خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ باخ بینین:

خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ باخ بینین:


دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: بینینی باخ و باخات لە خەودا، ژنە.

ئەگەر بینی باخی ئاو دەدا، لە گەڵ ژنەکەی خۆیدا جووت دەبێت.

ئەگەر باخی ئاو دەدا و تەڕ نەدەبوو، واتە ژنەکەی حەزی لە جووتبوونە لەگەڵ مێردەکەی.

ئەگەر گوڵ و رێحانەی لە باخدا دەناشت، منداڵێکی ساڵحیان دەبێت.

ئەگەر قۆخی لە باخدا دەچاند، منداڵێکی دەبێت کە هەر زوو فێری زانست و وێژە دەبێت.

ئەگەر لە باخەکەیدا، رێحانە ڕوابوو و هەڵکشابوو، هەروەها بۆنی خۆشی بڵاو ببوویەوە، واتە منداڵێکی ئازا و دلێر و زانا و چاکەکاری دەبێت.

بۆنی رێحانە نیشانەی منداڵە.

ئەگەر باخەکەی بە سەوزی و ئاوەدانییەوە بینی بە کۆشک و تەلارەوە، هەروەها لە میوەکانی دەخوارد و لە هەموو جۆرە میوەی هەبوو و لە گەڵ ژنەکەیدا تەماشای ئەو دیمەنەیان دەکرد، نیشانەی ئەوەیە چەند منداڵێک لەو ژن و مێردە دێنە دونیاوە.

ئەگەر باخەکە ئاوەدان بوو و لە میوەی درختەکانیشی دەخوارد، واتە ژنێک لە ماڵێکی دەوڵەمەند دەخوازێت، لە لایەن ئەو ژنەوە، ماڵ و نیعمەتی دەست دەکەوێت.

ئەگەر لە وەرزی گەڵاڕێزاندا، چووە باخێکی نەناسراو و وێرانەوە، وە گەڵای دارەکان دەکەوتنە خوارەوە، واتە خەم و مەینەتی پێدەگات.

ئەگەر بینی لە باخەکەدا، کۆشک و تەلار و گیا و سەوزاییەکان و درەخت و ژنی جوان بانگیان دەکرد، واتە بەهەشت و حوری بەهەشتی لە دوارۆژدا بە نەسیب دەبێت و دەگاتە پلەی شەهیدی.

ئەگەر باخێکی هەبوو، یان کەسێک باخێکی پێدا و لە بەرهەمەکی دەخوارد، واتە ژنێکی دەوڵەمەند دەخوازێت و ماڵ و سامانەکەی دەخوات.

ئەگەر لە باخێکدا بوو و میوەکانی لە دارە بەرزەکانەوە بەسەریدا دەکەوتنە خوارەوە، واتە لەگەڵ پیاوێکی بەڕێز دەبێتە ناخۆشییان و پیاوەکە زاڵ دەبێت بەسەریدا.

ئەگەر لە باخێکدا لەسەر درەختێک خەوتبوو، منداڵ و نەوەی زۆر دەبن.ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: باخ لە خەودا، پیاوێکی گەورە و دەوڵەمەند و کەشخەیە.

ئەگەر بینی لە وەرزی بەهار، یان لە وەرزی هاویندا باخەکان سەوز ببوون و داری میوەیان تێدا چێندرابوو و هەروەها گوڵ و رێحانەکان شکۆفەیان کردبوو و ئاویش جۆگەڵەی بەستبوو، ئەویش لە باخەکەدا دانیشتبوو، واتە مەرگی بینەری خەوەکە بە پلەی شەهیدی دەبێت، چونکە ئەو دیمەنانە لە تایبەتمەندیی بەهەشتیانە.

ئەگەر لە وەرزی هاویندا باخێکی بینی کە ناسراو یان نەناسراو بوو و میوەکانیشی شیرین و گەڵاکانیشی وەریبوون، واتە لە گەڵ حاکم و کاربەدەستی وڵاتدا دەکەوێتە گفتوگۆەوە، لە کاتێکدا ئەگەر فەرمانڕەوای وڵات، لە خزمەتکار و خەڵکە دوورخراوەکان بێت.

ئەگەر لە وەرزی هاویندا باخێکی سەوزی لەگەڵ میوە و ڕووباردا بینی و باخەکەی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکەند و تێکۆپێکیدا، واتە حاکم و کاربەدەستی ئەو وڵاتە، بە هۆی ترسەوە لە ناو دەچێت، یانیش بە هۆی سوڵتانی گەورەوە، لە پلەی فەرمانڕەوایەتی نامێنێت و لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە.

ئەگەر ئاگرێک هات و درختەکانی ئەو باخەی سووتاند، واتە مەرگی لەناکاو، یەقەی کاربەدەستی وڵات دەگرێت.

