خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ با، هەڵکردنی با:

خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ با، هەڵکردنی با:


ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر کەسێ بینی بایەکی توند هەڵی کرد، واتە ترس و دڵەڕاوکێ، ڕوو دەکاتە خەڵکی ئەو دەڤەرە.

ئەگەر بایەکە ئەوەندە توند بوو کە دارەکانی هەڵدەکەند و وێرانکاری لەگەڵ خۆی دەهێنا، واتە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە هۆی پەتا و نەخۆشی وەکوو سوورێژە و بابەتی لەو شێوەیەوە، تووشی بەڵا و ناڕەحەتی دەبن.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێت: بای ژەهراوی لە خەودا، نیشانەی نەخۆشییە بەهۆی سەرماوە، هەروەها بای ڕاستەوانەی سارد، نیشانەی نەخۆشی و پەریشانی و ئاڵۆزیە لەو دەڤەرەدا و بینینی بای ڕاستەوانە، نیشانەی تەندروستی و سەلامەتی خەڵکی ئەو دیار و ناوچەیەیە و دەبێتە هۆی چاکەکاری خەڵکی ئەو دەڤەرە.

ئەگەر بینی بەهۆی گێژەڵووکەوە دونیا تاریک بوو، نیشانەی ترس و دڵەڕاوکێ و دوودڵی خەڵکی ئەو گەل و هۆزەیە.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی بایەکی توند، ئەوی بەرەو ئاسمانەکان دەبرد، واتە کاتی مردنی نزیک بووەتەوە.

ئەگەر بینی بایەک ئەوی لە ئاسمانەوە بۆ زەوی هێنایە خوارەوە، ئەوا نەخۆش دەکەوێت و پاشان شیفای بۆ دێت.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی با لە خەودا، نۆ لێکدانەوەی هەیە.

یەکەم: موژدە. دووەم: فەرەمانڕەوایەتی. سێیەم: ماڵ و سامان. چوارەم: مردن. پێنجەم: عەزاب. شەشەم: کوشتن. حەوتەم: نەخۆشی. هەشتەم: شیفا. نۆیەم: ئاسووودەیی.

ئەگەر لە سەر “با” یان بەسەر هەواوە ڕاوەستابوو، واتە گەورەیی و فەرمانڕەوایەتی بەدەست دێنێ.

ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر بینی بای ڕۆژئاوا بە نەرمی هەڵی کرد، واتە خەڵکی ئەو دەڤەرە، ماڵ و سامانیان زۆر دەبێ.

ئەگەر بای باکوور بە نەرمی هەڵی کرد، نیشانەی شیفا و ئاسوودەیی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە.

ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو، واتە خێر ناگەینێ.

ئەگەر ئەو کەسە گوێی لە دەنگ و لوورەی با بوو، ئەوا خێر و چاکەی فەرمانڕەوای ئەو خاک و سەرزەمینە، لەو ناوچەیەدا بڵاو دەبێتەوە.

ئەگەر با هەڵیکرد و خەڵکی ئەو دیار و ناوچەیەی هەڵگرت و بردنی بۆ ئاسمان، واتە لە لایەن خەڵکەوە شەرەف و گەورەیی پەیدا دەکات.



تعليقات