خەوننامەی کوردی، بەشی بە، باران:

خەوننامەی کوردی، بەشی بە، باران:


دانیال پێغەمبەر دەفەرمێ: باران لە خەودا ڕەحمەت و بەرەکەتی خودای پەروەردگارە بەسەر بەندەکانی خۆیدا، ئەگەر بارانەکە گشتی بوو و لە هەموو شوێنێک دەباری.

هەروەها بینینی باران لە وەرز و کاتی خۆیدا باشترە و هەر کاتێ خەڵک خوازیار بوون باران ببارێ، لێکدانەوەی باشترە.

بەڵام ئەگەر بارانەکە تایبەت بوو بە جۆرێک، کە لە شوێنێک بارانێکی بە خوڕم دەباری و لە جێگایەک نەدەباری، نیشانەی ئازار و نەخۆشی و دەرەتانی خەڵکی ئەو شوێنەیە.

ئەگەر باران بە هێواشی و نمە دەباری، نیشانەی خێر و بەرەکەتە بەسەر خەڵکی ئەو شوێنەدا.

ئەگەر سەرەتای ساڵ یان سەرەتای مانگ باران باری، ئەوا لەو ساڵەدا یان لەو مانگەدا، ڕزق و ڕۆزی زۆر پەیدا دەبێت.

ئەگەر بارانی خەست و بە غوبار و توند باری، نیشانەی نەخۆشییەکە کە پێی دەمرێت.

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی باران دەباری کە وەرزەکەی وەرزی باران نەبوو، واتە لەشکری بەڵا و ناڕەحەتی ڕوو لەو شوێنە دەکات.

ئەگەر بە ئاوی باران خۆی تەڕ دەکرد و خۆی پاک دەکردەوە، ئەوا لە ترس و دڵەڕاوکێ پارێزراو دەبێت.

ئەگەر باران بەسەر سەریدا دەباری، واتە گەشت دەکات و بە سوود و قازانجەەوە دەگەڕێتەوە.

ئەگەر بینی باران وەکوو باوبۆران و تۆفان بەسەر خەڵکدا دەباری، ئەوا لەو شوێنەدا، مەرگی لەناکاو دێتە ئاراوە، ئەگەر لەگەڵ هەموو دڵۆپە بارانێکدا، دەنگی ئاواز و مۆسیقا دەهات، واتە گەورەیی و پلە و پایەی زیاتر و بەرزتر دەبێتەوە.

ئەگەر بارانێکی گەورە و زۆر و زەوەند بەشێوەیەک باری کە جۆگەڵەی بەستبوو و خۆی زیانی پێ نەگەیشت، واتای ئەوەیە پشتی فەرمانڕەوای ئەو سەرزەوینە دەگرێت و شەڕی ئەو فەرمانڕەوایە لە خۆی لادەدا.

ئەگەر بینی کە ناتوانێ بەسەر ئەو جۆگەڵانەدا تێپەڕ ببێت، واتە شەڕی حاکم و فەرمانڕەوای وڵات، لە خۆی دوور دەخاتەوە.

ئەگەر ئاو، وەکوو باران لە بۆشایی ئاسمانەوە دادەباری، واتە عەزابی خودا و نەخۆشی لەو ناوچەیەدا سەر هەڵدەدات.

ئیبراهمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی لە جیاتی باران، هەنگوین دەباری، واتە ڕزق و ڕۆزی و دەستکەوت لەو شوێنەدا زۆر دەبێت و هەر شتێکی بینی کە لە جیاتی باران دادەباریە سەر زەوی، لێکدانەوەکەی بە پێی تایبەتمەندییەکانی ئەو شتەیە کە دەبارێ.

ئەگەر ئاوی باران ڕوون و زوڵال بوو، بە ئەندازەی ئەو بارانە، خێر و بەرەکەت و ئاسوودەیی پێدەگات.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی باران لە خەودا، دووازدە لێکدانەوەی هەیە.

یەکەم: ڕەحمەت و سۆز و بەزەیی. دووەم: بەرەکەت و ڕزق و ڕۆزی. سێیەم: بەهاناوە هاتن. چوارەم: ئازار و ناخۆشی. پێنجەم: بەڵا. شەشەم: مەیدانی جەنگ. حەوتەم: خوێن ڕشتن. هەشتەم: ئاژاوە و دووبەرەکی. نۆیەم: هەژاری. دەیەم: پارێزراو بوون. یازدەیەم: کوفر و بێ ئیمانی. دووازدەیەم: درۆ.



تعليقات