێ، ھەوڵەکان بۆ دروستکردنی سێ ھەرێمی جوودا، کە بچنە کۆنفیدراڵیەتێکی لاوازەوە، دواتر ئەم ھەرێمانە بکرێن بە دەوڵەت، ئەمەی لە نەخشەی لویسدا سەبارەت بە عێراقدا ھاتووەتە جێ، رووخانی رژێمی سەدام، ناوھێنانی عێراق بە فیدراڵی، دروستکردنی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستوەردانی تورکیا لە عێراق و ھەروەھا رێگەخۆشکردن بۆ دەستوەردانی ئێران تا دوایی بەو رێگەوە لاواز بکرێ.
چی بۆ کورد کردووە؟
……………………….
لە سەردەمی جۆرج دەبیلو بووشدا، نەخشەی بێرنارد سەبارەت بە عێراق خرایە بەردەمی بووش، بێرنارد لە نەخشەکەدا لەگەڵ ئەوەی باسی کوردی لە عێراق کردووە بەڵام بەگوێرەی وردەکاری نەخشەکەی لە جێبەجێ کردندایە، دەبێ پارێزگاری لە کورد بکرێ، کورد دەبێ پێگەی لە عیراقدا لەبەرچاو بگیرێ و پاڵپشتی بکرێن، ھەروەھا لە دوای لێدانی عێراق دەبێ عێراقێکی فیدراڵی دروست بکرێ، کە کورد رۆڵی تێدا بگێڕێ، دەستوورێک ھەبێ کە بە تەواوەتی بوار بە دیموکراتییەتی عێراق بدات. ئەوەی کە بێرنارد پێشنیازی کردووە وەک خۆی بووش جێبەجێی کرد.
-بەر لە بووش، لە ساڵی ١٩٨٣ تا ١٩٨٨ رەیگن وەک سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی رۆژھەڵاتی ناویندا نەخشەی بێرناردی جێبەجێ کرد. بووشی باوک و کلینتۆن و بووشی کوڕ و ئۆباما و تەنانەت ئێستایش دۆناڵد ترامپ نەخشەکی تۆخ کردووەتەوە.
بەگوێرەی نەخشەی بێرنارد لویس بۆ عێراق دەبێ رێگە بدرێ وڵاتانی ناوچەکە دەستوەردان لە عێراق بکەن، بۆ ئەوەی عێراق نەتوانی وەک مەرکەز دسەڵاتی بەسەر سەروەری خۆی ھەبێ، دەستوەردانی تورکیا و ئێران لە عێراقدا ھەبێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ ئامانج بۆ دابەشکردنی عێراق سەرەتا بە شێوەی ھەرێم ھەبێ، دوایی عێراق ببێتە سێ دەوڵەتی شیعە و سوونە و کورد.
-ئۆباما لە نەخشەی بێرنارد لویسدا، لە بواری جێبەجێکردنی تۆخکردنەوەی دیموکراتییەت لە رۆژھەڵاتی ناویندا و لێدان لە داعشدا لە خاکی عێراق جێبەجێ کرد، ھەروەھا رێگەدان بۆ مومارەسەی پێکھاتەکان و زەمینە خۆشکردن بۆ دەستوەردانی ئێران و تورکیای لە عێراق خستە بواری جێبەجێ کردن.
-دۆناڵد ترامپ ھەمان شت لەسەر نەخشەی بێرنارد لویسدا دەڕوات، لە نەخشەی بێرناردا لە سووریادا دەبێ تورکیا بێتە باکووری سووریا، ئەوەتا تورکیا تا عەفرین ھاتووە و دەیەوێ بێتە نزیک مەنبەج، ھەروەھا بەگوێرەی نەخشەکە دەبێ سووریا رێگەی بۆ خۆشکبرێ تا بکرێتە سێ دەوڵەتی عەلەوی، درزییە، سوونیە، لە ئێستادا سوونییەکان وەک ئۆپۆزسین بوونیان ھەیە، عەلەویش بەگوێرەی نەخشەکە دەبێ شوێنی ئەسەد بگرنەوە و درزییەکانیش دەبێ ئەو گروپە بن کە لە داھاتوو لە سووریا شوێنپێی خۆیان دەکەنەوە.
– لە عێراقدا دۆناڵد ترامپ بە تەواوەتی دەستی ئێرانی کردەوە ئەوەبوو ئێران بە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستاندا رۆیشت تا خۆی لە سووریا بینیەوە، لە ھەمان کاتدا بە بیانوی پەکەکە ئێستا دەرگا بۆ تورکیا کراوەتەوە تا بەرەو عێراق بجوڵێ، لێرەوە بێرنارد ئامانجییەتی کە مەزھەبی شیعە و سوونە بکەونە خاڵێکی یەکتڕ بڕ، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا کێشەکان بەرەو دابەشبوونی جیوگرافی بڕۆن.
-لاوازکردنی ئێران و لە کۆتاییدا گۆڕینی رژێم و ناسەقامگیرکردنی ئەو وڵاتەیش دەبێتە ھۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی لەوێشدا پێکھاتە و نەتەوەکان وەک عێراق ھێڵەکانیان دیاری بکرێ ودواتر ئەوانیش بەرەو ھەرێم و دابەشبوونی جیوگرافیای خۆیان بڕۆن وەک لویس دەستنیشانی کردووە کە ، ناوچەی کوردی بگەڕێتەوە سەر دەوڵەتی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ئێران ببێتە چوار دەوڵەت، عەرەبستان، ئازەرباجیان، تورکمانستان، ئیرانستان.
