بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ هاتنە ناوەوەی بەریتانیا بۆ میسر و بەرەبەرکانێی گەلی میسر:-

بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ هاتنە ناوەوەی بەریتانیا بۆ میسر و بەرەبەرکانێی گەلی میسر:-


 

 کەمکردنەوەی دەسەڵاتی (محەممەد عەلی) نەخشەکانی بەریتانیای بۆ داگیرکردنی میسر کۆتایی پێ نەهێنا، چونکە بەریتانیا بە وردی ئاگاداری بایەخی میسر بوو، وەک بنکەیەک بۆ گواستنەوە و بازرگانی، بەتایبەتی دووای کردنەوەی نۆکەندی سوێس لە ساڵی ١٨٦٩ی.ز.

فەرمانڕەوای میسر خدێوی ئیسماعیل ساڵی ١٨٦٣-١٨٧٩ی.ز ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ڕاکشانی بەریتانییەکان بۆ دەست خستنە نێو کاروباری وڵاتەکە.

خدێوی کابرایەکی زۆر دەست بڵاو بوو، پارەیەکی زۆری لە بەنقەکانی ئینگلیز و فەڕەنسا قەرز کردبوو، ئەمە دەرفەتی بۆ ئینگلیز و فەڕەنسیەییەکان ڕەخساند تا بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانەوە، دەست بخەنە ناو کاروباری نێوخۆی میسرەوە.

حکوومەتی میسر لە سەرەتادا نیوەی بەشەکانی کۆمپانیای نۆکەندی سوێسی هەبوو، بەڵام خدێوی ناچاربوو کە بەشەکانی میسر لە نۆکەندەکە بفرۆشێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی، بەریتانیا ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئابووری میسردا بگرێت و بیخاتە ژێر دەستی سەرمایەدارەکانیەوە، پلانی خێرای دانا بۆ کڕینی بەشەکانی میسر و پلانەکەشی جێبەجێ بوو.

دووای ئەوەی بەریتانیا بە هاوبەشی لەگەڵ فەڕەنسا نەخشەی پێویستیان دانا بۆ داگیرکردنی وڵات، لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٧٦ی.ز لیژەیەکیان بۆ چاودێری کاروباری دارایی میسر پێک هێنا پاش ئەوەی خدێوی ئیسماعیل بێتوانایی خۆی لە دانەوەی قەرزەکان ڕاگەیاند، بەمجۆرە تا دەهات دەسەڵاتی بێگانە لە میسردا زیاتر دەبوو.

کاتێک بەریتانیا هەتسیکرد، کە کاتی دوور خستنەوەی خدێوی ئیسماعیل هاتووە ناچاریانکرد واز لە دەسەلات بهێنی بۆ (خدێوی تۆفێق)ی کوڕی، کە ئەمیان زیاتر ملکەچی داواکانی بێگانە بوو.

لە ئەنجامی هاتنە ناوەەوەی ئەورووپی و خراپبوونی باری ئابووری و ناڕەزایی گەل و باجی قورس، سوپاییە نەتەوەییەکانی میسر پەنایان بردە بەر دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سوپایی نهینی کە دیارترین دامەزرێنەرەکانی (ئەحمەد عورابی و عەلی فەهمی) بوون، ئەم رێکخراوە بزووتنەوەیکی چەکداری بە سەرۆکایەتی (ئەحمەد عورابی) دژی بەریتانیا بەرپاکرد.

ئەحمەد عورابی لە لە ٩ئەیلوولی ساڵی ١٨٨١ی.ز دا داوای لە خدێوی تۆفێق کرد وەزارەتی (نوبار پاشا) هەڵبەوەشێنێتەوە و وەزارەتێکی نوێ دابمەزرێنێت، هەروەها داوای زۆرکردنی ژمارەی سوپا و دیاریکردنی دەسەڵاتی خدێوی و نەهێشتنی دەست خستە ناوەوەی بێگانەی کرد بۆ میسر خدێوی تۆفیق داواکاریەکانی عورابی جێبەجێکرد، وەزارەتێکی نوێ بەسەرۆکایەتی (شەریف پاشا) و دوواتریش وەزارەتێکی نیشتمانی تر بەسەرۆکایەتی (مەحموود سامی بارودی) لەسەرەتای ساڵی ١٨٨٢ی.ز دامەزراند، لەم وەزارەتەیاندا ئەحمەد عورابی کرا بە وەزیری جەنگ و دەریا.

