ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەکدارانەی ڕزگاریخوازی کورد:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەکدارانەی ڕزگاریخوازی کورد: 


مەرەکەبی لاپەڕەی شەرمەزاری و زەرد هەڵگەڕاوەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر وشک نەبوویەوە کە ڕۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی میللەتە ستەمدیدەکەی کوردستان راپەڕینەوە و ئاڵای شۆڕشی مەردانەیان هەڵگرت بە ڕووی ئەو بەعسەی کە ئاشکرا بانگیان راهێشت کە بزووتنەوەی چەکدارانی کورد هەتاهەتایە کۆتایی پێهات ئەگەر دارخورما لەسەریان بڕوێت جارێکی تر ناتوانن حەوت کەس بنێرنە شاخ.

ئەو شکستانەی باس کران کۆتاییان بە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردی نەهێنا، ئەوەبوو پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمانی مەلا مستەفای بارزانی لە ٢٧ی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦ی.ز دووبارە درێژەی بە شۆڕش و خەبات دایەوە دژی ڕژێمی بەعس.

هەروەها لە ٠١/٠٦/١٩٧٥ی.ز یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەڕابەرایەتی (جەلال تاڵەبانی) دامەزار تا سەر لەنوێ دریژە بە خەباتی کوردایەتی بداتەوە، ئەوە بوو پاش ساڵێک شۆڕشی نوێی گەلەمان دەستی پێکردەوە.

(پاسۆک)یش یەکێکە لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان کە ساڵانی ١٩٧٦ی.ز ڕوویان کردووەتە شاخ دژی ڕژێم جەنگاون.

پاشانیش حیزبی سۆشیالیستی یەکگرتووی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٠ی.ز دامەزرا ئەویش گڕوتینێکی زیاتری بە شۆڕش و خەباتی کورددا دژی بەعسییەکان.

هەر هەمووان بۆ ڕژێمی بەعسیان سەلماند کە کورد میللەتێکی زیندووە و خاوەنی وڵات و ژیان و مێژوو و شارستانی خۆیەتی، مەینەتی و ئەشکەنجەی لەسەر دەستی دوژمنان بینیوە و خۆشەی ڕۆژگارە تاڵەکان بووە، داستانی وایان تۆمار کرد کە ڕژێم بە خەویشیدا نەدەهات وەکوو شەڕەکانی شارستێن و (هەرسۆن-داڵانی) و دابان و بالیسان، (قەیوان-ماوەت)، ئەزمەڕ، داستانی ڕزگاری و سماقوڵی و خواکوڕک و (حەمەک و زینانە لە گەریمان) نموونەی ئەو نەبەردی و ئازایەتیەی گەلەکەمانن.

*بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ (کیمیابارانی کوردستان):

ڕژێم بۆ ئەوەی بیسەڵمێنێت کە کردارەکەی لە سەرکوتکردنی میللەتی کورددا ڕاست و تەواوە، چی کۆ کردبووە و لە تەکنەلۆجیای-تەکنەلۆژیای جەنگ بڕیاریدا بەکاری بهێنێت، دیارە ئەوەندەش پشت ئەستوور بوو کە کەس نییە هەڵبداتێ لە چەندین شوێندا تاوانە ڕەشەکەی (هێرۆشیما و ناگازاکی)ش هەر ئەوەندە سامناک بوون، کیمیابارانی دۆڵی بالیسان، سەرگەلۆ، بەرگەلۆ، گۆپتەپە، سێوسێنان و چەندین ناوچەی تر و دوواجاریش شەهیدکردنی شاری هەڵەبجە لە ١٦/٠٣/١٩٨٨ی.ز کە زیاتر لە (٥) هەزار ژن و منداڵ و پیاوی تیادا شەهید کران.

تعليقات