بەشی بیست و هەشتەمی ئەدەب، مەلا تەهایی مایی:

هەر لە ساڵی ١٩٢٤ گوندی مایی لە لایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە دەسووتێندرێت.


ناوی ئەو (تەها)ی کوڕی (شێخ مەزهەر)ی کوڕی (شێخ تەها)ی ماییە، لە شوباتی ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی مایی هاتووەتە دونیاوە، لە بنەماڵەیەکی دیندار و ڕۆشنبیر و کورد پەروەردا چاوی بە دونیا هەڵێناوە، ئەو بنەماڵە لە ڕەچەڵەکی میر بەگی (ئەلکێ)نە، باپیری ئەو لە شێخی تەریقەتی نەخشبەندی بووە.
هەر لە ساڵی ١٩٢٤ گوندی مایی لە لایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە دەسووتێندرێت، بنەماڵەی ئەو نیشتەجێی ناوچەی (چەلێ) کوردستانی باکوور دەبن و بۆ دەمی سێ ساڵان لە ئەوێندەر نیشتەجێ دەبن، هەر لەو ڕووداوی سووتاندنەدا کە بە دەستی ئینگلیزەکان هاتە ئاراوە، پەرتووکخانەی گەورەی (شێخ تەها) دێتە سووتاندن-پاشان دەگەڕێنەوە گوندێ مایێ و دەست بە خوێندنی سەرەتایی دەکات، بەڵام ناتوانێت پۆلی شەش تەواو بکات چونکە لە دەستپێکی ساڵی ١٩٤٠ بارودۆخی سیاسی و ڕۆشنبیری کار دەکاتە سەر هەست و هزرو بیری ئەو و مەلا ئەنوەری مایی بە ڕێژەیەکی بەرچاو، ئەم هۆکارانە بووە هاندەرێک بۆ مەلا تەها لەوەوە دەست بە هۆندەوەی هەڵبەست بکات و چووە ناو ڕێزی کۆمەڵەی (هیوا) و دەست بە کاری سیاسی کرد و پاشان چووە ناو ڕێزەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان)وە و زۆر حەزی لە خوێندن دەکرد، نزیکی (١٥٠٠) پەرتووکی لە پەرتووکخانەی ئەودا بوونی هەبوو، لەبەر ئەم هۆکارانە زانستی زۆری پەیدا کردبوو و تێکەڵی زانا و ڕۆشنبیر و ئەدبیان دەبوو، لە ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە بنەماڵی بەدرخانیان کردیە،(جەلادەت بەدرخان) لە شام هەردوو گۆڤاری (ڕووناهی) و (هاوار) دێنێتە ئاراوە، هەموو ژمارەکانی ئەوان لە ڕێگەی پۆستەوە دەگیەشتە مەلا تەها لە گوندی مایی، (دکتۆر کامران بەدریخان) لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان هەردوو گۆڤاری (ستێر) و (ڕۆژانوو)ی لە چاپدا، دیسان بە پۆست ئەم گۆڤارانە دەگەیشتنە مەلا تەها، هاوڕیەتییەکی گەورەی لەگەڵ هەڵبەستوانی ناوداری کورد ئەحمەدی ناڵبەند(موخلص)هەبووە.
هەڵبەستی ڕەوان و ناسک و فرە بابەتی دەگوتەوە، ئامانجی سەرەکی ئەو ئازادی و زانین و زانست و ڕۆشنبیری بووە، ڕێ ڕووناککەرەوەی ڕیبازی کوردیاتەی بووە، هەر لەبەر ئەمەش هەموو دەم ئامانجی ڕژێمی دژی کوردستان ئەوە بووە ئازاری ئەم جۆرە کەسانە بدات، بۆیە تووشی دەربەدەری و هەژاری و ناخۆشی بووەتەوە، سرووشتی کوردستان زۆری کار کردە سەر و هەڵبەستەکانی هەموو لە دەوەری کوردایەتیدا دەسووڕانەوە.
لە ساڵی ١٩٧٣ دەبێتە ئەندامی یەکیەتی نووسەرانی کورد/تایێ دهۆکێ.
لە ساڵی ١٩٧٩ بەشداری دەکات لە فستیڤاڵی سییەمی هەڵبەستی کوردی لە شاری سلێمانی.
لە ساڵی ١٩٨٧ بەرەو ئێران دەچێت و دەبێتە پەنابەر هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی پیرۆزی ١٩٩١، جاریکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە شاری دهۆک نیشتەجێی دەبێت.
لە ساڵی ١٩٩٥ دەبێتە خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (پەیڤ).
لە ساڵی ١٩٩٨ دیوانی هەڵبەستی خۆی بەناوی( دڵ دەڕێژکردن)ی لە چاپدا، پێشی ئەوەی کۆچی دوای بکات فەرهەنگنامەکەی بەناوی (کوردی-کوردی) تەواو کردو بەڵام هەتا خۆی لە ژیان مابوو لەچاپ نەدرا.
لە ٢٠٠٠/١١/٢٥ لە تەمەنی (٧٦)ساڵیدا لە شاری دهۆک دەگەڕیتەوە بۆ لای خودای گەورە و کۆچی دوای دەکات.
مەلا تەها لەسەر شەهیدانی دیاربەکر و نسۆکی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و لە سێدارەدانی پیاوماقۆڵانی ئەو شارە زۆر داخدار بووە و ئەو هەڵبەستە جوانەی هۆنیەوەتەوە.
((شینی و تازیا شەهیدا))
١- شینی و تازیا شەهیدا ئەم ژبیر ناکەین چوجار
دی ڤەکەین توڵا نەهنگا وەختەکێ زێڕین بژار.

