بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ داگیرکردنی لیبیا لە لایەن ئیتاڵیا ساڵی ١٩٩١ی.ز:-

بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ داگیرکردنی لیبیا لە لایەن ئیتاڵیا ساڵی ١٩٩١ی.ز:-


 لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە ئیتاڵیا پەیوەندییە ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی خۆی لەگەڵ لیبیا لە رێگای کردنەوەی چەندین بانک و پێدانی قەرز و وەبەرهێنانی سەرمایە بەهێز و پتەو کرد، ئیتاڵییەکان لە بەنغازی نووسینگەیەکی پۆستە و گەیاندنی لە تەرابلوس و بەرقە قونسولگەیان دامەزراند و چەند قوتابخانەیەکیشیان لە شارەکاندا کردەوە و چەندین دەستە نێردراوی تایبەتیشیان ناردە لیبیا، هەموو ئەمانە رێگا خۆشکەربوون بۆ داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیاوە.

هۆکارەکانی پەلاماری ئیتاڵیا بۆ سەر لیبیا بریتی بوون لە:-

١- ئیتاڵیا مەبەستی بوو خۆی لە گیروگرفتی ئابووری ڕزگار بکات و بەدەست کێشەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانیشەوە دەیناڵاند.
٢- گەڕانەوە بۆ ئەو سەروەری و پلە و پایەی کە لە ڕابردوودا هەیبوو.
٣- بۆ ئەوەی ئیتاڵیا بگاتە ئاستی دەوڵەتە گەورەکانی ئەورووپا.

دووای ڕێککەوتنی لەگەڵ فەڕەنسا، ئیتاڵیا هەڕەشەیەکی ئاراستەی دەوڵەتی عوسمانی کرد کە دەبێت لە لیبیا پاشەکشە بکات، بەڵام عوسمانییەکان هەڕەشەکەیان ڕەتکردەوە، لە ئەنجامدا ئیتاڵیا هێرشەکانی بۆ سەر لیبیا دەست پێکرد و زۆر شوێنی داگیرکرد.

گەلی لیبیا بەرنگاری ئەم هێرشانە بوونەوە و لە زۆر شەڕدا لەگەڵ هێزەکانی ئیتاڵیا ڕووبەڕووبوونەوە، کە گرنگترینیان شەڕی (بوملیانە) لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١١ی.ز و شەڕی (بیر تەرابلوس) بوو لە کانوونی یەکەمی هەمانساڵدا.

دوواتر عوسمانییەکان و ئیتاڵییەکان شەڕیان وەستاند و ڕێککەوتننامەیەکیان لە (ئوشی) لە (لۆوزان)ی سوسیرا لە (١٩١٢ی.ز) مۆر کرد بە پێی ئەم رێککەوتنە عوسمانییەکان دانیان نا بە داگیرکردنی لیبیا لەلایەن ئیتاڵیا بەرامبەر بە مانەوەی دەسەڵاتی ئایینی سوڵتانی عوسمانی لە لیبیا.

گەلی لیبیا بەم داگیرکردنە ڕازی نەبوون لە ناوچەکانی تەرابلوس و بەرقە بەربەرەکانی بەردەوام بوو، هەرچەندە ئەم بەربەرکانێیانە زیانی زۆریان بە هێزەکانی ئیتاڵیا گەیاند، بەڵام لە دەرکردنی داگیرکەران و کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتیان لە لیبیا سەرکەوتوو نەبوون، لە ساڵانی دووای جەنگی یەکەمی جیهانیشدا (عومەر موختار) ئەرکی ڕابەرایەتی جووڵانەوەی نیشتمانی دژی ئیتاڵییەکان گرتە ئەستۆی خۆی.

(عومەر موختار) توانی شۆڕشگێڕان ساز بکات و چەکداریان بکات و گەلی لیبیا لە دەوری یەک شت کۆ بکاتەوە و ئەویش “ڕزگاریە”، خێڵ و عەشیرەتەکانی یەکخست و (جبل الاخضر)ی کردە بنکەی سەربازی خۆی لە گەرووی چیاکەشدا دەزگایەکی دامەزراند بوو بۆ مەشق پێکردن و مووچەپێدانی ئەو کەسانەی دێتە ناو ڕێزەکانی شۆڕشەوە.

