رۆژنامەگەری کوردی، ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا:

رۆژنامەگەری کوردی، ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا:


داھێنانی ئامێری چاپ لە سەدەی پازدەیەمی زایینیدا لە سەردەستی مسگەرێکی ئەڵمانی یوحەنان گۆتەنبەرگ داھێنراوە. گۆتنبەرگ ساڵی (١٣٩٨- ١٤٦٨ی.ز) لەو دا‌ھێنانەیدا ھیچ سوود و دەستکەوتێکی پێ نەبڕاوە‌ لەبەر سەرقاڵی و دەستکورتی. کاتێ کتێبی ئینجیلی (کتێبی پیرۆزی ئایینی خاچپەرەستی) لە چاپ داوە تەنانەت بیری چووە ناوی خۆشی لەسەر تۆمار بکات.

‌بەرلە گۆتنبەرگ ھەوڵێکی تریش لەلایەن بازرگانێکی چینی بەناوی بی شینگ ساڵی (٩٩٠ – ١٠٥١ی.ز)‌ ھەبووە. بەو داھێنانەی گۆتنبەرگ شۆڕشێکی مەزن لە زۆر بواری ژیاندا دروست بوو. چاپ ڕۆڵێکی ئێجگار گرینگی بینی لە بەرەو پێشوەچوونی شارستانییەت لە سەرتاسەری دونیادا. ماوەیەک پاش ئەو دا‌ھێنانە، گۆڤار و ڕۆژنامە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک چاپ و بڵاو کرانەوە.ڕۆژنامە بڵاوکراوەکە داگری ھەواڵ، زانیاری و جاڕدان و بانگەشەیە، ڕۆژنامەکان بەگشتی ڕۆژانە، یان هەفتەی جارێک لە چاپ دەدرێن، لە ڕۆژنامەکاندا باس لە هەواڵ و چالاکی و ڕووداوەکان دەکرێن لە زۆرینەی بوارەکان، ئەو کەسەشی کە ڕۆژنامە و وتار یان هەواڵ دەنووسێت پێی دەڵێن ڕۆژنامەوان یان ڕۆژنامەنووس، زۆربەی خەڵکیش ئارەزووی ڕۆژنامە دەکەن بۆ خوێندنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانی ناوخۆ. کوردیش، وەک نەتەوە، لەلایەن ڕۆشنبیر و خوێندەوارەکانییەوە، لە سەرەتای خۆناسینیدا، هەوڵی زۆری داوە، لەم بڵاڤۆکە جیهانییە، دووا نەکەوێت و لەو بوارەدا، هەوڵی زۆری داوە و هەنووکە، بواری ڕۆژنامەگەریی کوردیی، سەرەڕای کەموکۆڕییەکانی گەشەیەکی بەرچاوی کردووە و لە سێ بواردا خۆی بینیوەتەوە، میدیای خوێندراو، بیستراو و بەتایبەت لە بینراودا لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون دایە.

کورد و ڕۆژنامەگەری:

ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا:

ڕۆژنامەی کوردستان:

ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو، کە یەکەم ژمارەی ڕێککەوتی ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی.ز بە تێکۆشانی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی میسر لە چاپ درا. دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن. ئەمڕۆکە ڕۆژی دەستپێکی دەرخسنتی ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن ھەموو دەزگا کوردییەکان و ھەروەھا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وەکوو سەرەتای ڕۆژنامەگەریی کوردی قەبووڵ کراوە و بە شانازییەوە یادی دەکرێتەوە.

ڕۆژنامەی (کورد تەعاون و تەرەقی گەزەتەسی):

ڕۆژنامەی (کورد تەعاون و تەرەقی گەزەتەسی) بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئیستانبووڵ دەرچووە، لە ٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٠٨ی.ز تاکوو حوزەیرانی ساڵی ١٩٠٩ی.ز بەردەوام بووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ -پیرەمێردی شاعیر–بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد – کورد تەعاون وکۆمەڵەی تەرقی – بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە.

ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئیستانبووڵ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز حاجی تۆفیق بەگ واتە (پیرەمێردی شاعیر) بوو.

ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) کە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ، دەری دەکرد.

گۆڤاری ژین لە ئیستانبووڵ لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ی.ز بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە.

ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو، ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو.

رۆژنامەی‌ ژین کە پیرەمێرد لە سلێمانی چاپی دەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی (ژین)یش ٥٥٣ ژمارەی لێ چاپ کرا. یەکەم ژمارەکەی لە ١٩٣٩دا دەرکرد و پاش کۆچی دووایی تا ساڵی ١٩٥٠ بەردەوام بوو و گەیاندیە ١٠١٥ ژمارە. دووای کۆچی دوایی پیرەمێردیش جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ، بەردەوام تا ساڵی ١٩٦٣ گەیاندیانە ژمارەی کۆتایی (١٧١٤).

ئەمڕۆ بنکەی ژین لە سلێمانی وەک دەزگایەکی ئەرشیڤ و چاپکردنی کتێب و بەڵگەنامەی کوردی چالاکن.