بەریتانیا ڕایگەیاند کە نیشتمانپەرەوەرانی میسر و لە سەروو هەمووشیانەوە عورابی هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دەکەن و ژیانی بێگانەکان لە میسر دەخەنە مەترسیەوە ئامادەییشیان نیشاند بۆ هاوکاریکردنی خدێوی تۆفیق بۆ لە ناوبردنی شۆڕشەکەی عورابی.

هەروەها لەگەڵ فەڕەنسییەکان بە هاوبەشی یاداشتێکیاندا بە حکوومەتی میسری و تیادا داوای دەست لەکار کێشانەوەی وەزارەتەکە و دوورخستنەوەی ئەحمد عورابی کرابوو بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام وەزارەتەکەی میسر ئەم داوایەنی ڕەتکردەوە.

بێگانەکان کە بیستیان پاپۆڕە جەنگییەکانی بەرتیانیا هاتوونەتە ناو ئاوی ئەسکەندەریەوە لەشارەکە کۆبوونەوە، لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٢ی.ز بە هاندانی قونسوڵی بەریتانیا کەوتنە ئاژاوە نانەوە لە ئەسکەندرییە، سەرئەنجام بەیەکدادان لە نێوان بێگانەکان و هاوڵاتییە میسرییەکان ڕوویدا و چەند بیگانەیەک کوژران.

قونسوڵگە بیانییەکان ئەم رووداوەیان کردە بیانوویەک بۆ سەرزەنشتکردنی حکوومەتی میسر و داوای پاراستنی ژیانی بیانیەکانیان کرد، خدێوی تۆفیق ئەم بارەی بە هەل زانی و لە پایتەختەوە چوو بۆ ئەسکەندرەییە تا لە کەشتیگەلی بەریتانیا نزیک ببێتەوە.

دەوڵەتە ئەورووپییە گەورەکان بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخەکە لە میسر کۆنگرەیەکیان لە ئیستانبووڵ بەست، نوێنەری بەریتانیا بۆ چارەسەکردنی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش داوای دەست خستنە نێو کاروباری میسر و پێویستی بەکارهێنانی هێزی کرد.

لە تەمووزی ساڵی ١٨٨٢ی.ز هێزێکی گەورەی بەریتانیا پەلاماری ئەسکەندەرییەی داو دەستی بەسەر داگرت و دوواتر ئەم هێزە بەرەو قاهیرە بەڕێکەوت و لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا توانیان لە شەڕی (تەل ئەلکەبیر)دا هیزەکانی میسر تێکبشکێنن، لە ئەنجامدا ئەحمەد عورابی خۆیدا بەدەستەوە لەگەڵ هاورێکانیدا دران بە دادگا و سەرەتا فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام دوواتر فەرمانەکە گۆڕدرا بەدوورخستنەوەی یەکجاری لە میسر.

هەر چەندە بزووتنەوەی ڕزگاری میسر ماوەیەک تووشی شکست و بێهزی بوو بەهۆی تێکشاندنی شۆڕشەکەی عورابییەوە، بەڵام چالاکی نیشتمانی بە نهێنی بەردەوام بوو، (مستەفا کامل) لە دیارترین ڕێبەرانی ڕزگاری میسر بوو.

تا دەهات بزووتنەوەی نیشتمانی لە میسر زیاتر پەرەی دەسەند و لەساڵی ١٩٠٧ی.ز بەسەرۆکایەتی مستەفا کامل (حیزبی نیشتمانی-حیزب الوطن) دامەزرێندرا، لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم حیزبە داواکردنی دەرچوونی داگیرکەران لەو وڵات و بەرهەڵستی داگیرکەرانی بەریتانیا بوو.

دووای مردنی مستەفا کامل لە ساڵی ١٩٠٨ی.ز (محمەمەد فەرید) بوو بە سەرۆکی حیزبەکە.