هەرچەندە هێزەکانی شۆڕش کەم دەرامەت و لاواز بوون، بەڵام داگیرکەرانی ئیتاڵی لە بەرگری گەلی لیبیا کەوتنە مەترسییەوە، شۆرشگێڕەکان شارەزای بست بە بستی وڵاتەکەیان بوون، ورەیان بەرزتر و بەهەڵمەت تر دەبوو، بەڵام لە ئیتاڵیاوە هێزێکی گەورە بەرەو لیبیا بەڕێکرا بەمەبەستی دۆزینەوەی بنکەی شۆڕشگێڕەکان و هێرش کردنە سەریان، فڕۆکەشیان بۆ ئەو مەبەستە خستە کار.

داگیرکەران زۆر دڵڕەقانە کەوتنە وێزەی میللەت و گەلێک شێوەیان بەکار هێنا لەوانە:

١- دادگای باڵدار: دادگایەکی سەربازی گەڕۆک و سەرپێی بوو بە فەرمانی سەرکردایەتی ئیتاڵیا هەڵسوکەوتی دەکرد، شۆڕشگێڕان و گومان لێکراوان دەدران بەو دادگایە، لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەکوژرا و هەندێک جار لە فڕۆکەیەکی بەرزە فڕەوە دەخرایە خوارەوە.

٢- بەنیازی دابڕینی جەماوەر لە شۆڕش و پەکخستنی بەشداربوونیان لە شۆڕشی (عمر المختار)دا کەوتنە دابڕینی گوندەکان و چۆڵ کردنیان و کۆ کردنەوەیان لە چەند ئۆردوگایەکی زۆرە ملێیدا کە بە سەربازی داگیرکەران ئابڵۆقە درابوون.

سەرەڕای هەموو ئەم شێوازانە عومەر موختار توانی لە جەنگەکانی (الزاویة-الرحیبة-عقیدة المطمورة) هێزی داگیرکەران بشکێنێت و تووشی سەرشۆڕیان بکات، وە لە ئەنجامدا پایەی عومەر موختار وەک تێکۆشەریک لەناو عەرەبەکان بە گشتی و لەلای گەلی لیبیا بەتایبەتی درەوشایەوە و پتەوتر دەبوو.

لە ئەنجامی سەرکەوتنەکانی عومر موختاری پاڵەواندا ئیتاڵییەکان جەنەڕاڵ (غرازیانی)ی خوێن ڕێژیان ناردە لیبیا بە مەبەستی کپکردنەوەی شۆڕش و لەناوبردنی، بۆ ئەم مەبەستە ئەم نەخشەیەی خوارەوەی کێشا:-

١- جبل الاخضر کە بنکەی شۆرشە، ئابلۆقە بدرێت و لە ناوچەکانی دەورووبەری دای ببڕن و لە ئەنجامدا هێرش بەرنە سەری و داگیری بکەن.

٢- ڕێگە نەدرێت بە شۆڕشگێڕان کە پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەی لیبیاوە بکەن و ئازووقە و تەقەمەنیان لێ ببڕێت.

٣- مێرگی جغبوب داگیر بکرێت و هێڵێکی بەرگری تیا بچەسپێ و بە کارەبا بتەنرێت، بەو نیازەی پەیودنی نێوان میسر و بەرقە بپچڕیت.

ئیتاڵییەکان بە هاوکاری ئینگلیز و ڕەزامەندی مەلیک فوئاد توانیان مێرگی جغبوب داگیر بکەن و بە کارەبا بیتەنن، بەڵام شۆڕش درێژەی کێشا، ئەوسا داگیرکەری ئیتاڵی بەناچاری کەوتە وتووێژەوە لەگەڵ عومەر موختار، بەڵام سەری نەگرت و کوشتار دەستی پێکردەوە و ئیتاڵیا لای مەبەست بوو بەهەر نرخێک هەیە عومر موختار لەناو بەرێت و نەخشەی بۆ ئەوە کێشا، ئەوە بوو لە شەڕێکی نابەرامبەردا توانییان عومەر موختار بەدیل بگرن و لە تەمەنی (٧٠)ساڵیدا لە ساڵی ١٩٣١ی.ز لە سێدارەی بدەن.

تعليقات