خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئەنگوستیلە–مستیلە–پەنجەوانە:

خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئەنگوستیلە–مستیلە–پەنجەوانە:


دانیاڵ پێغەمبەر دەڵێت: ئەگەر نەخش و تایبەتمەندییەکانی ئەنگوستیلەی بینی، واتە لە لایەن خاوەنەکەیەوە خێر و چاکەی پێدەگات.

ئەگەر کەسێک ئەنگوستیلەی پێدا تاکوو مۆری پێ بکات، ئەوا هەندێک لەو شتانەی کە شایەنێتی، دەستی دەکەوێت، واتە ئەگەر شایەنی فەرمانڕەوایی بێت، پێ دەگات.

ئەگەر دەوڵەمەند بوو، بە ئەندازەی قورسایی و بەهای ئەنگوستیلەکە، ماڵ و سامانی دەست دەکەوێت.

ئەگەر لە مزگەوت یان لە نوێژدا، لە پرسەدا کەسێک ئەنگوستیلەیەکی پێدا، ئەگەر بازرگان خەوەکەی بینی، نیشانەی ئەوەیە کە حکوومەت ناوچەیەکی دەداتێ، یان خراپە تووشی خۆی یان خزمەکانی دەبێت.

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر کەسێک بینی ئەنگوستیلەکەی ون بووە، یان دز بردبووی، ئەوا لە کارەکانیدا لەمپەر و دژواری دروست دەبێت.

ئەگەر بینی ئەنگوستیلەکەی شکا و نقێمەکەی مایەوە، واتە گەورەیی و پلە و پایەکەی لە کیس دەچێت و شکۆ و ئابڕووی بۆ دەمێنێتەوە.

ئەگەر ئەنگوستیلەکەی خۆی بە کەسێک بەخشی، ئەوا هەرچییەکی هەیە، هەندێکی لێ دەبەخشێت.

ئەگەر ئەنگوستیلەکەی خۆی فرۆشت و پارەی نرخەکەی وەرگرت، واتە ئەوەی هەیەتی، بە کۆ، دەیانفرۆشێت و خەرجیان دەکات.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی کانزای ئەنگوستیلەکەی نەشیاو بوو، ئەوا لە ماڵ و سامان، هەرچییەکی هەیە، شتێکی لە کیس دەچێت و فەرمانڕەوایەکیش ڕقی لێ هەڵدەگرێت.

ئەگەر بینی ئەنگوستیلەکەی زیو بوو، واتە ئەوەی هەیەتی پەسەند و حەڵاڵە.

ئەگەر ئەنگوستیلەی ئاسن یا خود پۆڵا (حەوت جۆش) و ڕووکار سپی بینی، ئەوەی هەیەتی، کەم و بچووکە.

ئەگەر ئەنگوستیلەکەی خشڵی زەمبەر و بریق و باق بوو، ئەوا ماڵ و سامانەکەی زۆر بچووک و کەمترە لەوانەی کە باسمان کرد.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی ئەنگوستیلەی ئاسنی لە پەنجەدا بوو، واتە هێز و توانا بەدەست دێنێت.

ئەگەر لە کانزای تونج (حەوت جۆش) یان مس بوو، ئەوا سوود لە خەڵکی بێ دایک و باب و بێ بنەچە وەردەگرێت.

ئەگەر لە بلوور و شووشە بوو، ئەوا لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە شتێکی پێدەگات.

ئەگەر بینی ئەنگوستیلەکەی لای کەسێک بە ئەمانەت دانا، یان بەخشی بە کەسێک و ئەو کەسەش ئەنگوستیلەکەی ڕەت کردەوە، ئەوا ناکۆکی و دووبەرەکی دەکەوێتە نێوان خۆی و خزمەکانی.

ئەگەر ئەنگوستیلەکەی دوو نقێمی پێوە بوو، یان کەسێک پێیدا کە دوو نقێمی پێوەیە، کە ئەو دوو نقێمە وەکوو یەک وابوون، واتە خاوەنی ئەنگوستیلەکە غوڵامزادەیە.

ئەگەر یەکێ لەو دوو نقێمە کەوت و ون بوو، واتە لە دوو گوناە و تاواندا، تەوبە لە یەکێکیان دەکات.

ئەگەر بینی نامەی نووسیەوە و بە ئەنگوستیلەکەی خۆی مۆری کرد، واتە شتێکی بە نهێنی پێدەگات.

ئەگەر نامەی کراوەی مۆر کرد، ئەوا شتێکی بە ئاشکرا دەگاتە دەستی.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ:، ئەنگوستیلەی زیو لە خەودا، چوار لێکدانەوەی هەیە.

یەکەم: وڵات و خاک. دووەم: ژن. سێیەم: منداڵ. چوارەم: ماڵ و سامان و ئەنگوستیلەی زێڕش چاکەیە.

ئەگەر ژنێک بینی ئەنگوستیلەکەی لەگەڵ نقێمەکەی ون بوو، واتە ڕێز و پێگەی لە دەست دەدات، یان لەگەڵ منداڵەکانیدا دەمرێت، یان ماڵ و سامانەکەی بە فیڕۆ دەچێت.

ئەگەر والی و فەرمانڕەوا ئەو خەوەی بینی، لەسەر کار لادەدرێت.

ئەگەر ژن ئەو خەوەی بینی، مێردەکەی یان منداڵەکەی دەمرێت.



تعليقات