گۆڤاری فەرھەنگ و ڕۆژنامەی «شفق سرخ» کە لە تاران دەردەچوون.ڕۆژنامەی «ئیقدام» و «حوڕییەت».

گۆڤاری ئیجتیھاد لە ئیستانبووڵ لە ساڵەکانی ١٩٠٤-١٩١٢ لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو.

ڕۆژنامەی «ترجماتی حقیقت»ی مامۆستا موعەلیم ناجی لە تورکیا دەردەچوو.

ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، لەلایەن داوود حەیدەری کوڕی ئیبراھیم حەیدەرییەوە، کەلە دەرچوانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.

«گۆڤاری ڕۆژی کورد» ١٩١٣ خاوەنی عەبدولکەریم ئەفەندی.
«گۆڤاری بانگی کوردستان» ١٩٢٢ خاوەنی مستەفا پاشا یامولکی.
«گۆڤاری زاری کرمانجی» ١٩٢٦ خاوەنی مێژوونووس حوسێن حوزنی موکریانی.
«گۆڤاری گەڵاوێژ»١٩٣٩ خاوەنی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد.
«گۆڤاری نزار» خاوەنی مامۆستا عەلائەدین سەجادی.
«گۆڤاری رۆناھی» خاوەنی مامۆستا ئەنوەر مائی.
«رۆژنامەی ئازادی» ١٩٤٥ خاوەنی مەلا شەریف ڕەنگەڕێژی.
«گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤مامۆستا گیو موکریانی.
ڕۆژنامەی کوردستان: کە بڵاوکراوەی فەرمی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵە لە چەند قۆناغی جیاجیا و لە چەند شوێنی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەردەوام بووە و زمانحاڵی فەرمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و ئێستاش بە شێوەی چاپ و ئەلکترۆنی هەر چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

خەبات: عەلی عەبدوڵڵا، خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خەباتە وە هەروەها سەلام عەبدوڵڵاش سەرنووسەری ڕۆژنامەکەیە، ڕۆژنامەی خەبات ئۆرگان، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی کوردستان و یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات لە ٤ی نیسانی ١٩٥٩ دەرچووە.)ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ: ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەردەکرێت. ژمارە سفری ڕۆژنامەکە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ چاپ و بڵاو کرایەوە‌ و بووه‌ یه‌که‌م رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی دووای راپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ئاداری ١٩٩١ که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ ده‌رچوون، که‌ بۆ ئه‌و سەردەمە ده‌رکردنی رۆژنامه‌‌ به ‌واتای رۆژنامه‌ی هه‌واڵ و به‌دواداچوونی رۆژنامه‌گه‌ریی، کارێکی ئاسان نه‌بووە. خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەکە دکتۆر فوئاد مەسعوومە و لە ساڵی ٢٠٠٩ ـشەوە ستران عەبدولڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەکەی گرتە ئەستۆ.

جیا لەم ڕۆژنامانە لە هەرێمی کوردستان بە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە و هەفتەنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووری وەک ” باس، ئاوێنە، هاوڵاتی، میدیا، چاودێر، هەولێر، ڕووداو، وشە، کاروان، ڕامان، سەردەم و گزنگ و…هتد، و چەندانی دیکە چاپ و بڵاو دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان لە هەرێمی کوردستان هەتا ڕادەیەکی زۆر ئازادیی ڕۆژنامەنامەگەریی کوردی هەیە و لە ڕاپۆرتێکدا بە بەهەشتی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی ڕۆژهەڵات ناوزێد کراوە.

لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردی، سەرەڕای بەربەست و ئاستەنگەکان بووژاوەتەوە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندان قۆناغی جیاجیای بڕیوە کە دەتوانین ئاماژەی بە گۆڤاری سروە، مەهاباد، زرێبار، هایا، ژیوار، هەفتەنامەکانی ڕۆژهەڵات، ئاسۆ، ئاویەر، سیروان، لووتکە، سۆران، ئاگرین ڕۆژ و دەیان گۆڤاری و بڵاوکراوەی زانکۆیی و خوێندکاری بکەین.

لە بنیادنانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا سەدان نووسەر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەند دڵسۆزانە لە ڕۆژگاری خۆیدا بەشدارییان کردووە کە لە گەشەپێدانی ڕۆژنامەوانی کوردیدا وەکوو مامۆستا “پیرەمێرد، گیوی موکریانی، حوزنی موکریانی، عەلائەدین سەجادی، ئیبراهیم ئەحمەد، عەبدوڵا گۆران، مەعرووف بەرزنجی، غەفور میرزا کەریم، جەلالی میرزا کەریم، ئەمینی میرزا کەریم، ئەحمەد غەفوور، مەلا ئەنوەر مائی، شاعیری بەناوبانگ قانع، مامۆستا شاکر فەتاح، محەمەد تۆفیق وردی، محەمەد مەولوود مەم، ساڵح حەیدەری و دەیانی تر.

تعليقات