کوودەتای عوسمانی ساڵی ١٩٠٨ی.ز دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی میسر، چونکە نیستمانپەروەرانی هاندا تەوژمێکی نوێ بە چالاکییەکانیان بدەن و چەندین خۆپیشاندانیان سازکرد، حیزبی نیشتمانی داوای کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا و دانانی دەستوورێکیان دەکرد بۆ میسر، بەڵام بەریتانیا بە توندی ڕووبەڕوویان بوویەوە، ئەمەش وای لە نیشتمانپەروەران کرد پەنا ببەنە بەر شێوازی تێکۆشانی نهێنی و سەرنجام کۆمەڵەیەکی نهێنیان بەناوی (کۆمەڵەی وەردانی) دامەزراند کە بە یەکەم کۆمەڵەی فیداکارانەی نهێنی دادەنرێت لە میسر بۆ بەرهەڵستی داگیرکاران و نۆکەرانی، بەریتانیا بەبیانووی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە لە ١٨ کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٤ی.زدا جاڕی پاراستنی میسریدا.

* شۆڕشی ساڵی ١٩١٩ی.ز لە میسر:-

دووای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان، وەفدێکی میسری بە سەرۆکایەتی (سەعد زەغلول) چوون بۆ لای (ریجناڵد وینگیت) مەندووبی سامی بەریتانی لە میسر بۆ داواکردنی سەربەخۆیی میسر و چەند داواکاریەکی تری وەک: هەڵگرتنی حوکمی عورفی، لابردنی چاودێری لەسەر چاپەمەنی و ڕۆژنامە.

بەڵام مەندووبی، سامی سەعد زەغلول و هاوڕێکانی بەنوێنەری گەلی میسر نەناسی، بۆیە وەفدەکە لە سەرانسەری میسر وەکالەتنامەیەکی مۆرکرد کە پشتگیری وەفدەکەی سەعد زەغلول دەکەن و ئەوانیان بە (وەکیل)ی خۆیان داناوە بۆ داواکردنی سەربەخۆیی میسر و سوودان، لەمەوە (جووڵانەوەی تەوکیلات) سەری هەڵدا.

بەریتانیا لە پەرەسەندنی جووڵانەوەکە نیگەران بوو، بۆیە سەعد زەغلول و هاوڕێکانی بەدەست بەسەری ناردە دوورگەی (ماڵتە)، لێرەوە شۆرش و ڕاپەڕین لە قوتابخانە و پەیمانگان دەستی پێکرد، پاشان کرێکارانی هێڵی ئاسن هاتنە پاڵیان، شۆڕش بە هەموو لایەکی میسردا بڵاو بووەوە، بەریتانیاش بۆ کپکردنەوەی هەموو ڕێگا و شێوازێکی گرتە بەر، بەڵام نەیتوانی شۆرشەکە بێ دەنگ بکات، بۆیە بە ناچاری سەعد زەغلول و هاوڕێکانی ئازاد کردن.

وەفدی میسر چوون بۆ پاریس بۆ ئەوەی مافەکانی میسر و سوودان بخەنە بەردەم کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس لە ساڵی ١٩١٩ی.ز دا، بەڵام بەبێ ئۆمێدی گەڕانەوە، چونکە کۆنگرە بڕیاری سەپاندنی پاراستن (حمایة)ی بەریتانی بەسەر میسردا پەسەند کردبوو بە پشتیوانی دەوڵەتە گەورەکان لەسەروو هەمووشیانەوە ئەمریکا.

لە ساڵی ١٩٢١ی.ز جارێکی تر سەعد زەغلول لە وڵات دوور خرایەوە بۆ دوورگەی (سیشیل) لە زەریای هیندی و دوواتر ڕەوانەی (جەبەل تاریق) کرا، بۆیە سەر لەنوێ شۆڕش دەستی پێکردەوە بەریتانیا ناچار بوو بانگەوازی ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٢٢ی.ز بڵاو بکاتەوە کە بە ڕووکەش دانی بە سەربەخۆیی میسر دانا کەچی لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەریتانیا هەر مایەوە.

تعليقات