دۆزینەوەی چەندها پارچە شوێنەوار لە ناو بازاڕی کەلار+ڤیدیۆ:

دۆزینەوەی چەندها پارچە شوێنەوار لە ناو بازاڕی کەلار: 


لەکاتی کارکردن لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی نێو بازاڕی کەلار، چەند پارچە شوێنەوارێک دەدۆزرێنەوە. بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان لە رێگەی تیمێکی شارەزاوە، کنەوپشکنین بۆ شوێنەوارەکە دەکات.

ساڵح محەممەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان رایگەیاند، “ئێمەش وەکوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان گومانمان هەبوو کە لەو شوێنە ناوچەی شوێنەواری هەبێت، چونکە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە تەنیشت ئەم شوێنە کارمان کردووە و پاشماوەی کاشیەکانمان دۆزیوەتەوە، بتوانین کارێک بکەین نە پرۆژەکە دوابکەوێت و نە شوێنەوارەکانمان لەدەس بچێت، سامپڵێک لەو شوێنە وەربگرین کاری کنەوپشکنینی تێدا ئەنجام بدەین بۆ دەستکەوتنی مێژوو و شارستانیەتی ئەم ناوچەیە”.

بەپێی ئاماری شوێنەواری گەرمیان، لە سنووری گەرمیان ٥٠٠ ناوچەی شوینەواری هەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا ٢٥٠یان تۆمارکراون، دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەش وایکردووە شوێنەوارناسان گومانیان هەبێت لە هەبوونی چەندین شوێنەواری دیکە لە ناوچەکە.

محەممەد عەلی، شوێنەوارناس ئاماژە بەوە دەکات، “گردی شوێنەواری لەبەرئەوەی گردێکی تەواوە، شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە لە کۆندا، ڕەنگە جگە لە خانوو، جگە لە رێڕەوی کۆمەڵێک خزمەتگوزاری کە ئەو ماوەیە لە مێژوودا هەبوون لەگەڵ گۆڕستان و گۆڕ و هەموو ئەو شتانەی تێدابێت، گومان دەکەین شارێکی تەواو بووبێت لێرە”.

شارەوانی کەلار کارکردنی لەو بەشەی پرۆژەکە، کە شوێنەوارەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، ڕاگرتووە؛ تاوەکوو ئەوکاتەی تیمەکانی شوێنەوار کارەکانیان تەواو دەکەن.

سەرچاوەکانی هەواڵ: ڕووداو و دەنگی ئەمریکا



تعليقات