٢- وان مەغولا ڕاڤ دبەستن شێر و میر سەر دهنجنین
توخم و نڤشێ وان قەلاندن هەمی گاڤا دپەچنین.

٣-تورکا گرتن شێر و مێر چاک دەست و پێ لێ قەید کرن
کەت بکەت گرتن و کوشتن لبن سێپێکا خڕکرن.

٤- ڕستکا شەنقێ بو دانا خەندقاند پارێز وەلات
شێخ سەعیدێ جان فیدا ڕەشە ڕۆژەک بۆمەهات.

٥- ئەو ڕوبادێ قەبقەبی چو ئاخ و زاری بوون بلند
چوو دلێ شێرێ ژ ناڤ مەبێ خودان مان دەشت و گوند.

٦- بۆ قێری زێمارو شینی کۆ وەلات مابێ خودان
پۆسیدە دلسۆژ و خەمگیر هەر هەوارێ دکەن ئەمان.

٧- نێ ژ خەما وە ئەم بهوژتین ئەی شەهیدێن ڕەحمەتی
دێ ئازاکەین ناڤ و دەنگا کوردەوارێن بەرکەتی.

٨- با دکەت وە گەلی کوردا شێخ سەعیدێ پڕ هۆنەر
یەک بین بۆ ڤێ وەلاتیدا ژ ژانێ بێتە دەر.

٩- ژانەکە قەویا گرانە ئێشەکە بۆ کەڤنەریش
برسی و رویسی هەر نیشانە بۆمە ئەم بێ کاروئیش.

لێکدانەوەی پەیڤان:
لە شواتا: لە مانگی شوبات
سەردنێ: سەر دونیا
مشەختی: دەربەدەری یان ئاوارەیی
ئاکنجی دبن: نیشتەجێ دەبن.
ڕێزا شەشێ: پۆلی شەشەم
بەدوای بینت: بەدوای بێنێت، تەواوی بکات
کارکرە سەر: کاری کردەسەر
ژێرە بۆ هاندەر: بۆی بوو بە هاندەر
چووناوڤ ڕێزێن: چووە ناو ڕێزەکان، گرووپەکان، ڕێکخراوەکان
لەوڕا: لەبەر هەندێ، بۆیە
ڕێڤینگ: ڕێبوار
داخبار بوویە: داخداربوویە
ژ بیر ناکەی: لەبیر ناکەی
چووجار: هیچ کاتێک، قەت
دێ ڤەکەین تۆڵا: تۆڵەیان دەکەینەوە
ڕاڤ دەبەستن: ڕوایان دەکرد، ڕاویان هەڵدەبەست
سەر دهەنجینن: سەریان دەهەنجنێ
کەت بەکەت: یەک بەیەک
سێپێکا: سیپایە، سێدارە، قەنارە
ڕستکا شەنقێ: پەتی قەنارە، پەتکی خنکاندن
خەندقاند: خنکاندیان
ڕووبادێ: کەوی ڕووباد
ئاخ و زاری: ئاخ و ناڵە
چوو دڵی شێری ژ ناڤ مە: دڵی شێر لەناومان نەما
بۆ قیری: بووە هاوار و قیرە
غەمگیر: غەمگین
نێ ژخەما وە: بەڵام لە خەمی ئێوە
برسی و رویسی: برسیەتی و ڕووتی
توخم و نڤشی: توخم و ڕەگەزی.

تعليقات