دوو هێزی لاهووری جەنگی لە باشماخ و پەروێزخانەوە چوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی کورد.

دوو هێزی لاهووری جەنگی لە باشماخ و پەروێزخانەوە چوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی کورد.


عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کرد کە زانیارییان پێگەیشتووە، دوو هێز لە باشماخ و پەروێزخانەوە چوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی کورد.
ڕوونیشی کردەوە کە پاش بەدواداچوون، بۆیان دەرکەوتووە کە هێزەکان سەر بە لاهوور جەنگی بوون و بە جلی هێزەکانی بەسیج چوونەتە شاری مەریوان و چەند ناوچەیەک، دواتریش لەگەڵ جاشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵ بوون.
لاهوور جەنگی، لە ڕێگەی میدیاکانیەوە، پەلاماری ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات و لە جێگەی پێدانی ڕوونکردنەوە لەبارەی ناردنی هێز بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تۆمەت بۆ ڕۆژنامەنووسەکە درووست دەکات. رۆژنامەنووسەکەش لە وەڵامی لاهوور جەنگی و میدیاکەیدا دەڵێت: ”تکایە رۆژهەڵاتیش مەفرۆشن“.
لە هەواڵی یەکەمدا میدیاکەی لاهوور جەنگی، عەلی جەوانمەردییان بە کارکردن بۆ ئاژانسی (پاراستن)ی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کردووە، بەڵگەشیان لەمبارەیەوە بەوە هێناوەتەوە کە لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری لاهوور جەنگی و گرووپە خیانەتکارەکەدا، عەلی جەوانمەردی بوێرانە باسی خیانەتەکەیانی کردووە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا لاهوور جەنگی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە میدیاکانیەوە ڕوونکردنەوە لەبارەی ناردنی هێز و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ جاشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی کورد بدات، لە نیوەشەوی رابردووەوە بە دوو هەواڵ، پەلامارێکی چڕی عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنووسیان داوە.
دوای چەند کاتژمێرێک، میدیاکەی لاهوور جەنگی هەواڵێکی دیکەی تۆمەتبارکردنی لە دژی عەلی جەوانمەردی بڵاوکردووەتەوە و ئەمجارە تۆمەتی یەکەمیان بیرچووەتەوە و لە زاری چالاکێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە کەس نازانێت کێیە، جەوانمەردییان بە سیخوڕی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) تۆمەتبار کردووە، هەرچەندە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە و لاهوور جەنگیش بەشێکە لەم پەیوەندییە و لەم دواییانەشدا بەشێک لە سەرکردە دیارەکانی پەکەکە لە سنووری سلێمانیدا تیرۆر کراون.
لەمبارەیەوە عەلی جەوانمەردی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”دەزانین کە ھەواڵ و زانیارییەکانی ئێمە زۆر کەس تووڕە و زویر دەکات، بە تایبەتی کەسانی ھاوکاری ڕژێمی ئێران، کار گەیشتۆتە جێگایەک ئەو وێنانەی خۆم بڵاوم کردوونەتەوە، وەک بەڵگە لەسەرم بڵاو دەکەنەوە و ھێندێکیشیان ھەر نازانن من چ کارێک دەکەم و چەندین جار لەگەل ھەموو سەرۆکەکانی ھەرێم و عێراق دیدار و وتوێژم هەبووە“.
هاوکات داوای کردووە، ”لە کاری بێسوود بگەڕێن، تکایە وەڵامی رۆژھەڵات بدەنەوە و مەمانفرۆشن“.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە ”بەو دوو یان سێ کەسەی سەرکردەی پلان لە دژی ڕۆژهەڵات دەڵێین، وەرن با برا بین“، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستبەرداربوونی لاهوور جەنگی لە بەکارهێنانی هێزەکانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
باسنیوز

تعليقات