خاڵە گرینگەکانی نەخشەکە بۆ کورد کە بەشێکی لێ جێبەجێ کراون
…………………………………………………………………………
-بێرنارد لویس لە لوتکەی دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کوردستان لە تەواوی نەخشەکانی دا کورد دەوڵەتە.
-لویس کاریگەری ھەبوو لەسەر بووشی باوک لەوەی کە دەبێ لە عێراق بدرێ و پشتی کورد بگیری بۆ ئەوەی کیانێکی کوردی لە عێراق ھەبێ.
-لویس کاریگەری ھەبوو بەسەر بووشی کوڕ کە دەبێ لە دوای ئازادکردنی عێراقدا کورد پارێزرا و پشتگیری لێ بکرێ.
-لویس کاریگەری ھەبوو لەسەر ئۆباما کە دەبێ لە لێدانی داعشدا وابکرێ کە کورد بپارێزرێ.
-لویس کاریگەری ھەبوو لەسەر ترامپ لە ئێستادا کە دەبێ، رۆژھەڵاتی ناوین بەرەو نەخشەکە بڕوات لەوەی کە خاڵ بە خاڵ جێبەجێ بکرێ و زەمینەیەکی دیکە بۆ دابەشبوونی پێکھاتەکان ھەبێ، ھەروەھا کورد لە عێراقدا بەھێز بکرێ تا بەروەو ئامانجی کۆنفیدرالی ھەنگاو دەنێ.
-بێرنارد لە ساڵی ١٩٨٣ کۆنگرێسی ئەمەریکا تەواوی نەخشەکانی پەسەند کردووە و وەک راسپاردە خستوویەتییە بەردەم ئەمەریکا بۆ جێبەجێ کردنی کە لە نەخشەکەدا کورد بوونی ھەیە.
-لویس لە سێبەری ئەمەریکاو لۆبی ئەمەریکا و جوودا نەخشەکەی بە گەورەترین دەرچەیەک بۆ گۆڕانکاری لە رۆژھەڵاتی ناویندا دادەنرێ و لە سێبەردا وا سەیری کورد دەکرێ کە بەگوێرەی نەخشەکە دەبێ بەرەو دەوڵەت بڕۆن.
بۆچی ئەم نەخشەیە جێبەجێ بکرێ؟ کێ جێبەجێی دەکات؟
……………………………………………………………….
جێبەجێکردنی ئەو نەخشەیە لەلایەن سێبەری ئەمەریکا و ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێ، تاڕادەیەکی زۆر رووسیایش ھاوبەشە، چونکە دواجار بەھۆی ئەو نەخشەیەوە وا دەکرێ کە لە رۆژھەڵاتی ناویندا دوڵەتی نوێ دروست ببن، ئەم جۆرەدوڵەتانە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەریان دەبێ بۆ راگرتنی باڵانسی نوێ بۆ فکری رۆژئاوا و سەرلەنوێ حوکمڕانی ناوچەکە کە لە پۆڵێنێکی ئایدۆلۆژی و ئابووری و جیوگرافیای سیاسی.
لە ئەمەریکادا کەسەکان بەگوێرەی نەخشەی بێرنارد لویس لە مەشق و راھێنانی رۆژھەڵاتی ناوین راھێنراون، لە ئیسرائیلدا لە تەواوی ھزری ئیسرائیلدا ئەم نەخشەیە بە وردی بە ھەند وەرگیراوە.
بێرنارد لویس کێیە؟
……………………
-لە ١٩١٦ لە بەریتانیا لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٢ رەگەزنامەی ئەمەریکایی وەرگرتووە وبە رەچەڵەک جوە.
-وەک مامۆستای رۆژھەڵاتی ناویندا لە سێبەری ئەمەریکا و ئیسرائیل سەیر دەکرێ، وەک گەورەترین زانای بیانی کە تایبەتمەدی لە رۆژھەڵاتی ناوین ھەبێ دەناسرێ.
– شارەزاییەکی زۆری لە ئاینەکانی رۆژھەڵاتی ناوین ھەیە، لە ئاینی ئیسلام و ھەروەھا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەگەڵ تایبەتمەندی لە نەتەوە و پێکھاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوین و ئێران و سووریا و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین.
-وەک ھزری سەدەی ئەمەریکا لە رۆژھەڵاتی ناویندا سەیردەکرێ، لە جوڵەی ئیسرائیل و ئەمەریکادا لە رۆژھەڵاتی ناویندا نەخشەکانی خراوەنەتە جێبەجێ کردن و قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێ کردن دان.
-لە ١٩-٥-٢٠١٨ وەفاتی کرد.
سەرنج/ زۆر راسپاردەی وردتری بێرنارد لویس ھەن کە لێرە نەم خستنە ڕوو، بەڵکوو باسکردنی دەکرێ لەگەڵ پێشھاتەکاندا بخڕێتە ڕوو، ئەگەرنا راسپاردەکانی بێرنارد لویس لەو نەخشانەی کە باسی کردوون زۆرن و دەکرێ لە داھاتوودا ئەگەر بە پێویست زانرا بیخەینە ڕوو.

تعليقات