ئەگەر لە خەودا وشتری لە باخدا بینی، واتە کاربەدەستی ئەو وڵاتە بەسەر دوژمناندا زاڵ دەبێت.

ئەگەر مەڕ و پەزی لە باخدا بینی، لە لایەن کاربەدەستی وڵاتەوە، ماڵ و نیعمەتی دەست دەکەوێت و گەورەیی و شکۆ بۆ حاکم و کاربەدەستەکە دەمێنێتەوە.

ئەگەر لەو باخەدا باڵندەی بینی، واتە لەشکر و سوپای حاکمی وڵات، لەسەر پەیمانی خۆیان پابەندن، بەڵام باوەڕیان پێ ناکرێت.

ئەگەر لەو باخەدا میوەی کۆ دەکردەوە و بۆ ماڵەوەی دەیبردنەوە، بە ئەندازەی ئەو میوانە، سوود و قازانجی پێدەگات.

ئەگەر بینی لە باخدا کۆتەرە داری کۆ دەکردەوە، واتە لە لایەن حاکمی وڵاتەوە، سوود و قازانجی پێدەگات، بەڵام بە سەختی و دژورای.

جابری مەغریبی دەڵێ: لە بنەڕەتدا بینینی باخ لە خەودا، پیشەی پیاوانە، بە ئەندازەی هەوڵ و تێکۆشان.

ئەگەر لە باخدا سەوزەی بینی، واتە کارەکەی بەباش دەگەڕێت و پیشەکەی ڕەوتی خۆی وەردەگرێت.

ئەگەر باخی بینی بەبێ میوە و سەوزە، واتە کارەکەی باش دەبێت.

ئەگەر باخێکی بینی سەرسەوز و جوان بوو، پێی گوترا کە ئەو باخە هی فڵان کەسە، کەچی ئەو هەر میوەی لە باخەکە دەخوارد، واتە بە قەدەر ئەو میوەیە، سوود و قازانج لە خاوەن باخ دەبینێ.

ئەگەر لە وەرزی بەهار یان هاویندا، باخی وێرانی بینی، کە هیچ سەوزە و میوەی تێدا نەدیت، واتە حاکمی وڵات بەسەر خەڵکیەوە، ستەم و زۆرداری ئەنجام دەدات.

ئەگەر بەدەستی خۆی باخێکی نوێی دروست کرد و درەختی تێدا چاند میوەی بەرهەم هێنا، ژنێکی دەوڵەمەند دەکات بە ژنی خۆی و دەبێتە خاوەن ماڵ و نیعمەت و منداڵ.

ئەگەر لەو باخەدا و لە وەرزی خۆیدا ترێی بینی، واتە ماڵ و سامان و پلە و پایەی دەست دەکەوێت، بە پێی هەوڵ و تێکۆشانی خۆی.

دەیگێڕنەوە کە پیاوێک هاتە لای حەزرەتی سلێمان و گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، لە خەودا باخێکی ڕازاوەم بینی کە میوەی زۆری لێبوو، هەروەها بینیم بەرازێکی گەورە لە باخەکەدا دانیشتووە، بەمیان گوت کە ئەم باخە هی ئەو بەرازەیە، من بەودۆخە زۆر سەرسام بووم و هەروەها بەرازی زۆرم بینی کە میوەیان دەخوارد و دەیانگوت کە ئەو (بەرازانە) بە فەرمانی ئەو بەرازە گەورە میوەکان دەخۆن.

حەزرەتی سلێمان فەرمووی: ئەو بەرازە گەورەیە حاکمێکی زاڵم و ستەمکارە و بەرازەکانی تر زانایانی ئەو حەرامخۆرەنە کە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەو فەرمانڕەوایەن و ئایینەکەیان بە دونیا فرۆشتووە و لە عەزابی خودا ناترسن.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی باخ لە خەودا، حەوت لێکدانەوەی هەیە.

یەکەم: ژنی باش. دووەم: منداڵی باش. سێیەم: ژیانی خۆش. چوارەم: ماڵ و سامان. پێنجەم: گەورەیی و شکۆ. شەشەم: کامەرانی. حەوتەم: کەنیزەک.

بینینی باخ لە خەودا، نرخ و بەهای ژنە.

ئەگەر کەسێک بینی کاری باخەوانی دەکات، ژنێکی دەوڵەمەند و بە توانا دەخوازێت و بە پیشەی ژنەکەیەوە مژۆڵ دەبێت و خۆی لەگەڵ ساز دەکات و دەگونجێت و هەندێ لە لێکدەرەوانی خەو گوتوویانە: بینینی باخ سێ لێکدانەوەی هەیە. یەکەم: کوێخای ماڵ. دووەم: نرخ و بەهای ژن. سێیەم: منداڵی چاو ڕەش.



تعليقات